نەخۆشی پاقلە چی یە؟ كێن ئەوانەی توشی ئەم نەخۆشیە دەبن؟

تەندروستی 13/05/2020

چاودێر: تابان رەزا
نەخۆشی پاقلە لە ئەنجامی نەبونی ئەنزیمێك دروست دەبێت كە خرۆكە سورەكان دەپارێزێت لە شیبوونەوە، نەخۆشیەكی بۆماوەییەوە و لە رەگەزی نێر زیاترە وەك لە مێینە، ئەم نەخۆشیە چاك بوونی نیە لەگەڵ تەمەن، بەڵام لەگەڵ گەورەبووندا نیشانەكانی كەمتر دەرئەكەون.

نەخۆشی پاقلە چیە؟
د. پشدەر عبدوڵا،پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان، ئاماژەبەوە دەكات، نەخۆشی پاقلە بریتیە لە نەبوونی ئەنزیمێك لە خڕۆكە سوورەكانی خوێندا كە دەیان پارێزێت لە شیبوونەوە لە كاتی خواردنی هەندێ جۆر خواردن و دەرمان ، یان لە كاتی هەوكردن بە ڤایرۆس یان بەكتریا.
ووتیشی، ئەو جۆرە نەخۆشیە لە باوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەكانی لە ڕێگەی كڕۆمۆسۆمی (X) ەوە ، كەواتە منداڵی كوڕ زۆرتر تووشی ئەو نەخۆشیە دەبێت بەوەی تەنها یەك كڕۆمۆسۆمی X ی هەیە ، بەڵام بۆ تووشبونی كچ پێویستە هەردوو كڕۆمۆسۆمەكە هەڵگری نەخۆشیەكە بن یان یەكێك لە كڕۆمۆسۆمەكان چالاك نەبێت.
نیشانەكان
 ئەو پزیشكە لە بارەی نیشانەكانی نەخۆشیكەوە  دەڵێت"كەمتر نیشانەكانی ئەم نەخۆشیە دەرئەكەون لە حاڵەتی هەبوونی نەخۆشیەكەشدا ، بەڵام ئەگەر نیشانەكانی دەركەوتن بە یەكێك لەم ڕێگایانە دەبێت"
۱-لە تازە لە دایكبوودا بەشێوەی زەردویی و كەم خوێنی.
۲-لە گەورەدا زەردویی دەگرێت وە خوێنی كەمدەكات بەشێوەیەكی كوتوپڕ , وە ڕەنگی كاڵ دەبێت و ڕەنگی میزەكەی تۆخ وەك چای لێدێت لە دوای خواردنی یەكێك لەو خواردن یان دەرمانانەی لە خوارەوە باسی دەكەین ، یان هەوكردنی هەبێت.

د. پشدەر رونیدەكاتەوە، زۆرو كەم دەركەوتنی نیشانەكان دەگۆڕێت بە گوێرەی جۆری خواردن و دەرمانەكە ، بڕی خواردنەكە یان بڕی دەرمانەكە، یان بڕی نەبوونی ئەنزیمەكە لە منداڵەكەد،لە كاتی خواردنی ئەم خواردن و دەرمانانەدا شیبوونەوەی خڕۆكە سورەكان دروست دەبێت وەك:
۱-هەندێ جۆر دەرمان وەكو هەندێ دژە بەكتریا، دەرمانی چارەسەری مەلاریا ، ئەسپرین ، پاراسیتامۆڵ.
۲-هەندێ ماددەی كیمیایی وەك بەنزین و نافسالین .
۳- هەوكردنی بەكتریا یان ڤایرۆس.
٤-تەنها ئەو كەسانەی ئەو جۆرە نەخۆشیەیان هەیە بە خواردنی پاقلە تووشی كەم خوێنی دەبن ,ئەگەری هەیە بە بۆنی باقلەش توش بن.
 ئەوەشی ووت، هەندێ خواردن و خواردنەوەو دەرمانی تر هەن ئەگەری هەیە خوێن شی بكاتەوە، بەڵام وەك باقلە هۆكاری سەرەكی نییە وەكو: نیسك , فاسوڵیا , نۆك , گەنمەشامی , كاتشاپ, خواردنی موعەلەب , شەربەتی گیراوە , ئاوی بیر, خەنە, ئیندۆمی, ماجی , مەعجونی ددان, دۆشاوی تەماتە, چا , وەهەندێ شتی تر.

  ئایا كەسی توشبو چاك دەبێتەوە

ئەو پزیشكە لەبارەی چارەسەری نەخۆشیەكەوە دەڵێت" ئەو نەخۆشیە چاك بوونی نیە لەگەڵ تەمەن، بەڵام لەگەڵ گەورەبووندا نیشانەكانی كەمتر دەرئەكەون ، ئەوەش لەوانەیە بەهۆی گەورەبوونی قەبارەی خوێنەوە بێت لەگەڵ گەورەبوونی تەمەندا.

 

 رێنماییەكان 

*پێویستە ئەو دایك و باوكانەی كە منداڵەكەیان نەخۆشی پاقلەی هەیە زۆر ئاگاداری منداڵەكەیان بن لە خواردنی ئەو شتانە ، وە لەكاتی سەردانی نەخۆشخانە بە پزیشكەكە بڵێن كە ئەو نەخۆشیەی هەیە، بەردەوام ئاگاداری ڕەنگی پێستی ،لەگەڵ ڕەنگی میزی نەخۆشەكە بن .
*هەركاتێ هەستت كرد منداڵەكەت رەنگی زەردە یان میزەكەی رەنگی وەك چای لێهاتووە یان بێهێزە دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانە  بكەن بۆ پشكنین، چونكە گەر خوێنی منداڵەكە زۆر كەمی كردووبوو دەبێت بە زووترین كات خوێن وەربگرێ.
*گەر باوك و دایك ئەو نەخۆشیەیان هەبوو یان كەسی نزیكیان هەیبوو دەتوانن پشكنینی خوێن بۆ منداڵەكانیان بكەن بۆ ئەوەی پێشوەخت بزانن ئەو نەخۆشییەیان هەیە یان نا بۆ ئەوەی منداڵەكانیان بپارێزن لەو خواردن و دەرمانانە.