پێشوازیە پەلەکەی سەرکردایەتیی کورد لە کازمی و هۆشداریەکەی مەلا بەختیار

ڕاپۆرت 25/04/2020

نزیکەی ١٥ رۆژ لەمەوبەر مستەفا کازمی، راسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، هەروەک لە میدیاکانەوە راگەیەندرا، لایەنە شیعەکان هاوڕان لەسەر کاندیدکردنی ناوبراو، هەرزوش لایەنە کوردستانیەکان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە تا دەگاتە کەسی یەکەم و دووەمی زۆربەی حزبەکانی کوردستان، پشتگیری خۆیان بۆ کاندیدکردنی کازمی راگەیاند. هەر ئەوکات، مەلا بەختیار لە وتارێکدا هۆشداریی دایە لایەن و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کە پەلە نەکەن لە پشتگیریی کازمی. ئەوەتا دوای ١٢ رۆژ لە وتارەکەی مەلا بەختیار، پێکهێنانی کابینەکەی کازمی و قبوڵکردنی خواست و کاندیدەکانی کورد لەو کابینەیەدا کێشەی بۆ دروست بووە. هەروەک بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق لەسەر پشکی پارتی، ئاشکرایدەکات کە موچەی کوردستان و هاوکات قبوڵکردنی کاندیدەکانی کورد لەلایەن کازمیەوە کێشەی بۆ دروست بووە. هەربەپێی زانیاریەکانی چاودێر، دواین وەفدی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان، دوای کۆبونەوەیان لەگەل عادل عبەدولمەهدی، لەسەر ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان و رادەستکردنی ٢٥٠ هەزار نەوتی رۆژانە، رێکنەکەوتون، هەربۆیە بڕینی موچەی هەرێمی کوردستان ئەگەرێکی بەهێزە.

لەلایەکی دیکەوە، بەشێکی زۆری چاودێرانی سیاسی، پێشبینی دەکەن، چارەنوسی کابینە پێکنەهێنراوەکەی کازمیش بە دەردی کاندیدەکانی پێش خۆی بچێت و دەریشدەکەوێت، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و سەرۆکی حزبەکانیش، خوێندنەوەی وردیان بۆ روداوەکانی عێراق نیەو هەرزوو بڕیاری سەرپێی لەسەر روداوەکان دەدەن. 

 

 

لێرەداو بۆ مێژوو جارێکی تر وتارەکەی مەلا بەختیار بڵاودەکەینەوە

 

 

راسپاردنی كازمی‌و
ئەركی هێزە كوردستانیەكان
مەلا بەختیار

لە دوا سەرەنجامدا، هێزە شیعەكان لەسەر كاندیدی هاوبەش رێكەوتون‌و سونیەكانیش، رازی كراوون!
وەكو هەڵوێستی سەرەتایی، یەكێتی‌و پارتی لەسەر راسپێردراو رازی بون. لەوە دەچێ‌ لایەنە كوردستانیەكانی تریش، بە گشتی بەم راسێردراوە، رازی بن!
دوای بگرە و بەردەی راسپێردراوەكانی چەند مانگێ‌ لەمەوبەرو شكست پێ هێنانی محەمەد تۆفیق‌و زورفی، لەم دۆخەی عێراقدا، رێكەوتن لەسەر راسپێردراوی ئێستا بەڕێز (مستەفا كازمی) سەرەتای نەخشەڕێگایەكی باشە، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق.. عێراقێك، لەبەر كێشە ئابوری‌و سیاسی‌و ئەمنیەكانی، سەرباری پەتای كۆرۆنا، خەریكە هەناسەی لێ دەبڕێ‌!
دیارە رازیبونی لایەنە كوردستانیەكان، وەكو هەڵوێستی سەرەتایی، كارێكی گونجاوە. بەندە، لەدورەوە بەڕێز كازمی دەناسم، بەڵام ناتوانم، فاڵ بۆ سیاسەتی دوای پەسەندكردنی كابینەكەی بگرمەوەو ناتوانم دڵنیا بم، لەناو هاوكێشەكانی ناوچەكە، عێراق، ئاستەنگی ئابوری، گرفتەكانی هێزە شیعەكان‌و سونیەكان، كێشەی نەوت لەنێوان هەرێم‌و بەغداد، ئایە پابەندی دەستور دەبێ‌‌و دەشبێتە مایەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەرێم‌و بەغداد.. بەتایبەتی لە ئەركی بودجەو موچەو مادەی (140).. لەكاتێكدا كێشەی رێژەی هەناردەی نەوت، داهاتی نەوت، قەرزەكانی هەرێم، ئاكامی گەمارۆی سەپێنراوی حكومەتی عێراق بۆ سەر هەرێم، لەڕووی یاساییەوە هێشتا چارەسەر نەكراوە. مادەی (140) هەڵپەسێردراوەو دەماری شۆڤێنیەتی عەرەبی‌و توركمانی‌و تایفەگەری، هێشتا ئەستوورە. لەبەر ئەو هۆیانەو هۆكارگەلی دیكە، دەڵێم:
هەق نییە، بەرپرسەكانی كوردستان، پێش رێكەوتنی كۆنكرێتی لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و بەغداد، پەلە بكەن لە ئاخاوتنی خۆشبینی. رێزو متمانەی هەمیشەیی لە سیاسەتدا، نییە. تەنها بەرژەوەندی هەمیشەیی لە سیاسەتدا هەیە. داوام وایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە رەچاوكردنی دۆخی عێراق، ناوچەكە، هەرێم‌و بەغدادو.. پەتای كۆرۆنا.. بە پرۆژەیەكی هەمەلایەنەی هاوسەنگ، بكەونە گفتوگۆ لەگەڵ راسپێردراوی نوێ‌.. بەڕێز كازمی. دوای دانوستان‌و ئومێدی رێكەوتن، ئینجا، بەرپرسەكان، ماف بە خۆیان بدەن، حوكم لەسەر ئایندەی كابینەی كازمی بدەن!
بەڵێ‌.. لێكدانەوە باشە؛ بەڵێ‌ پێشنیاز باشە؛ بەڵێ‌ ئومێد خواستن باشە.. بەڵام هەڵەیەكی گەورەیە، لەبەرئەوەی هەموو لایەك شەكەت بون‌و دۆخەكەش ئاڵۆزەو خەڵكیش لە كەرەنتینایە.. بەبێ‌ دەرس وەرگرتن لە سیاسەتی سەرۆك وەزیرەكانی پێشوو، كە لە كازمی سیاسیترو تێكۆشەرتریش بون، پەیوەندی مێژویشیان لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی هەبوو، هەڵەیە، دۆخەكە لایەنە كوردستانیەكان دەستخەڕۆ بكات‌و قوڵتر روداوەكان، هاوكێشەكان، بەرژەوەندیە نوێكان، ناكۆكیەكانی ناوچەكەو عێراق نەخوێنینەوە.. تكایە، هەموو لایەك.. وریا بن، با لە كونێكەوە، چەند جارێك پێمانەوە نەدرێ‌.