مەحمود عەباس : ڕێكەوتنەكانمان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا كۆتایی هاتوە

جیهان 20/05/2020


سەرۆکی خۆبەڕێوبەریی فەلستین، لە کاردانەوەی بەرامبەر لکاندنی بەشێک لە کەنارەی ڕووباری ئەردەن بە ئیسرائیلەوە، ڕایگەیاند: چیتر پابەند نابین بە ڕێککەوتنەکانمان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
مەحمود عەباس سەرۆکی خۆبەڕێوبەریی فەلستین، لە وتارێکی خۆیدا کە لە شاری ڕامەڵا پێشکەشیکرد، دژی پرۆژەکەی ئیسرائیل بۆ دابڕاندنی بەشێک لە کەنارەی ڕووباری ئەردەن و لکاندنی بە ئیسرائیلەوە وەستایەوە.
عەباس ڕایگەیاند: لکاندنی بەشێک لە کەنارەی ڕووباری ئەردەن بە ئیسرائیلەوە و پرۆژەی ئەمریکایی "مامەڵەی سەدە"، بە واتای کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی ئۆسلۆ، لەوانە ڕێککەوتنی ئەمنیی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت.
عەباس هەروەها ڕایگەیاند: ئیسرائیل ئێستا وەک هێزێکی داگیرکەر بەرپرسە لەو شتانەی لە کەنارەی ڕووباری ئەردەن ڕوودەدەن، ئیسرائیل ئەمریکاشی کردووە بە هاوبەشی داگیرکارییەکانی خۆی، ئەمریکا لەم بارەوە بەرپرسیارە، داواشی لە وڵاتانی جیهان کرد کە داخوازیی فەڵەستینییەکان بۆ ناسینیان بە شێوەی فەرمی وەک وڵاتێک، قبوڵ بکەن.