سورمەم خۆشویست

ڕەخنەی چاودێر 25/04/2020

سورمەم خۆشویست چیرۆکێک لە کۆڵانەکانی هەژارییەوە


سەرچاوە:GMB AKASH
و:گوڵان مەحمود

 

دەربارەی ئەم وێنەو چیرۆکانە..

گمبا عەکاش فۆتۆگرافەرێکی بەنگلادیشییە لە دایک بووی ساڵی ١٩٧٧ ە . ئەو وەک نمونەی مرۆڤێکی سەرکەوتو بوێری نێو بوارەکەی خۆی لە کلتورێکی داخراوو پەراوێزی وەک بەنگلادیشی پڕ لە هەژاری و مرۆڤی شکستخواردو دوای خەونی هونەری فۆتۆگرافی کەوتو ئێستا یەکێک لە فۆتۆگرافە زۆر باش و بەناوبانگەکانی دونیایە. ئەو لە وێنەکانیدا ژیانی مرۆڤانی هەژارو ئازای نێوکلتورە خراپ و مرۆڤ کوژەکەی بەنگلادیش دەگێڕێتەوەو . ئەمە نموونەیەکە لە وێنەو چیرۆکەکانی. 


سورمەم خۆشویست پێش ئەوەی بزانم ئەو هەستە چۆنە کە لە خۆشەویستییا بیت. پێستی تاریکی وەک ئەڵماس جوان بوو؛ لەوەش‌ جوانتر قوڵی چاوە ڕەشەکانی بوو. مامم لەناکاو هاوسەرگیرییەکەی بۆ ڕێکخستین لە کاتێکدا باوکی سورمە کە پزیشکی گوندەکە بوو لە سەر جێگەی مردندا بوو. باوکی دەستی گرتم و گوتی، 'کە سورمە هاتە ژیانەوە دایکی مرد، من هەرگیز نەمتوانیوە ئەو خۆشەویستییەی پێ ببەخشم کە پێویستی پێی بووە. من وەک باوکێک دۆڕام. بەڵێنم پێبدە، کە هەرگیز تۆ وەک هاوسەری نەدۆڕێی. منیش بەڵێنم پێدا.
بارانێکی قایم بوو، سواری ئەو بەلەمە بووم کە ژنە نوێیەکەم لەگەڵ شتەکانیا لەناویا دانیشتبوو. کە سێ بێچووە پشیلە، سەگێک، پێنج مریشک و بزنێک بوون. کاتێک چووین بۆ ماڵەکەمان، دایاکم هاتە دەرەوە بۆ ئەنجامدانی هەندێک نەریت بۆ وەرگرتنمان. پاش تەماشاکردنی سورمە و شتەکانی نیگەران بوو. بە دوودڵیەوە، شەوەکەی کاتێک کە داواملێکرد هەموو ئاژەڵەکانی بگێڕێتەوە هێرشی کردە سەرم و بە دەستی دەیکێشا بە سنگمدا وەک ئەوەی بووکەشوشە بم. پێش ئەوەی لە هیچ شتێک تێبگەم ژنە دوازدە ساڵانەکەم بەرەو دارستان ڕایکرد و هەموو ئاژەڵەکانیشی بەدوایدا چوون. منیش ئەو شەوەم بە گەڕان بە دوای هاوسەرەکەم و ئاژەڵەکانیدا بەڕێکرد.
کە هاوسەرگیریمان کرد من هیچم نەبوو، سورمە هەموو سوچێکی کوخە تێکشکاوەکەی ژیانمی گۆڕی. ئەو دەیتوانی هەموو شتێک چاکبکاتەوە بێجگە لە دڵی دایکم. ڕۆژێک کە لە کارکردن گەڕامەوە بینیم لەگەڵ ئاژەڵەکانیدا بە گوریس بەستراوەتەوە. ویستم بیکەمەوە، بەڵام وەستاندمی و گوتی، "ئەوە سزای منە. بێڕێزی بەرامبەر دایە مەکە و پرسیاری هیچیشی لێمەکە". من سەیری دایکمم کرد و ئەویش ڕووی کرد بەودیودا. دڵنیابووم، کە سورمە دەتوانێت دڵی دایکم چاکبکاتەوە. بەڵام زۆر درەنگ بوو بۆ ئەوە. دوای دە ساڵ هیچ منداڵێکمان نەبوو. دەستمی خستە سەر سەری و داوایلێکردم کە دووبارە هاوسەرگیری بکەمەوە. نەمتوانی جڵەوی خۆم بکەم و لەبەر ئەو قسەیەی لێمدا. ئەویش هێرشی کردەوە سەرم و دووبارە ڕایکردەوە دارستانەکە. چوومە لای دایکم پێم گوت کە تا لە ژیاندا بم هیچ کەس ناتوانێت ناچارم بکات بۆ هاوسەرگیری دووەم.
دەیەم ساڵی هاوسەرگیریمان بوو کەشەکەشی با بوو. ئەو ڕۆژە سورمە زۆر لەسەرخۆ و بێدەنگ بوو. بە سەیرکردنی زەردەخەنەی سەر ڕووخساری بۆم دوپاتکردەوە، تا لە ژیاندا بم تەنیا هی ئەو دەبم و وەک باوکێک ئاگام لە هەموو ئاژەڵەکانی دەبێ. بە چاوە ڕەشە قوڵەکانی بۆم پێکەنی. کە ئێوارە گەڕامەوە بە مردوویی لە جێگەکەمدا کەوتبوو.
خەڵکی گوندەکە بە مردوویی لە ڕووبارەکە هێنابوویانە دەرەوە لەکاتێکدا کە خۆی فڕێدابووە ئاوەکەوە.
شەش ساڵ تێپەڕیوە. هێشتا تەنیام، لەگەڵ یادگاری و ئاژەڵەکانیدا دەژیم. کە دایکم مرد داوای لێخۆشبوونی لێکردم. نەمتوانی.
خۆشەویستییەکەشم هەرگیز لێیان خۆشنابێت، نە دایکم، نە سورمە. من هێشتا ئەو پیاوەم کە چاوە ڕەشە قوڵەکانی سورمە دەبینێت هەموو شەوێک، هەندێکجار دەچم بۆ دارستان و بۆی دەگەڕێم لەوێ، دەمەوێت دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ژیانم. بەڵام ئەو بۆ دوور ڕۆشتووە، بەبێ ئەوەی بزانێت کە چەندم خۆشدەویست.