شێخ فەیسەڵی کۆنە بەعسی هێزی حەشدی شەعبی دروست دەکات

ڕاپۆرت 08/04/2020


چاودێر-تایبەت:

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست چاودێر کەوتوە، وەزارەتی ناوخۆ و فالح فەیاز سەرپەرشتیاری دەستەی حەشدی شەعبی، لەسەر رەزامەندی هێزی بەدر و هادی عامری، هێزێکی ٤٠٠ کەسی بۆ هۆزی کروی، بە سەرپەرشتی شێخ فەیسەڵی کۆنە بەعسی، لە جەلەولا دروست دەکەن.
شێخ فەیسەڵ سەرپەرشتیاری یەکەم هەڵمەتی تەعریب بووە لە خانەقین و جەلەولا ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول.
لەکاتی رزگارکردنی خانەقین ساڵی ٢٠٠٣، شیخ فەیسەڵ و کرویەکان دەرکران. شیخ دەپاڕایەوە لە بەرپرسانی یەکێتی کە لێی خۆش بن، دوای گەڕانەوەی بۆ جەلەولا مانگێکی نەخایاند پەیوەندی بە بەعسیەکانەوە کرد لە سوریا. هەموو کارە تیرۆرستیەکان جەلەولا و سەعدیە و خانەقین، کۆنە بەعسی و کلکەکانی دەیانکرد، هەتا سەرهەڵدانی داعش شێخ فەیسەڵ سەرپەرشتی دەکردن. دەیان تاوانی ئەنجام داو دەیان بێ تاوان بونە قوربانی. تا هێزی پیشمەرگە هێرشی کردو جەلەولای رزگار کرد و شێخ و بەکرێگیراوەکانی هەڵهاتن. لەو ماوەیەدا سونەکان و ساڵح موتڵەگ پشتیوانیان دەکرد. خاوەن قوربانیەکانی خانەقین و دەوروربەری سکاڵایان لەسەر تۆمار کرد. دادگا بڕیاری گرتنی بۆ خۆی و دەستوپێوەندەکانی دەرکرد، هەربۆیە هەڵات بۆ بەغداد و رومادی، هەمیشە لە نێوان حزبە سیاسیە سوننەکانی عێراق یاری کردوە، هەتا سونیەکانی چەواشە کردبو بۆی چوە سەر، ئێستاش کە سوننەکان کاریگەری ئەوتۆیان نەماوە، بە راسپاردەی بەعسیەکان چۆتە پەنا شیعەکان و هێزی بەدر. لەو ماوەیدا هەوڵی زۆری دا بگەڕێتەوە جەلەولا لە ترسی پێشمەرگە نەیتوانی بەڵام ئێستا توانی هێزی بەدر چەواشە بکات و وەزارەت ناوخۆی عیراق رەزامەندی دەربڕیوە ٤٠٠ چەکداری بۆ دروست بکەن.
 سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، بە چاودێری راگەیاند، ناوی ٤٠٠ کەسی بەرزکردۆتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، رەزامەندی موچەی ٤٠٠ کەسیشی و ەرگرتوە. وەزارەتی دارایی بڕیاری موچەی ٤٠٠ چەکداری بۆ دەرکردون بە ناوی حەشدی شەعبیەوە. هاوکات، بەیانی ئەمڕۆ، تەنها ١٠٠ چەکداری پێ کۆکراوەتەوە تا ئیستیعرازیان پێبکات لە جەلەولا.
چاودێرانی سیاسیی ناوچەکەش، پێیانوایە، بە دڵنیاییەوە ئەم هێزە بۆ تێکدانی دۆخی خانەقین و جەلەولا و سەعدیە پێکهێنراوە. ئەنجامی خراپیشی لێدەکەوێتەوە. بۆیە هەقە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە دانوستانەکان لە بەغداد، باس بکرێت و رێگە نەدرێت، بەعسیەکی تاوانباری وەکو شێخ فەیسەڵ لەگەڵ دەستوپێوەندە تاوانبارەکانی تەعریب لە ٣٥ ساڵی زەمانی بەعسدا، جارێکی تر ناوچەکە توشی ئاژاوەو کوشت و کوشتار بکەنەوە.