دەروازەی باشماخ لەسەر شۆفێرانی ئێرانی دەنگۆیەك رەتدەكاتەوە

ئابوری 30/04/2020

چاودێر
دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، لەسەر گواستنەوەی شوێنی ئاڵوگۆڕی ئەو بارانەی كە لەبارهەڵگری ئێرانییەوە دێن و لە دەرەوەی دەروازەكەوە دەخرێنە بارهەڵگری عێراقییەوە بۆ ناو باشماخ، روونكردنەوە دەدەن و دووپات دەكەنەوە كە رێ‌ لە شۆفێری ئێرانی گیراوە بەریەككەوتنی هەبێت.
دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، لەروونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی دراوەتە چاودێر، باسلەوەدەكات: سەبارەت بە دەنگۆیەك لەسەر گواستنەوەی شوێنی ئاڵوگۆڕپێكردنی ئەو بارانەی كە لەبارهەڵگری ئێرانییەوە دێن و دەخرێنە بارهەڵگری عێراقییەوە، لەدەرەوەی دەروازەكەوە بۆ ناو دەروازەی باشماخ، بۆ زانیاری هەموو لایەك لەسەر داواكاریی و پێشنیاری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ بە نووسراوی ژمارە (۲۳٦٤) لەبەرواری (۲۰۲۰/٤/٢٠) بە دیاری كردنی گۆڕەپانی كۆمپانیاكانی ڕۆژان.
هاوكات ئاماژە بەوەشدراوە: هۆكاری دیاریكردنەكە پێوەندی بەوە هەیە كە  گۆڕەپان و كۆگاكانی كۆمپانیای ڕۆژان لەناو دەروازە لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی گومركی باشماخدایە و بەمەش لەلایەن بەشی پشكنین ئەو بەڕێوەبەرایەتییەوە ئاسانتر چاودێری بارەكان دەكرێت.
مەرزی نابراو، جەختی لەسەر ئەوەشكردۆتەوە، رێ لەشۆفێرانی ئێرانی دەگیرێت بچنە دەرەوەی دەروازەكە و تێكەڵ بە هاووڵاتیان ببن كە ئەمەیش بۆ كەمكردنەوەی مەترسی بەریەككەوتنی شۆفێرانی ئێرانی و هاووڵاتییانی پێنجوێنە، وەك خۆپارێزی لەپەتای كۆرۆنا.