ئەو وڵاتانەی كوتانیان لەدژی نەخۆشی سیل ئەنجامداوە كەمتر تووشی كۆرۆنا دەبن

تەندروستی 07/04/2020

تیمێك لە زانایانی زانكۆی تیكساسی ئەمریكی بۆیان دەركەوتوە ئەو وڵاتانەی پرۆگرامی كۆتانیان هەیە لەدژی نەخۆشی سیل رێژەی تووشبون بەڤایرۆسی كۆرۆنای دە جار كەمتر تێدا بڵاودەبێتەوە بەراورد بە وڵاتانی دیكە 
رۆژنامەی " زە لریش تایمز" بڵاویكردوەتەوە ئەو زانایانە لیكۆڵینەوەیەكی تایبەتی بەراوردكاریان كردوە لە 178 وڵات كە پرۆگرامی كۆتان لەدژی نەخۆشی سیل پەیڕەو دەكەن  سەبارەت بە تێكڕای بڵاوبونەوە و رێژەی مردن بە هۆی كۆرۆنا ڤایرۆسەوە 
بەگوێرەی لیكۆڵینەوەكە بە درێژایی 15 رۆژ تێكڕای تووشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتانەی كە كۆتانی تێدا پەیڕەو كراو لە یەك ملیۆن كەس 38 كەس تووشی ئەو ڤایرۆسە هاتوە بەڵام لەو وڵاتانەی كە كۆتانی تێدا پەیڕەو نەكراوە ژمارەی تووشبوان گەیشتوەتە 358 كەس
هەروەك رێژەی مردن لەو وڵاتانەی كە سیستمی كۆتانی تێدا پەیڕەو كراوە لە هەر ملیۆن كەسێك رێژەی مردن گەیشتوەتە 4.28 كەس لەكاتێكدا لەو ولاتانەی كە هاوڵاتیانی كۆتانیان بۆ نەكراوە رێژەی مردن بریتی بوە  لە 40 كەس
پێشتریش زانایانی ئەمریكا لێكۆڵینەوەیەكی هاوشێوەیان ئەنجامدا و بۆیان دەركەوت پەیوەندی هەیە لەنێوان تێكڕای بڵاوبونەوەی كۆرۆناو رێژەی مردن و بەكارهێنانی ڤاكسینی " بی سی جی" لەو وڵاتانە
زانایان بۆیان دەركەوتوە كۆتان لەدژی نەخۆشی سیل رێژەی تووشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كەم دەكاتەوە ئەوەش توێژەرانی هانداوە كە رایبگەێنن تێكڕای رێژەی مردن و تووشبون بەو پەتایە پێمان دەڵێت پێدەچێت ئەو ڤاكسینە یەكێك بێت لە ئامرازە سەرەكیەكانی نەهێشتنی كۆرۆنا ڤایرۆس.

هەر سەبارەت بەو پرسە، مژدە خۆشەکە ئەوەیە کە لەعێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، کوتان دژی سیل لە ساڵی شەستەکانەوە بوەتە ئیجباری، بەشێک لە پزیشکەکانی کوردستانیش ئاماژەیان بەو مەسەلەیە داوە کە کاریگەری هەبوە لەسەر کەمتر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە.