ئابوری

"شەش ملیار یۆرۆی مووچەی ساڵێكی فەرمانبەرانی هەرێم براوەتە دەرەوە"

پێش 3 هەفتە

چاودێر
پارلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپارلەمانی كوردستان، ئاشكرایكرد، كۆمپانیایەك لەهەولێر نزیكەی شەش ملیار یۆرۆی ناردۆتە دەرەوەی هەرێم.
كاروان گەزنەیی، ئەندامی پارلەمانی كوردستان، لەفراكسیۆنی یەكێتی، ئاشكرایكردووە، كۆمپانیایەك لەهەولێر بەناوی (ئابوور گروپ) نزیكەی شەش ملیار یۆرۆ، دەنێرێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچەی كەناری وارف لەلەندەن بۆ بانكیHSBC كە یەكێكە لە گەورەترین بانكەكانی جیهان! ئەم پارەیە لەهەرێمی كوردستانەوە ڕۆشتووە و تا ئێستاش سەرقاڵی بەدواداچوونین و زیاتر لە(٣٠) بەڵگەمان لایە بە ناوی سیانی ئەو كەسەی پارەكەی ناردووە، و بانكەكە و ژمارەی حسابی و ئەو بانكەشی كە لەلەندەن پارەكەی وەرگرتووە و تەواوی بەڵگە زانیارییەكان لە دوای تەواوبوونی بەدواداچوونەكەمان بڵاودەكەینەوە.
باسیلەوەشكردووە، دەبێت حكومەتی هەرێم بەزووترین كات ئەم پارەیە بگێڕێتەوە، چونكە ئەم پارەیە بودجەی زیاتر لەساڵێكی حكومەتی هەرێم و مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ماوەی یەك ساڵ.
دەشڵێت "زانیاری زیاتر و وردتر بڵاودەكەینەوە و سەرجەم بەڵگەكانیش ڕادەستی داواكاری گشتی دەكەین لەدوای تەواوبوونی بەدواداچونەكەمان. ئەمە گەورەترین كارەساتە لە ڕووی ئابوورییەوە لە هەرێمی كوردستان ڕوویدابێت".