حكومەتی ناوەند راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشدەكات ؟‫

ئابوری 13/05/2020

چاودێر
پرسی ناردنی راستەوخۆی دابەشكردنی مووچە لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە، بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، كاردانەوەی لێكەوتۆتەوە و پارلەمانتارێكی كورد لەبەغدا، دەڵێت"هەتا وەزارەتی دارایی عێراق، لیستێكی پاك و دەقیقی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لەبەردەستا نەبێت، ناتوانێت راستەوخۆ بینێرێت".
هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبووك، بڵاویكردۆتەوە، دەربارەی ئەوەی بەغداد راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بكات، پێمان دەڵێن بۆ شتێك ناكەن بەغداد راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، گرنگە بزانرێت هەتا وەزارەتی دارایی عێراق، لیستێكی پاك و دەقیقی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لەبەردەستا نەبێت، ناتوانێت راستەوخۆ بینێرێت ،لە۲٠۱٦ەوە ئەو پێشنیارەمان بە فەرمی كردووە، نەبوونی ئەو لیستە گەورەترین بەربەستە.‬
ناوبراو، ئاماژەی بەوەشكردووە، ئایا بەجدی حكومەتی هەرێم هێندە بێ توانایە نەتوانێت لیستێكی مووچەی رێكوپێكی هەبێت؟ یان بۆچی فەرمانبەر و خانەنشینی جیانەكردۆتەوە و تێكەڵاون، گەیشتومە ئەو قەناعەتەی دەسەڵات لەهەرێمدا بە ئەنقەست وایكردووە، تا چارەسەری مووچە سەخت و ئاڵۆز بێت و بەردەوامیش وەك كارتی سیاسی دژی خەڵك بەكاری بهێنێت.
جەخت لەوەشدەكاتەوە:  ‫ساڵی ۲٠۱٦ پێشنیارم كرد با حكومەتی هەرێم بارە گرانەكەی كێشەی مووچە لەكۆڵ خۆی بكاتەوە و هەمووی وەك گومرگ و پاسەوانی سنوور بخاتە سەر بەغداد، وەك تاوانم كردبێت دەیان تۆمەت و قسەی نەشیاویان دایە پاڵم.‬ پێیان وایە هەمو حوكمڕانی و حكومەتەكەیان بەندە بەوەی خۆیان موچە دابەشبكەن و پێشیان ناكرێت، جا با ڕوون بێت ئەوە دەسەڵاتدارانی ئێرەن ناهێڵن چارەی ریشەیی مووچە بكرێت، چونكە پێیان وایە مووچە بەدەستی ئەوان نەبێت، خەڵك حسابیان بۆ ناكات، بۆیە هەر پێشنیارێكیان بۆ دەكەی لەبری گوێگرتن تۆمەتت دەدەنە پاڵ گوایە دەمانەوێ هەرێم لاواز بكەین.‬