چیرۆکی دیارنەمانی ٧٥٠ تۆن گەنم لە نەجەف

عێراق 23/05/2020

چاودێر

 

دیارنەمانی ٧٥٠ تۆن گەنم لە سایلۆکانی نەجەف دەستەی نەزاهەی هێناوەتە جووڵە، بەتایبەت کاتێک بەرپرسانی نەجەف ئاشکرایان کردووە ئەو ڕێژە گەنمە لە لایەن چۆلەکەکانەوە خوراوە و دیار نەماوە.

 

لە ڕاگەیەندراوێكدا دەستەی نەزاهەی عيراق ڕایگەیاند، لێكۆڵینەوەكە چوار بەرپرس دەگرێتەوە كە لە سایلۆكەی نەجەف بۆ هەڵگرتنی دانەوێڵە كاریان كردووە، ئاماژەی بەوەش كردووە، بڕی گەنمی دیارنەماو گەیشتووەتە 750 تۆن كە بڕەكەی بە پارە دەكاتە 400 ملیۆن دیناری عیراقی. 

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دیارنەمانی گەنمەكە و وەڵامی بەرپرسان بەوەی گەنمەكە كۆتر و باڵندە خواردوویەتی، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، هەڵمەتێكی گاڵتەكردنی بەرفراوانیان لەسەر ڕووداوەكە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەست پێ كرد، وێنەی كۆتر و باڵندەیان بڵاو كردوه‌تەوە و كۆمێنتی تەنزئامێزیان لەسەر نووسی‌.