کتێبێکی شاڵاو حەبیبە دەکرێت بە کورمانجی
ڕەخنەی چاودێر
کتێبێکی شاڵاو حەبیبە شاعیری کورد لە لایەن عوسمان مەهمەدەوە دەکرێت بە
کورمانجی و لە ماوەی داهاتوودا لە تورکیا و باکووری کوردستان چاپ و بڵاو دەبێتەوە.
شیعری گولـلەکانی شاڵاو حەبیبە لەژێر ناونیشانی "کتێبێک لە بارەی ئەو
گولـلەوە کە هەزار ساڵە تەقێنراوە و چەند هەزار ساڵە لێم دەگەڕێت" لە ساڵی ٢٠١٥ـدا
لە لایەن ناوەندی غەزەلنووسەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. شیعرەکان وەک نووسەر ئاماژەی
پێ کردووە، ساڵی ٢٠١١ نووسراون. ئەم کتێبە بە ڕێککەوتنی نێوان وەرگێڕ و وەشانخانە
و بە ئاگەداریی نووسەر، لە کورمانجیدا ناوەکەی بووە بە "گولـلەپەیڤ"، کە
هاوکات وشەیەکە لەنێو کتێبەکەدا.
وەشخانەی کتێبەکە ئاڤێستایە، کە وەشانخانەیەکی کورمانجییە و لە ساڵی
١٩٩٥ـەوە بە سەرپەرەشتیی عەبدوڵڵا کەسکین لە ئیستانبووڵ دەستی بە کارەکانی کردووە.
یەکەمین کتێبی وەشانخانەکە شیعرەکانی عەبدوڵڵا پەشێو بووە.
عوسمان مەهمەد، وەرگێڕی کتێبی "گوللەپەیڤ" خۆیشی شاعیرە و دوو
کتێبی شیعری بە کورمانجی بڵاو کردووەتەوە. هاوکات پێشتر شیعرەکانی هێمن موکریانی و
محەمەد عومەر عوسمانی کردوون بە کورمانجی، هەر لە ئاڤێستا چاپ بوون.
کتێبی "گوللەپەیڤ" ئێستا کاری وەرگێڕانی تەواو بووە و لە قۆناغی
دیزایندایە. بڕیارە مانگی هەشتی ئەمساڵ لە لایەن وەشانخانەی ئاڤێستاوە چاپ و بڵاو
ببێتەوە.
شاڵاو حەبیبە، شاعیر و وەرگێڕ، لە ساڵی ٢٠١٥ـدا شەش کتێبی شیعری بە یەک جار
و لەژێر ناونیشانی "مۆسیقا فەرامۆشی کردم"ـدا چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
هەروەها ساڵی ٢٠١١ بۆ چیرۆکی "تابووتە تازەکان" خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵی
گەلاوێژی بردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠١٢ـدا لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە وەک شاعیری
ساڵ هەڵبژێرداوە. وەرگێڕی شیعرەکانی ڕومییە بۆ کوردی و کۆمەڵەشیعرێکی مەولانا
جەلالەددینی ڕومیی بە ناوی "سوڵتانی من" چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
هەندێک لە شیعرەکانی شاڵاو حەبیبە بۆ زمانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی،
سویدی، دانیمارکی، ئەڵمانی و پۆڵەندی وەرگێڕدراون.