عێراق دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دەکاتەوە

عێراق 17/05/2020

چاودێر

 

وا بڕیارە حکومەتی عێراقی دوای جەژنی ڕەمەزان دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێراندا بکاتەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

 

حەمید حوسێنی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ژووری بازرگانیی ئێران و عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژانە دوو هەزار بارهەڵگر ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام بە هۆی داخرانی سنوورەکانی عێراق، هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستی هەناردەکردنی ساڵی ڕابردووی ئێران بۆ عێراق.


حەمید حوسێنی دەڵێت، ساڵی ڕابردوو بە شێوەی مامناوەندی مانگانە بایی 750 ملیۆن دۆلار کەلوپەلیان هەناردەی عێراق کردووە، بەڵام ئەمساڵ مانگانە نەگەیشتووەتە 300 ملیۆن دۆلار.


ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆکایەتیی ژووری بازرگانیی ئێران و عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق پێی ڕاگەیاندبوون کە ڕۆژی شەممە 16-5-2020 دەروازەی مێهران دەکاتەوە، بەڵام بەڵێنەکەی نەبردەسەر و ڕایانگەیاندووە کە دوای جەژنی ڕەمەزان سنوورەکانیان لەگەڵ ئێران دەکەنەوە.