سەردەمی بازنەیی ژاوەژاو

ڕەخنەی چاودێر 14/04/2020

سەردەمی بازنەیی ژاوەژاو

داستان مارف

هەر لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە بگرە پێشتریش، موزیک بوونی هەبووە؛ لە سروشتدا، دەنگ و ڕیتم موزیکن. پەیوەست بە مرۆڤیشەوە، ڕەنگە یەکەم ڕیتم کە دەیبیستێت، لێدانی دڵی دایک بێت، کاتێک هێشتا نەهاتووەتە دنیاوە. یەکەم دەنگیش، گریانی خۆی.
موزیک لە دێرینترین هونەرەکانە و ئەو هونەرەیە کە خێراتر لە هونەرەکانی دیکە دەگاتە وەرگر و هەر زوویش کاردانەوە لە کەسی وەرگردا دروست دەکات. موزیک بەپێی سەردەمەکان پێشکەوتنی گەورەی بە خۆوە بینیوە و ڕۆڵیشی بەپێی کات و سەردەمەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دێت. کوردیش وەک نەتەوەیەکی زیندوو، موزیکی لە مێژوویدا هەڵگرتووە و تا ئێستایشی هێناوە. کولتووری موزیکی کوردی دەوڵەمەندە و پڕ لە ڕەنگ و شێواز و لە ئامێری تایبەت بە خۆیەتی.
هونەرمەندانی دنیا داهێنان لە موزیکدا دەکەن و پێگەی زیاتر و ڕۆڵی جیاوازی دەدەنێ. هەندێك جار ڕۆمانسی وەک پۆپ، بەرخۆدان وەک ڕۆک، هەیەجانئامێز وەک میتاڵ. یاخود هەموو ڕۆڵەکان لە هەر سەبکێکدا کە کەسی داهێنەر بیەوێت. داهێنەران ڕۆڵی موزیک دەبەنە شوێنێکەوە کە چاوەڕوانیی گەورەی لێ بکرێت. لێرەدا ئێمە باسی ڕۆڵی موزیکی کوردی و داهێنان لە موزیک و گۆرانی کوردیدا دەکەین.
کێشەی هونەرمەندانی کورد ئەوەیە کە ڕوانینێکی ڕوونیان بۆ کارکردنیان نییە، یاخود ئەگەر هەیشیانبێت، ڕوانینێکی سەردەمی و واقیعی نییە، هونەرمەندی کورد گیرخواردووی ناو ”ڕەسەن و فۆلکلۆر”ە و نەیتوانیوە خۆی ڕزگار بکات. ئەمەیش بووەتە کۆتێک و لە فیکری داهێنان دراوە، بەڵام تەنها هۆکاری سەرەکییش نییە.
موزیکی ئێمە موزیکێکی خەسێنراوی خەڵەتێنەرە، خەسێنراوە چونکە بێبەرهەمە و زۆر ناژیی و کرچوکاڵە. خەڵەتێنەرە چونکە زوو دێتە سەر زمان و خۆش ئەزبەر دەکرێت و ئاسان دەگوترێتەوە، بەڵام ”ڕەسەن” نییە وەک ئەو جۆرەی مرۆڤ بە مانا هایدگەرییەکەی.
گۆرانیبێژی کورد کەسێتییەکی تەممەڵی هەیە و خولیای داهێنانی نییە (ئەمە پەیوەندیی بە ڕۆشنبیریی گوێگریشەوە هەیە). داهێنەر دوای چێژی گشتی ناکەوێت، ”چێژی گشتی کێشەی هەیە”، چونکە مرۆڤی ئەم نەتەوەیە کێشەی هەیە، لەبەر ئەوە هونەرێکی ماندوو و تەممەڵ و پڕ لە کێشە دروست بووە.
هونەرمەندی کورد خەونی نییە، ئەم کەسێتییە بێخەونە زوو دەناسرێت و زوو گۆرانییەکانی دێتە سەر زاری خەڵک و زوو کۆنسێرت دەکات و میدیای گەورە لەپشتیەتی، لە یوتیووبیشدا، لە ماوەی هەفتەیەکدا بینەری ڤیدیۆکلیپەکەی چەند ملیۆنێک تێدەپەڕێنێت، ئەمە وەهمێک دروست دەکات کە پێی وایە لەسەر ڕێگە ڕاستەکەیە. مانەوەی ئەم جۆرەی گۆرانیبێژ تەنها بە هاتنی گۆرانییە نوێیەکانیانەوە بەندە، واتە بە زوویی بیر دەچنەوە و دەکەونە پەراوێزەوە، خۆیشیان ئەوە دەزانن و لەبەر ئەم هۆیەیشە زۆر پڕبەرهەمن. ئەوان لێزانانە خوێندنەوە بۆ چێژی گشتیی گوێگر دەکەن، ئەمە دەبێتە هۆی دروستکردنی گۆرانیبێژ لە لایەن کۆمەڵانەوە، واتە لە لایەن چێژی گشتییەوە. ”هونەرمەندی داهێنەر، گوێگر بۆ خۆی دروست دەکات، نەک گوێگر دروستی کردبێت!”
ڕوداوە  گەورە و گرنگەکان چۆن کاردانەوە لەسەر هونەر بە گشتی و موزیک و گۆرانی بە تایبەت دادەنێن؟ گۆرانییەکانی پێش جەنگ و پاش جەنگ لە یەک دەچن، گۆرانییەکانی پێش هەڵەبجە و ئەنفال و پاش هەردووکیشیان هەر لە یەک دەچن، گۆرانییەکانی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین لە یەک دەچن (یاخود ئەمەی دووەمیان بڕێک خراپترن). لە سەردەمی شەڕی براکاندا چەند هونەرمەند موزیک و گۆرانییان دروست کرد؟ مەرج نییە هونەر ڕووداوەکان نیشان بدات، بەڵام ڕوانینی کەسیی هونەرمەند دەبێت بگۆڕێت. ”لە هەندێک بارودۆخدا هونەرمەندی بیرکەرەوە و داهێنەر دەبێتە واعیز”.
ئەم جۆرەی گۆرانیبێژ کە ئێستا گۆرانی دەڵێن، بە گشتی لەدایکبووی دوای ڕاپەڕینن، واتە منداڵییان لە جەنگی ناوخۆدا بووە، هەرزەکارییان لە جەنگ و پرۆسەی ئازادیی عێراق و گەنجێتییان لە جەنگی داعشدا بووە، ئاخۆ کاریگەرییەکانی ئەم ڕووداوانە چی بوون لەسەر هونەرەکانیان؟ ئایا تووڕەی کردوون؟ ئایا هەست بە ئازار دەکەن؟ لە دوای ئەو هەموو ڕووداوە کاتی شێوازێکی نوێی گۆرانیوتن نییە؟ دەکرێت لە هاتنەدنیاتەوە تا ئێستات بەو دۆخانەدا ڕۆیشتبیت و هەندێک بارگاوی نەبووبیت؟ دەنگی خومپارە لە موزیکی کامیاندا هەیە؟ دوا قیژەی ژنێک کە خەریکە ”لەسەر شەرەف” دەبێتە زوخاڵ، لە قوڕگی کامیاندایە؟ پێویستە لە نێوان گۆرانییە دووبارەییە نەتەوەیی و دڵدارییکاندا جۆرێکی دیکەی گۆرانیمان هەبێت.
جۆرێک ڕێک لەو نێوانەدا، پێویستە کەرەستەی نوێ بۆ موزیک و گۆرانییەکان بدۆزینەوە، ”دەنگی ماتۆڕی دیلیڤەریی ڕێستۆرانتەکان، دەنگی قوڕگی نووساوی پیرەمێردێکی دەستگێڕ، ترپەی دڵی کرێچییەک، پێویستە ببنە ڕیتم، بکرێنە نۆتە. ئەگەر لە ژورەکەتدا و لە ساتی نووسینی نۆتەی موزیکێکی ڕۆمانسیدایت و خۆت لەگەڵ دەنگی موبەڕیدەی ژوورەکەت ڕاهێناوە و بەڵام کارەبایش دەبڕێت، تۆ هێشتا تووڕە نابیت و هێشتا خەریکی نووسینی نۆتەی موزیکێکی ڕۆمانسییت، ئیدی تۆ موبەڕیدەکەیت نەک موزیکزان”.
تووڕەیی هونەرمەند جوانترین جۆری تووڕەبوونی مرۆڤە، چونکە ئەم مرۆڤە لە ئەنجامی تووڕەبووندا داهێنان دەکات، کاری نوێ دەکات، تووڕەبوونەکەی دەکاتە هونەر. موزیکزان و گۆرانیبێژان تووڕەبوونەکانیان لە ئیسکان و سەهۆڵەکە لەگەڵ هاوڕێکانیاندا بەدەم خواردنەوەی چا هەڵدەڕژن و لە ماڵەوە لە ئارامییەکی تەواودا، موزیکە ڕۆمانسییەکەیان تەواو دەکەن، یاخود ”لۆرکێ و لۆرکێ” دەژەنن!

 

تووڕەیی هونەرمەند، پۆڕترەیتی بتهۆڤن، لەلایەن کاتزارۆڤەوە

 

جۆرێکی تر لە گۆرانیبێژەکان کە دەیانەوێت لەو بازنەیە بێنە دەرەوە، گۆرانییە کۆنەکانی گۆرانیبێژانی نەوەی پێش خۆیان دەڵێنەوە. کەم نین ئەوانەی لەسەر ڕۆحی تایەر تۆفیق و عەلی مەردان بوونە گۆرانیبێژ و ناسران، نیوەی گۆرانییەکانی مەزهەری خالقییان چەندبارە کردەوە، وەک خۆیان دەڵێن بە دابەشکردنی نوێ و ڕەنگی ئامێری نوێ! حەسەن زیرەک، محەمەدی ماملێ، عەباسی کەمەندی، شەماڵ سائیب و حەمەساڵح دیلان و زۆری تر. لە ڕاستیدا ئەمە نەک نوێگەری نییە، بەڵکو لە بەرزترین ئاستیدا کارێکی سواو و بێڕۆحە، جگە لەوەی نەهاتوونەتە دەرەوەی بازنەکە، بەڵکو لە چەقی بازنەکەدان.
خراپیی ئەم دۆخە تەنها لە ئەستۆی گۆرانیبێژەکاندا نییە، چونکە بە شێوەیەکی گشتی گۆرانیبێژەکان شارەزایی موزیکییان نییە و هیچ ئامێرێکی موزیک نازانن، کەواتە موزیکزان کارەکانی بۆ ڕادەپەڕێنێت و وەک قوڕێکی دەستکرد دروستی دەکات، بەو شێوەیەی کە دەیەوێت. ئەگەر کەسی گۆرانیبێژ خۆی شارەزای موزیک بێت و سەر بەم نەوە پڕژاوەژاوەی موزیک بێت، کارەساتەکە زیاتر دەبێت.
بۆ تێگەیشتن لەوەی موزیکزان دەتوانێت چ ڕۆڵێکی لە کارە هونەرییەکانی گۆرانیبێژێکدا هەبێت، نموونەی خانمە هونەرمەند هانی موجتەهیدی دەهێنمەوە. کاتێک ئاکۆ عەزیزی موزیکزان موزیکی سەرجەم گۆرانییەکانی یەکێک لە ئەلبوومەکانی هانی دروست دەکات، ئیتر ڕێڕەوی کارکردنی ئەم گۆرانیبێژە دەگۆڕێت و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ هانییەکەی پێش ئاکۆ عەزیز، بەڵکو تا ئێستایش لە داهێناندایە و لە کاری نوێ بەردەوامە، ئەو ڕێڕەوەی دۆزیوەتەوە کە گۆرانیی کوردی پێویستی پێیەتی. گوێ بۆ گۆرانییەکانی ”دیموکراسی” و ”ماندوی ڕەنجێکم، ڕەنجی من نییە” ڕادێرە، ئەم دوو گۆرانییە دوو ستایلی جیاوازن، یەکێکیان لەسەر پەیژەی مەقامە ڕۆژهەڵاتییەکان و ئەوی دی ڕۆک ستایل، بەڵام داهێنان خەڵی هاوبەشیانە.
”مرۆڤ پێش ئەوەی ئامێریکی مۆسیقا بگرێت بە دەستیەوە، دەبێ دڵنیا بێت لەوەی شتێک هەیە بە زمان ناوترێت.”
شاری مۆسیقارە سپییەکان، بەختیار عەلی
ئەم چەمکە بووەتە قەڵغانی موزیکزانە تەممەڵەکانی باشوور، کاتێک کەسێک ئەم ڕستەیە بە کار دەبات کە پەیامێکی هەیە و لە ڕێی موزیکەوە دەیگەیەنێت، بەڵام موزیکزانی باشوور پەیامیان نییە، هیچ شتێکیان نییە بیانەوێت بیڵێن و بە وشە نەتوانن گوزارشتی لێ بکەن، بەڵکو زۆر جار تەنانەت بە وشە و ڕستەیش هیچ پەیامێکیان نییە، جگە لە پرتەوبۆڵە. لەبەر ئەوەی ڕۆشنبیریی موزیکی لای کەسی موزیکزان تا ئاستی سفر لاوازە، سەلماندنی ئەم ڕاستییە ئاسانە: تەنها گوێگرێکی باش بە، بەم ڕاستییە دەگەیت.
ئەم ڕستەیە لەوێوە دێت کە موزیک پایەی سەرەکیی ئەم هونەرەیە، دەنگ بەبێ وشە خەیاڵ دروست دەکات و پەیام دەگەیەنێت، فرۆیدیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە. بێتهۆڤنیش بۆ سەردەمی خۆی دانەرێکی داهێنەر بوو، ڤاگنەریش بە هەمان شێوە. ئەوەی کە تا ئێستایش گوێیان لێ دەگیرێت، تێگەیشتن و دووربینیی ئەوانە بۆ ڕۆژگارەکان، ئەگینا لە ڕووی ماتریالەوە موزیکی ئێستا لە پێشکەوتووترین سەردەمی خۆیدایە، بە سەردەمی ڤاگنەر و بێتهۆڤن بەراورد ناکرێت.
ئێرنیست تیۆدۆر ئەمادیۆس هۆفمان، لە توێژینەوەکەیدا ساڵی ١٨١٠ لە بارەی سەمفۆنیای ٥ی بێتهۆڤنەوە دەڵێت: ”مۆسیقا دەرگا و پەنجەرەکانی جیهانێکی نادیار بۆ مرۆڤ دەخاتە سەر پشت، جیهانێکی ئەوتۆ کە بە هیچ شێوەیەک لە جیهانی واقیع و حەواسەکانمان ناچێت؛ مرۆڤ وا لێ دەکات هەموو ئەو هەستانەی خۆی کە قابیلن بۆ دەستنیشانکردن، وەلاوە بنێت و بوونی خۆی بسپێرێتە شتە هێشتا نەوتراوەکان.”

 

گوێگرتنەوە لە موزیکێک یان گۆرانییەک کە پێش چل ساڵ گوتراوە، تەنها پەیوەندیی بەوەوە نییە ئەو موزیکە یان ئەو گۆرانییە داهێنانی کردبێت، بەڵکو زۆر جار پەیوەستە بە یادەوەرییەوە، موزیک لەگەڵ هەستەکانماندا کار دەکات و یادەوەری دروست دەکات. گۆرانییەک کە تۆ هەمیشە لە بەر خۆتەوە دەیڵێیتەوە مەرج نییە گۆرانییەکی ”ئاڤانگارد” بێت، بە مانا هونەرییەکەی، بەڵکو دەکرێت تۆ لە کات و شوێن و دۆخێکی تایبەتدا گوێت لەو گۆرانییە بووبێت، کە ئێستایش بە گوێگرتن لێی دەتباتەوە هەمان دۆخی ڕابردوو.
ئێمە وەک میللەتێکی نۆستالژیکپەرست، هەمیشە یادەوەریمان دەمانکەنەوە هاوڕێی گۆرانییەکانی سەردەمی کات و ساتە تایبەتەکانی ژیانمان، ئەمە وا دەکات نەزانین لە ئێستاماندا چی دەگوزەرێت. بە بڕوای من موزیک و گۆرانی کوردی لە بازنەیەکی بچکۆلەدایە و نەک ئەوەی لە بازنەکە نەهاتووەتە دەرەوە، بەڵکو هێشتا خولێکی تەواویشی بە بازنەکەدا لێ نەداوە. شۆپنهاوەر دەڵێت: ”باڵاترین ڕاستییەکان هێشتایش هەر لە ناو هونەردا حەشار دراون، نەک لە ناو زانست و قانوون و فەلسەفەدا.” موزیکی ئێمە موزیکێکی خەسێنراوی خەڵەتێنەرە، خەسێنراوە چونکە بێبەرهەمە و زۆر ناژیی و کرچوکاڵە. خەڵەتێنەرە چونکە زوو دێتە سەر زمان و خۆش ئەزبەر دەکرێت و ئاسان دەگوترێتەوە، بەڵام ”ڕەسەن” نییە وەک ئەو جۆرەی مرۆڤ بە مانا هایدگەرییەکەی.
بۆ ئەوەی لەگەڵ موزیکی سەردەمدا ڕێ بکەین، پێویستە بەم بڕوایەی فەرهاد پیرباڵەوە بەردەوام بین: ”ئێمە پێویستە عەینەن مۆلیدە زبەلاحەکانی بیستوچوار سەعات جاڕسیان کردووین، تۆڵەی خۆمان، وێرانکارانە و ئاژاوەگێڕانە لە دوێنێ و لەم سەردەمە حەقیڕە بکەینەوە.”

 


سەرچاوەکان:
ناسیۆنالیزم و موزیک، نزار سابیر.
مێژووی گۆرانی و مۆسیقای کورد، فەرهاد پیرباڵ.
موسیقی در فلسفە شوپنهاور، ترجمە کیاوش ماسالی.