چۆنیەتی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران ئاشكرا دەكرێت

ئابوری 28/05/2020


چاودێر: گفتوگۆكان لەسەر رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامن و وا بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا كۆبونەوەكان دەست پێ بكەنەوەو وەفدێكی هەرێم بچێتەوە بۆ بەغدا.

30 رۆژ وادەی گفتوگۆ 
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دووپاتی دەكاتەوە، بەغدا 30 رۆژی لەبەردەم حكومەتی هەرێمدا داناوە بۆ ئەوەی گفتوگۆو رێكەوتن لەسەر تەواوی كێشە داراییەكان بكرێن.
شێروان میرزا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تایبەت بە چاودێر" ووتی:   حكومەتی ناوەندی 30 رۆژی لەبەردەم هەرێم داناوە بۆ ئەوەی قس لەسەر كۆی كێشە داراییەكان بكرێن، لەبارەی رادەستكردنەوەی نەوت و قسەكردن لەسەر داهاتی ناوخۆو گومرگ و خاڵە سنوریەكان.

وتیشی: وابڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا وەفدێكی حكومەتی هەرێم بچێتەوە بەغداو گفتوگۆكان دەست پێ بكەنەوە.

400 ملیار دینارەكە 
ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەبارەی 400 ملیارەكەی بەغداوە كە وابڕیارە وەك موچەی مانگی 4 -2020 بینیرێت، ووتی: پێشتر ئەو پارەیە 463 ملیار دیناربوو، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بۆ 400 ملیار دینار كەمكراوەتەوە، ئەو پارەیە پێشتر لە پرۆژە یاسایی 2020 لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق قسەی لەبارەوە كرابوو كە بێ ئەوەی  هەرێم نەوت رەوانەی بەغدا بكات دەنێردرێت ،بەڵام لەبەر ئەوەی پڕۆژەكە  بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە  پڕۆژە یاساكە نەچووەتەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

باسی لەوەشكرد: ئەو 400 ملیار دینارە وەك نیازپاكیەكی بەغدایە بۆ رێكەوتن لەبارەی كێشە داراییەكانەوەو هەنگاوێكی باشەو دوای پشووەكانی جەژن رەوانەی هەرێم دەكرێت.

گەشبینی هەیە
شێروان میرزا جەخت لەوە دەكاتەوە، دوو سەردانەكەی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا، بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە،  لەرێكەوتن نزیكن و هەرێم ئامادەی هەیە نەوت رادەست بكات و گفتوگۆ لەبارەی مەرزەكان و داهاتی ناوخۆو گومرگیش بكات.

ئەوەشی ووت: رێكەوتنەكە تەنها لەسەر ژمارەی پارەكەیە تۆزێك كەمتر یان زیاتر، بۆیە رێكەوتن نزیكەو بودجەی هەرێم بەندە لەسەر چۆنیەتی  پەسەند كردنی پڕۆژە یاسایی بودجەی عیراق، كە بەهۆی دابەزینی نرخەوە پێدەچێت گۆڕانكاری لێ رووبدات، كە مانگانە بێت یان شەش مانگ یان ساڵانەبێت، بەو پێەش پشكی هەرێمی تێدا جێگیر دەكرێت.

كێشە گەورەی نێوان هەرێم و بەغدا
جەمال كۆچەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لیژنەی دارایی ووتی:  كێشەی گەورە لەنێوان هەرێم و بەغدا دوو هۆكارە، یەكێكیان دەبێت ئیرادە هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، هەروەها كێشەی دارایی و سیاسی لەیەك جیابكرێنەوە، كێشە سیاسیەكان ئاڕاستەی خۆیان هەیە و داراییەكانیش هی خۆی، كە تایبەتن بە ژیانی خەڵكەوە.
 

موچە كەم ناكرێتەوە 
شێروان میرزا  لەبارەی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی عیراق، جەختیكردەوە، ئەوە تەنها پێشنیارە، وە لەلایەن تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە رەتكراوەتەوە.
د.مزهەر محەممەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر بڕیار لە دەستكاریكردنی مووچەی فەرمانبەران بدرێت، ئەوا تەنیا دەرماڵەكان دەگرێتەوە و دەست بۆ مووچەی بنەڕەتی نابردرێت. هەروەها نابێت كەمترین مووچە لە نیو ملیۆن دینار كەمتربێت.
راوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عێراق  ئاماژەی بەوەكرد، ئەو پارەیەی لە دەستكاریكردنی مووچەی فەراهەم دەكرێت، یەكێك دەبێت لە سەرچاوەكانی بەردەوامیدان بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران  و خانەنشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی.