بەهێز حسێن.. بەم نوسینانە بەهێز نابی!

ڕاپۆرت 09/05/2020


نوسینی: ژوان ئەحمەد

بەهێز حسێن، بێژەرێكی سەركەوتووە. ناوبەناو، دەستیش دەداتە قەڵەم. بەتایبەتی لە سۆسیال-میدیادا.
نوسینێكی لەسەر بابەتێكی كاك مەلا بەختیار نوسییوە لەژێر ناوی(سەرنجێك لەسەر رونكردنەوەكەی كاك مەلا بەختیار). واز لەوە ئەهێنین، ئەم برایە، بە چ ئاڕاستەیەك خۆی لەم بابەتانە ئەدا. ئەمەیان لای هەموو كەسێك، تایبەت لای دۆستانی (T.V گەلی كوردستان) ئاشكرایە. بەڵام تەنها ئەوەندە وەڵامی كاكە بەهێز ئەدەینەوە، كە مەرجی یەكەمی وەڵامی هەر بابەتێك، بەوردیی خوێندنەوەی بابەتەكەیە. كاكە بەهێز، جارێ‌ رونكردنەوەكەی كاك مەلا بەختیاری بەوردیی سەرنج نەداوەتێ‌، ئیتر چۆن ئەتوانێ‌ (سەرنجێك لەسەر رونكردەوەكە) بنوسێ‌؟! تەواوی سەرنجەكانی كاكە بەهێز لەسەر دوو گریمانە داڕشتووە، یەكەمیان: گوایە، مەلا بەختیار داوای لە مەسرور بارزانی كردبێ‌ لە سۆران خۆشبێت. دووەمیشیان: با بوار بدرێ‌ سەركردایەتی نوێی یەكێتی، هەرێمەكەو یەكێتی لە هەژمونی پارتی رزگار بكات.
یەكەم: داوای وا لە رونكردنەوەكەی كاك مەلا بەختیار، لە هەردوو نوسینەكەیدا، نەكراوە. بەڵكو گوتویەتی: كەیسەكە بدرێتە دادگاو با دادگا بڕیار بدات.. نەك پارێزبەندی لێبسەندرێتەوە. ئاخر كە باسی (لێخۆشبون) لە رونكردنەوەكەدا نەهاتبێ‌، ئیتر تەواوی نوسینەكەی بەهێز، نەك بەهێز نابێ‌، بەڵكو بێبناغەیە!
دووەم: بۆچی باسی مێژووی (40) ساڵەی كاك مەلا بەختیارو پارتی ئەكات؟ ئەی بۆچی باسی مێژووی ساڵی (1949)ی جەنابی مام جەلال، هەتا كۆچی دوایی ناكات، لەگەڵ پارتی‌و بنەماڵەی بارزانیدا؟
خۆ ئەو (40) ساڵەی بەهێز، یەك تەقەی تیا نەكردوەو یەك هەڵوێستیشی دژی پارتی نەبووە (چونكە پێشتر لە ئیزگەو T.Vی حیزبی شیوعی بوو) هیچ نەبێ‌ ئەو (40) ساڵە، پڕن لە دەرس‌و پەندی زۆر بەسود، ناكرێ‌ سودیان لێوەرنەگیرێ‌‌و سوار شەپۆلی خۆپەرستی‌و هەلپەرستی بین.. وا بزانرێ‌ شەقامەكە تەخت بووە، شەقامەكە تەنها لە فەیسبوك تەخت بووە، ئەگینا لە هاوكێشە سیاسیەكانا، لە عێراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەشا، كێشە سیاسیەكان‌و ئەركە حیزبیەكان ئاڵۆزتر بون. زۆریش ناخایەنێ‌ هەموو لایەك باجی ئەو هەڵانە ئەدەن كە لە حوكمڕانیدا ئەنجامیان داوە.
كاكە بەهێز حسێن ئەیەوێ‌ چی بە خوێنەر بڵێ‌؟ ئەیەوێ‌ بڵێ‌ كێشەكان چارەسەریان بۆ نەدۆزرێتەوە باشە؟ ئەیەوێ‌ بڵێ‌ چش با شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێتەوە؟ ئەیەوێ‌ بڵێ‌ قیروسیا با بەرەو دوو ئیدارەیی بڕۆین؟ ئەیەوێ‌ بڵێ‌ كێشەی یەكێتی‌و پارتی چارەسەریان نییە؟ ئەیەوێ‌ بڵێ‌ یەكێتی ئەتوانێ‌ لەمەودوا هاوكێشەكان بەدڵی خۆی بگۆڕێ‌؟ ئەیەوێ‌ بڵێ‌.. دوای كۆنگرەی یەكێتی ئیتر هەژمونی پارتی لە هەرێم‌و بەرامبەر یەكێتی نامێنێ‌؟
خۆزگە وا بوایە.. كاكە بەهێز. دڵنیابە ئەگەر وا بوایە جەنابی مام جەلال ساڵی (1998) بە سێ‌ سەیارە نەئەچووە لای كاك مەسعودو بناغەی رێكەوتنی ستراتیژی لەگەڵیا دانەئەڕشت. هەتا کۆچی دوایی کرد، مام جەلال هەر پەیوەندی یەكێتی‌و پارتی نەئەپاراست..
بەهێز!
ئەوە مەلا بەختیار نەبوو رێكەوتنی ستراتیژی نوسی.
ئەوە مەلا بەختیار نەبوو شار بە شار ئەگەڕا دەنگی بۆ كاك مەسعود كۆئەكردەوە ببێتەوە بە سەرۆكی هەرێم.
ئەوە مەلا بەختیار نەبوو لە رۆژنامەی (الشرق االاوسط)دا وتی: پەشیمانم لە جیابونەوەی (1964-1970).
بەهێز گیان!
مێژووی (40) ساڵە باشتر بخوێنەرەوەو تێبگە ئەو سەركردانە بون لەو ساڵانەدا لەبەرامبەر پارتیدا یەكێتییان پاراست.
كاكە بەهێز.. دڵنیابە بەوردیی نەخوێندنەوەی مێژوو هزرت لاواز‌و خۆپەرستیت بەهێز ئەكات. تكایە سواری شەپۆلە هەڵچوەكان مەبە.. چونكە مێژوو ئەم شەپۆلانە.. لە تاشە بەردی راستیەكان، هەپرون هەپرون ئەكات. زۆریش ناخایەنێ‌ ئەم راستیە دەرئەكەوێ‌!!
كاكە بەهێز!
یەكێتی‌و پارتی ناتوانن موچەی خەڵك دابین بكەن بە چ مافێك، دەردو بەڵای تەقینەوەی ناكۆكیەكانیش توشی خەڵكەكە بكرێ‌؟
یەكێتی ئەوپەڕی مافی خۆی بووەو ئێستاش مافی خۆیەتی بەئەندازەی سەنگی خۆی، مافە خوراوەكان وەربگرێتەوە. بەڵام ئایا ئەم مافە بە تێكدانی دۆخەكە خراپتر دەبێ‌، یان دێتە دی؟ دڵنیابن مێژوو پێمان ئەڵێ‌.. دۆخەكە تێكبچێ‌ لەقازاجی پارتییە نەك یەكێتی‌و لایەنەكانی تر. لەدوای هەموو تێكچونێكی دۆخەكاندا.. تەنانەت لەدوای 31/ی ئابیش.. یەكێتی‌و پارتی‌و لایەنەكان لاوازتر بون‌و بە لاوازتریش لەگەڵ پارتی رێك كەوتون.