تەندروستی

چ كاتێك تیشكی خۆر زیانبەخشە بۆ چاو؟

پێش 2 هەفتە


چاودێر: تابان رەزا

 

چاو یەكێكە لە ئەندامە گرنگ و هەستیارەكانی مرۆڤ،  كە هەمیشە پێویستی بەوەیە پارێزگاری لێبكرێت بەتایبەتی لەتیشكی خۆر، چونكە ئەگەری هەیە زیان بە چاو بگەیەنێت، لەو بارەیەوە د. ماكۆك محەمەد، پزیشكی نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو باس لەو كات و شوێنانە دەكات كە  ئەگەری هەیە تیشكی خۆر زیان بە چاوەكە بگەیەنێت. لەوانەش:

1. لەو كەسانەدا پێستیان ناسك و تەنكە و ڕەنگی چاویان كاڵ و شینە.
2. لە شوێنی فراواندا وەكو بیابان و دەریاكان، چونكە تیشكدانەوە زۆرترە لەو شوێنانەدا.
3. هەندێك وڵات و ناوچە كاریگەری تیشكی سەروو وەنەوشەیی تێیدا زۆرترە وەكو ناوچەكانی نزیكی هێڵی كەمەرەیی زەوی.
4. هەتا شوێنەكە بەرزتر بێت كاریگەری تیشكی خۆر زۆرتر دەبێت.
5. هەتا كاتی مانەوە لە دەرەوە زۆرتر بێت كاریگەری تیشكی سەروو وەنەوشەیی زۆرتر دەبێت.
د. ماكۆك ، دەشڵێت" تیشكی سەروو وەنەوشەیی زیان بە چاو دەگەیەنێت ئەگەر ڕاستەوخۆ بەر چاو بكەوێت، بەڵام ناڕاستەوخۆش هەر زیانی زۆرە كاتێك وەكو تیشكدانەوە لە ڕووكاری شتەكانی دەوروبەرمانەوە دەشكێنەوە بۆ چاوەكانما".

وتیشی، ڕوكاری ئاو و دەریاكان نزیكەی ۲٥٪ی تیشكی سەروو وەنەوشەیی دەگەیەنن بە چاو.

ئەوەش رووندەكاتەوە، تیشكی سەروو وەنەوشەیی لە نیوەڕۆدا دەگاتە بەرزترین ئاستی، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەو كاتەدا خۆر لە ناوەڕاستی ئاسماندایە و تیشكەكەی بە ستوونی دێتە خوارەوە، برۆ وەكو بەربەستێك لەسەروو چاوەوە بەشی هەرە زۆری گل دەداتەوە ناهێڵێت بگاتە چاو، لە كاتی خورهەڵاتن و زەردەی خۆرئاوابووندا برۆكان ناتوانن ببنە پارێزەر و تیشكی خۆر زیانی زۆرتر بە چاوەكان دەگەیەنێت.
رێنمایی
 ئەو پزیشكە  دەڵێَت"،  لەبەرئەوەی ڕوكاری گژوگیا و خاك و خۆڵ نزیكەی ۱۰٪  و  ڕوكاری لمی بیابان نزیكەی ۱٥٪ ، ڕوكاری بەفر نزیكەی ۸۰٪ی تیشكی سەروو وەنەوشەیی دەگەیەنن بە چاو، وا باشترە لە كاتی گەشت و گەڕان بەناو بەفر و بیاباندا چاویلكەی هەتاوی بەكار بهێنرێت.