خوێندنەوەی فیلم: ماڵی هاوڕێكەم لە كوێیە؟
نووسینی: ریم ساڵح
وەرگێڕان: د.كۆیار شێركۆ
ئەم فیلمە سەرەتای ئاشنابوونی من بوو بە سینەمای ئێرانیو كردمییە هەواداری فیلمەكانی عەباسی كیاڕۆستەمی. هاوكات چاویشمی بە ڕووی شێوازێكی نوێ فیلم دروستكردندا كردەوە، كە گێڕانەوەی چیرۆكی سادەیە لە فۆرمێكی بینراوداو بە وردەكارییەكی بێوێنەوە.
سەرەتا دڵنیانەبووم لەسەر كام فیلمی كیاڕۆستەمی بنووسم. دواتر بڕیارمدا كە نووسین دەربارەی (ماڵی هاوڕێكەم لە كوێیە) سەرەتایەكی باش دەبێت، چونكە ئەم فیلمە بووە هۆی ناساندنی كیاڕۆستەمی بە تەختی سینەمای نێودەوڵەتیو وەك فیلم دروستكەرێكی باش ناوی دەركرد.
چیرۆكی فیلمەكە لە لادێیەكی ئێران وێنەگیراوە بە ناوی كۆكەر. منداڵێكی هەشت سال بە ناوی ئەحمەد، بە هەڵە دەفتەری محەمەد ڕەزای هاوپۆلی دەباتەوە ماڵی خۆیان. كاتێك لە ماڵەوە پێی دەزانێت، دەیەوێت بۆی بگەڕێنێتەوە، چونكە گەر وانەكات، ڕۆژی دواتر مامۆستا محەمەد ڕەزا سزا دەدات. بۆیە بڕیار دەدات دەست بكات بە گەڕان بە دوای ماڵییانداو دەفتەرەكەی بۆ بگەڕێنێتەوە.
پاش ئەوەی ئەحمەد دەگاتەوە ماڵەوە، دەیەوێت ئەركی ماڵەوەی ئەنجام بدات. بەڵام بە هۆی چەند كارێكی جیاوازەوە، ناتوانێت ئەركەكانی جێبەجێ بكاتو بەردەوام شتێك هەیە بیپچڕێنێت (یارمەتیدانی دایكی، نەنكی، ژیركردنی برا بچووكەكەی). دواتر پێی دەزانێت كە دەفتەری هاوپۆلەكەی بە هەڵە هێناوەتەوە. ئەحمەد لەو ساتەوە هەوڵەكانی دەست پێدەكات بۆ ڕازیكردنی دایكی تا دەفتەرەكەی محەمەد ڕەزا بباتەوەو دەیەوێت تێیبگەیەنێت سزاكەی چەند قورس دەبێت گەر محەمەد رەزا دەفتەرەكەی پێنەگاتەوە. بەڵام دایكی گوێ بە قسەكانی ئەحمەد ناداتو ڕازی نابێت. هەرچۆنێك بێت ئەحمەد دەست دەكات بە گەڕان، تاكه زانیاریش كە دەیزانێت، ناوی دێكەی دراوسێیانو ڕەزای هاوپۆلییەتیو هیچی تر.
پاڵەوانێتییەكەی ئەحمەد بەوە دەست پێدەكات كە بە ناوی نان كڕینەوە دەچێتە دەرەوەو لە پێناو گەیاندنەوەی دەفتەرەكەی ڕەزادا، گوێ بەو سزایە نادات كە ئێوارە لە كاتی گەڕانەوەیدا بە ماڵەوە لەلایەن باوكییەوە چاوەڕێی دەكات. پاش دەرچوونی لە ماڵ، بینەر لەگەڵ ئەحمەددا دەرگا بە دەرگا دەگەڕێتو پرسیار دەكات بۆ دۆزینەوەی ماڵی محەمەد ڕەزا. لەگەڵ كردنەوەی هەر دەرگایەكیشدا، شەوقێكی چیرۆكەكه لە چاومان دەداتو لە گوزەرانی ڕۆژانەی خەڵكی دێكه دەگەین. هەر لە ڕێگا، منداڵی تریش دەبینین، كه خەریكی كاری ماڵنو بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە، بەرمیلییان هەڵگرتووە كە لە كێشی خۆیان قورستره.
فیلمەكە بە خاوی تێدەپەڕێت، دیمەنەكان كەم كەم دەپچڕێنو بینەر كاتی تەواوی لە بەردەستدایە تا لە دوورەوە تەماشای یەك دیمەنی درێژ بكاتو لە كلتوری ناوچە هەژار نشینەكانی ئێرانو ژیانی ڕۆژانەی منداڵو خێزانەكانی ئەو ناوچەیە بگات. هاوكات كیارۆستەمی بەوە ناسراوە كە كار لەگەڵ ئەكتەری ناپرۆفیشناڵدا دەكاتو توانایەكی ناوازەیان لە كاتی نواندا لێ دەردەهێنێت. ئەمەش مانای ئەوەیە، كە حەقیقەت ئەخاتە خزمەتی خەیاڵەوە، نەك بە پێچەوانەوە.
سەرەڕای ئەوەش، من سەرم لەم توانای نواندنی ئەم منداڵانە سوڕماوە. پاكێتیو چاوە بەهێزەكانیان كردونییەتە كاراكتەری ناوازە، هێواش هێواش گەشە دەكەنو زۆر زوو بەرپرسیارییەتی دەخەنە سەر شانی خۆیان. ئەمە یەكەمجار نییە كیارۆستەمی كار لەگەڵ منداڵدا دەكاتو فیلم دەربارەی منداڵ دروستدەكات، ئەو بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە لە دیدگای ئەوانەوە ئەو جیهانە بێبەزەییە نیشان بدات كە تێیدا دەژین. ئەمەش شێوازی كاركردنی كیارۆستەمییە، كە لە ڕێی وردەكاری بچووكەوە، فێرمان دەكات چۆن لە چاوی منداڵەوە دنیا ببینین.
سەرەڕای گێڕانەوە دۆكیومینتاری ئاساكانی كیارۆستەمی، ڕێگاو بانو سروشتی ئەو ناوچانە هاوكارییەكی گەورەیان كردووە لە كارەكانیدا. ئەو ڕێگا بەرزو نزمو زیگزاگییانە كە بوونەتە هێمای فیلمەكانی كیارۆستەمی، شیعری جوڵاونو ئێمە لە بری خوێندنەوە، تەماشایان دەكەین.