عێراق بەنیازە كارەبا لەتوركیا بكڕێت

جیهان 20/05/2020


وەزیری کارەبای عێراق، ماجید مەهدی و باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، فاتیح یڵدز تاوتوێی هێڵی کارەبای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەمڕۆ ماجید مەهدی لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، فاتیح یڵدز و لە میانی کۆبوونەوەیەکدا تاتوێی هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات لە بواری وزەی کارەبادا کراوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، وەزیری کارەبای عێراق جەختی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات وەک ئەوەی لە پلانی وەزارەتدا هاتووە لە داهاتوودا کراوەتەوە کە پەیوەستە بە کردنەوەی چەند پڕۆژەیەک لەسەروویانەوە هێڵی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات لە بواری سیستەمی وزەی کارەبادا.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا باسی لە گرنگی پرۆژەی هێڵی هاوبەش کراوە کە سوودی گەورە بە هەردوو وڵات دەگەیەنێت.
فاتیح یڵدز ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو پرۆژەیە بازاڕێکی بازرگانی دروست دەکات و دەبێتە هۆی جوڵەی بازرگانی وزە لەنێوان وڵاتانی دراوسێ بەشێوەی گشتیی، وێرای بنیاتنانی تۆڕی کارەبای بەردەوام کە دەبێتە هۆی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە سیستەمی وزەدا.
هەردوولا رێککەوتوون لەسەر گرنگی سەردانی هاوبەشی بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی شارەزایی بەجۆرێک کە سوود بە هەردوو وڵات بگەیەنێت.