نوێترین زانیاری لەبارەی پاشەكەوت و مووچەی مانگی 2

ڕاپۆرت 28/05/2020

چاودێر : تایبەت
مانگی ئایار بەرەو كۆتایی دەچێت و هێشتا كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی رابردووی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم دیار نییە و پارلەمانتارێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، ئاشكرایكرد، هەركات بڕیار لەسەر بڕینی مووچە درا، ئەوا تەنها پلە باڵاكان دەگرێتەوە.  
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست چاودێر كەوتوون، دوای كۆتاییهاتنی دابەشكردنی مووچەی مانگی كانوونی دووەمی 2020، لەرۆژی 23ی ئەم مانگە، لەگەڵ ئەوەی لەكۆتاییەكانی مانگی ئایار نزیكدەبینەوە، بەڵام هێشتا كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵى مووچەخۆرانی هەرێم دیار نییە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لەئێستادا خشتەیەكی نوێی دابەشكردنی مووچە بەپێی یاسایی چاكسازی حكومەتی هەرێم دانراوە، بەڵام بەهۆی هەبوونی فشار و دەنگی ناڕازیی هاووڵاتیان و ئەندامانی بەشێك لەحزبە سیاسیەكانی هەرێم، راگەیاندنی خشتەكە دواخراوە و بەئەگەرێكی زۆرەوە پێدانی مووچەی مانگی شوبات، كە دەبێت لەمانگی حوزەیراندا بێت، بەپێی ئەو خشتەیە دەبێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان، هێشتا بەغدا بەشە مووچە و شایستە داراییەكانی مانگەكانی (نیسان و ئایار)ی ئەمساڵی بۆ هەرێم نەناردووە و چاوەڕێدەكرێت هەفتەی داهاتوو، جارێكی تر شاندێكی هەرێم، بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك سەردانی شاری بەغداد بكەنەوە.
هاوكات، ئەحمەد جبوری، ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی  نوێنەرانی عێراق، روونیكردەوە،" قەیرانی دارایی وڵات واقیعە و شاراوە نییە و هەموو گەل بەرپرسیارێتییەكەی‌ هەڵدەگرن و دەبێت هەموومان یەك هەڵوێست بین لەپێناو دەربازبوون لێی‌".  
وتیشی‌ "لیژنەی دارایی لەسەر كەمكردنەوەی موچەی پلە باڵاكان لە بەڕێوەبەری گشتی بەرەو سەرەوە ڕێككەوتووە، فەرمانبەرە پلە ئاساییەكان دڵنیا دەكەینەوە كە پارێزەری مافەكانیان دەبین و رێگەنادەین دەست بۆ مووچەكانیان ببرێت".
ئاماژەی بەوەشكرد: مووچەی مانگەكانی نیسان و ئایار دابەشكرا و لە ئێستادا ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی‌ مووچەی مانگی حوزەیران دەكرێت، دەوڵەت دەتوانێت لەرێگەی داهاتەكانی باج، گومرك و قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی پارەی‌ ئەو مووچەیە دابین بكات، مووچەی مانگی شەش بەبێ هیچ بڕینێك دابەشدەكرێت و ئەو دەنگۆیانەی باس لەپاشەكەوتی زۆرە ملێ دەكەن دوورن لەراستیەوە.