شانۆنامەی ژان ئانوی کرا بەکوردی

ڕەخنەی چاودێر 26/04/2020

 

دەربارەی شانۆنامەی "مێدێ" ی ژان ئانوی
ئامادەکردن و وەرگێڕانی :ڕەخنەی چاودێر


کتێبی "مێدێ" شانۆ نامەیەکی ژان ئانوی فەڕەنسییەو لەزمانی یەکەمەوە دکتۆر موحسین ئەحمەد عومەر کردوێتی بەکوردی و وەک نەریتی ساڵانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە ڕۆژی جیهانی شانۆدا بڵاوی کردونەوە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان دەستدەکەون.

دەربارەی ژان ئانوی و کارەکانی.


ژان ئانوی شانۆ نووس و فیلمنامەنووسێکی ناسراوی فەڕەنسا و جیهانە. 23/6/1910  لە دایکبووەو لە 3/10/1987 کۆچی دوای کردووە. لەزۆربەی شانۆ نامەکانی ئانویدا ئاوێتەبوونێک دەبینینەوە لە نێوان دونیای ئایدیالیزم و ڕیالیزمدا، بە جۆرێک کە خوێنەر ناتوانێ بە ئاسانی لێکیان جوێ بکاتەوە. ئانوی گەرچی بابەتی ئەم شانۆنامەیەی و شانۆ نامەی "ئەنتیگۆن"ی لە شانۆی گریکی کۆنەوە وەرگرتووە. بەڵام لە ڕوانگەی جیهانبینی بوونگەرایانەی خۆیەوە، چارەسەری کردوون و جارێکی تر ڕۆحێکی جیاواز و نەمری پێبەخشیون.


ئانوی لە کارەکانی سەرەتای تەمەنیدا بەتایبەت لە پەیوەندی تاک بە کۆمەڵگای مۆدێرنەوە دەکۆڵێتەوەو هەروەها لە کێشەی نێوان تاک و ئارەزوەکانی دژ بە بەها کۆمەڵایەتییە باوەکان. هەرلەوێوە نزیک دەبێتەوە لە میتۆلۆگیای یۆنانییەکان و لەناو زەینیدا بەراورد کارییەک دروست دەبێت لەنێوان مرۆڤی مۆدێرن و پاڵەوانی ناو شانۆنامەکانی یۆرۆپیدس و ئەسخیلۆس و هەر ئەمەش هەنگاوێک دەبێت بۆ کارکردنێکی جیاوازو ڕەخنەگرانە لە داڕشتنەوەی شانۆ نامە گرنگەکانی کلاسیک.

ژان ئانوی وەک دراماتۆرگ و نووسەرێکی زیرەک و خاوەن تێروانین، کار لە دەقە پڕ گرێ کانی کلاسیکی یۆناندا دەکاتەوەو جارێکی تر ڕەگەزە باڵاکانی تاک گەراییان تیادا زیندوو دەکاتەوەو لەوێوە مامەڵەیەکی نوێ لەگەڵ شانۆنامە کۆنەکاندا دەکات.

ئەم مامەڵە نوێیەی لەگەڵ شانۆ نامەکۆنەکاندا بۆنموونە ئەنتیگۆنا ئەو ڕەگەزە بەرزەی تاک گەراییمان پیشاندەدات کە بۆ بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ دابوونەریتی خوداو خێڵ و ئاین و یاساکان و سیستمەکان سەردانانەوێنێت،  ئەنتیگۆنا بەهۆی سەرسەختیەکانییەوە قوربانی بە بوونی خۆی دەدات .

بە بۆچونی ڕەخنەگران لە کارەکانیدا تایبەتمەندییەکانی شانۆییەکانی شکسپیر بەرچاودەکەوێت
وەک بەکار هێنانی فلاشباک و جۆرێک گەرانەوە بۆ ڕابردو یان ئەو ڕوداوانەی ڕویان داوە. یان شانۆ لەناو شانۆدا وەک ئەوەی کە لە هاملێتی ناو شکسپیردا ئامادەیی هەیە.  

ژان ئانوی لەسەردەمی داگیرکردنی فەڕەنسا لەلایەن نازییەکانەوە هەرچەندە  بە ئاشکرا لەو ئەدیبانە دەبێت کە لایەنگری هیچ لایەک ناکەن، بەڵام لەوکاتەدا دێت شانۆیی ئەنتیگۆنا بڵاودەکاتەوە کە بەیەکێک لە باشترین بەرهەمەکانی دەژمێردرێت. کە تیایدا بە شێوەیەکی هێمائامێز ڕەخنە لە ڕێکەوتن دەگرێت لەگەڵ نازییەکاندا. ئانوی زیاتر خۆی بەدوور دەگرت لە سیاسەت و شانۆییەکانی خۆی لەسەر بنەمای ئەو ڕەنگە ڕەشە زاڵە بونگەرایانە جیادەکردەوە.

دەربارەی شانۆ نامەی "مێدێ" ی ژان ئانوی و مێدێ ی یۆرۆپیدس و مێدێ ی نێو میتۆلۆژیا.

وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ژان ئانوی زۆرینەی کارەکانی هەمیشە پەیوەستە بەو کەلەپورە یۆنانییەوە کە لەپاش نووسەرە گەورەکان جێماون و ئەم بە دیدگایەکی تری جیاوازەوە دووبارە دەستدەکات بە ئامادەکردنەوەو نووسینەوەیان و تیایدا واقیع بینانەتر و ئایدیا لیزمانەتر کاردەکات. شانۆ نامەی "مێدێ" کە دکتۆر موحسین عومەر لە زمانی یەکەمەوە کردووێتی بەکووردی. ژان ئانوی لە دەقینشانۆنامەنووسی گرێکی (یوربیدس) ەوە شانۆنامەی (مێدیا)ی وەرگرتووە.
شانۆنامەنووسی گرێکی (یوربیدس) شانۆنامەی (مێدیا یان مێدێ) ی بەر لە دووهەزار و چوارسەت و پەنجاو یەک ساڵ لەمەوبەر نووسیوە، بۆ یەکەمجاریش لە ئەسینا، لە ساڵی ٤٣١ب. ز نەمایش کراوە، لەگەڵ ئەوەیشدا بەردەوام لەناوماندا دەژی، ئازارەکانی و ئەو کردار و تاوانەی کاره‌کته‌ری مێدیا کردی، نامۆ نییە بەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆمان. یوربیدس، کە لە ڕووی تەمەنەوە، لە ئێسخیلۆس و سۆفۆکلیس بچووکتر بووە، دەقەکەی دەربارەی رەوشی پەناهەندەیەک نووسیوە، ئەو ژنەی مێردەکەی لە چەندان هەڕەشە ڕزگار دەکات، کە سەرلەنوێ ناچار دەکرێتەوە لە وڵاتێکی تریش ڕابکات. یوربیدس، ڕێگا بە مێدیا دەدات پیرۆزترین سنوورەکان ببەزێنێت، کە لە کوشتنی منداڵەکانی خۆیدا بەرجەستە دەبێت، هەر لە دوای ئەم دەقە درامییەیشەوە، ئەم تاوانەی مێدیا بێ کۆتایی پەیوەستە بە کارەکتەری مێدیاوە و بەو تاوانە ناوبانگی دەرکردووە. شانۆنامه‌ی مێدیا باسی شکاندنی سنووره‌کان ده‌کات؛ ئینجا سنووره‌کانی نێوان وڵاتان، سنووره‌ سایکۆڵۆژییه‌کان یان سنووره‌کانی هێزی مرۆڤ بێت، هاوکات درامایەکیشە سەبارەت بە خوشەویستییەکی قووڵی بێ سنووریش. مێدیا چەندە لە ژێر فشار و کاریگەرییەکی بەهێزدا ئەوەی دەیکات، دەیکات، لە هەمان کاتیشدا چێژ لەو ڕقە وەردەگرێت، کە پاڵنەری ڕووداو و ڕه‌فتاره‌کانییه‌تی. مێدیا کەسێکە ناتوانێت ده‌سته‌پاچه‌ئاسا دانیشێت و لە دوورەوە سەیری ڕووداوەکان بکات، بەڵکوو بە چەشنی توندڕەوەکان، کەسە نزیکەکانی خۆیشی دەکوژێت، هەر لەبەر ئەوەی خۆی هەلا هەلا بکات.

هه‌ڵبه‌ت، مێدیا، بەر لە نووسینی دەقەکەی یوربیدس، وەک فیگورێکی میتۆلۆژی هەر هەبووە و زیاتریش، وەک ئافرەتێکی بەتوانای جادووگەر ناسراوە، کە ڕەچەڵەکێکی خواوەندی هەبووە. ئەم کارەکتەرە لە دوای یوربیدس-ەوە، پەیوەستە بەو ئافرەتەی وازی لێهێنراوە و منداڵەکانی خۆی، بە دەستی خۆی دەکوژێت. یوربیدس هەموو سمبۆل و تووخمە میتۆلۆژییەکانی لابردووە و مێدێ دەهێنێتە خوارەوە بۆ ناو واقیعی ژیانی ڕۆژانە و لە ژینگە و ڕەوشێکدا بەرجەستەی دەکات، کە بەها و داب و نەریتەکان تێکدەشکێنێت و لایەنێکی توندوتیژ و بێبەزەیی دەردەخات. یوربیدس مێدێ دەخاتە نێو ئەو بارودۆخەوە، کە مێدێ، وەک سمبۆلی ئافرەت دەکەوێتە ژێر پاڵەپەستۆیەکی بەهێزی بێ سنووری دەروونی و جەستەیشەوە. یوربیدس لە مێدێ دا، بنەما نەریتگەرییەکانی چەمکی موراڵ دەخاتە لاوە و کەسی تاک یان خودگەرا دەخاتە ژێر جۆرێکی نوێ لە شیکردنەوەی سایکۆلۆژییەوە. یوربیدس بە هەمان شێوەی ئێسخیلۆس و سۆفۆکلیس میتۆلۆژیا کۆنەکان بەکاردەهێنێت، بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز و دوور لە بنەما میتۆلۆژییەکان خۆیانەوە، بۆ نموونە هەموو هێما و بنەما میتۆلۆژییەکان لا دەبات و لە ئاستێکی تری واقیعی و مرۆییەوە دایان دەڕێژێتەوە و مەودایەکی تری هزرییان پێ دەبەخشێت. ئەوەی بەلای یوربیدس-ەوە گرینگ و جێگای سەرنج بووە، پەرچەکرداری مرۆڤی تاک بووە بەرامبەر بە کێشە و ململانێکان. ئەوەی ئەو دەیخاتە ڕوو، مامەڵەیەکی واقیعییانەیە بۆ هەست و هزری مرۆڤ، بۆ بەرجەستەکردنی مەودا دژ بە یەکەکان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان، بە شێوەیەک، کە لەگەڵ واقیعی مرۆڤی تاک و تاک ڕەهەنددا گونجاوە یان لە شەڕدا بوو.
ژان ئانوی فەڕەنسی هاتووەو لەم "مێدێ" یەی کە لەپاشیەوەیەو بەسود بینین لەم کەلەپوورە دەوڵەمەندەی ڕابردوو. جارێکی ترو بەشێوازێکی تر هەمان کار کە لەگەڵ ئەنتیگۆنا دا کردی لەگەڵ ئەم کارەدا دەکات و ئەمەش دەبێت بەکارێکی جیاوازو تایبەتمەند.

جێگەی ئاماژەپێدانو دڵ خۆشییە کە ئەمە سێیەم بەرهەمی "ژان ئانوی"  ە کە لەلایەن د.موحسین ئەحمەد عومەرەوە لەزمانی یەکەمەوە بکرێت بەکوردی و لەلایەن دەزگای سەردەمەوە چاپ و بڵاوبکرێتەوە. ئێستا ئەم کتێبانە لە کتێبرۆشییەکان دەستدەکەون.


 



*ئەم بابەتە بە سودبینین لە بابەتێکی نووسەرو شانۆکار دانا ڕەئوف ئامادەکراوە.