لەشەوی مردنیدا یادێک لە شاعیرێکی زیندوو

ڕەخنەی چاودێر 16/04/2020

هێمن موکریانی

ئا:رەخنەی چاودێر

16 نیسانی 1986 سەید محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی
شاعیری جوانی پەرستی دڵ بەسۆ مام هێمن موكریانی وەفاتی كرد.

مێژوی ئەدەبیاتی ئێمە، شاعیر گەلێکی جوان و پر برشت و هێزی تێدایە، یەکێک لەو شاعیرە ڕۆمانتیکانە هێمن موکریانییە. ئەو بەناسکی و کوردییەکی پاراوو کوردانە شیعرەکانی بۆ خۆشەویستی و ژن و نیشتیمان نووسیوەو هەمیشە لە سەنگەری کوردایەتییەکی خاڵی لە بەرژەوەندی شەخسیەوە خەباتی کردووە و لە کۆمارە تەمەن کورتەکەی قازی محەمەد دا ئامادە بووەو بۆ هێمن و هەژاری هاو پێ و هاوڕێی پەنایەکی باشی ئارامی بووە.
ئێستا کە ٣٤ ساڵ بەسەر مردنی ئەودا تێدەپەڕێت ئێمە دووبارە پێشنیاری خوێندنەوەی دیوانەکەیی و پێشەکییە جوانەکەیتان بۆدەکەین. 

 
بەشێك لە ژیانی هێمن موکریانی.

ھێمن کوڕی سەید حەسەنی موکری و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆڕی بووە. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھان بووە کە ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن. ھێمن بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی ھەتاوی بە شەوی جێژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەھاباد چاوی بە گەردوون ھەڵێنا. بە بوونی ھێمن شیری دایکی وشک دەبێ و بە شیری ژنێکی دیکە فڕچک (گۆج) دەکرێ و دوای بوونی ئەو، دایکی لەشی ساغ بە خۆیەوە نابینێ.
ھێمن لە رۆژگارێکدا لە دایک دەبێ کە ڕەزاشا جڵەوی حکوومەتی پێیە کە لاسایی ئاتاتورکی دەکردەوە. جلوبەرگی کوردەواری بە تەواوی قەدەغە دەکرێ و ئەوەندەی لە دەستی ھات، سووکایەتی بە خەڵک کرد و شەپکە و تەپڵەی ھێنا نێو بازاڕەaوە. ھێمن لەم کەش و ھەوایەدا گەورە دەبێ، بەش خوراوی و کۆیلەتی ئینسان وەکوو خوێن لە مێشک ودەمار و ئێسک و پێستی دا دەگەڕێ و دەبێتە سەربەندی ژیانی.

لە کاتی منداڵیدا گوێچکە بە حەکایەتەکانی دایە مرۆت دەگرێ، کە پیرێژنێکی دنیا دیو بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە. ئەلف‌وبێ لای سەعیدی ناکام دەخوێنێ و پێش ئەوەی ئەلف‌وبێی فێر بکا، بزنۆکێ و مەڕنۆکێی حوسێنی حوزنی موکریانی بۆ دەخوێنێتەوە و ھێمن لە بەری دەکا و ھەروەھا شێعرەکانی شێخ ڕەزا و زۆر شتی دیکەی لێ فێر دەبێ و پاشان بۆ درێژە دانی خوێندن، باوکی دەینێرێتە مەھاباد و لە قوتابخانەی سەعادەتی ئەو شارە دەست بە خوێندن دەکا. ھێمنێکی لادێی کە جگە لە زمانی کوردی ھیچی دیکەی نەدەزانی و لەو قوتابخانەیش کەس نەیدەتوانی بە کوردی قسە بکە، منداڵان گاڵتەی پێدەکەن و پێی دەڵێن کرمانج، چونکە ئەو کاتە لە مەھاباد بە خەڵکی دێیان دەکوت کرمانج، ھێمن ئەو ساڵە خوێندنی بە سەرکەوتنێکی زۆر باشەوە تێپەڕ دەکا و ھاوین دەگەڕێتەوە بۆ ئاوایی و لە لای مەلای دێ و باوکی دەرس دەخوێنێ و تەمرینی نووسینی خەت دەکا. باوکی کە دەزانێ خەتی خۆش بووە، دەستی پێ لە خوێندن ھەڵدەگرێ و دەڵێ: بڕۆ دەرسی مەلایەتی بخوێنە. ھێمن کە ھیچ کات خۆشی لە مەلا نەھاتووە، تووشی ئەم تاڵییە دەبێ و چوار ساڵ لە خانەقای شێخی بورھان دەخوێنێ، بەلام ئەو خوێندنە ھیچ کەڵکێکی نابێ، چونکە ئەو چوار ساڵە بە گاڵتە دەباتە سەرێ و لە خانەقای شێخی بورھان کە ٨-٩ نەفەر دەبن، جگە لە ھەژار و ھێمن تەوای خاڵۆزا و پوورزا دەبن، پاشان دەچێتە لای مامۆستا فەوزی و رێگای ژیانی پێ نیشان دەدا و ساڵ و نیوێک لە لای ئەو دەرس دەخوێنێ.
بە ئاوا‌رەیی و دەربەدەری توانی کتێبی ناڵەی جودایی بنووسێ، ئەگەر بە جوانی لێی ورد بینەوە، دەبینین کە ناڵە و ھاوار و فیغانی دڵە، ناسۆرییە، خول دانەوە و نزا و ھاوار و ئازاری ناخ و ماندوویەتی ھزر و نائارامی رۆح و بێ تاقەتی جەستەیە بەرامبەر جودایی، جودایی لە خێزان، لە خانوو، ماڵ و گوند و گەڕەک، شاخ ودەشت و دراوسێ و کەس و کار و یادگارەکانی سەردەمی منداڵی و لانەی گەورەبوون و گەلێ شتی بە نرخی دیکە کە لە یاد ناکرێن ولە دەروون دوور ناکەونەوە.
دیارە ھێمن مردووە و لە نێومان دا نەماوە، بەڵام ئاسەوارەکانی و یادگارەکەی کاتی پیری ھەر ماون و بە دیتنی ئەوان ھیچ کاتێک ھێمنیش لە بیر ناچێتەوە. ھێمن شاعێرو زانای فەرھەنگ دۆست و تێکۆشەری رێگای بووژاندنەوەی کورد و فەرھەنگەکەی بوو، خاوەن بیر و تێفکرین و بیر کردنەوە بوو. ھێمن دەنگی بەرزی ئازادی، ئاشتی و دیموکراسی خوازی کورد بوو. خوازیاری یەکیەتی گەلان بوو. کوردایەتی ھێمن، مرۆڤایەتی بوو. شاعێری جوان پەرەست، شاعێری بابردەڵە، کە بێبەش لە ئاو وخاک و وڵاتی خۆی، پەڕیوەی سنوور و موبتەلای دەستی ڕۆژگار، پیری ھەناسە سوار، دەرکراوی بە زۆر دابڕاوی یار و ئازیزانی، بولبولی بێبەش لە گوڵزار و چەمەن، بێ ئەنیس و ھاودەم، عاشقی دڵ پڕ لە ئەوین و خۆشەویستی وڵاتەکەی، ھەنگاو بە ھەنگاو خەم بە دوای مامۆستای ئازیزەوە بوو، وەکوو سێبەری خۆی رۆژێک لێی جیا نەبۆتەوە و رۆژی شادی ڕووی لە دڵە خەمبارەکەی نەکرد، ئەو مرۆڤە بێ نازە خۆ لە ئاسن و پۆڵا دروست نەکراوە، بەڵکوو لە خوێن و گۆشتە، بۆیە پڕ بە دڵی خۆی ئەناڵێنێ و بە ئاوازێکی بە سۆزەوە ئەڵێت:
پارچە گۆشتێکە، دڵی من روو نییە
ناڵە ناڵی من درەنگە زوو نییە
لە شێعرێکی دیکەدا دەڵێ:
شینم زۆر گێڕاوە، شادیم کەم دیوە
خۆشی دەڵێن هەیە بەڵام نەمدیوە

مام هێمن ١٦ ٤ ١٩٨٦ دڵە مەزن و پڕ ئەڤینەكەی بۆ كورد و جونی لەلێدان دەوەستێت.