هیندستان چۆن سوود لە شەمەندۆفێرەكان دەبینێت بۆ رووبەرو بونەوەی كۆرۆنا؟

ڕاپۆرت 06/04/2020


ئا/رەمەزان شێخانی
بەمەبەستی رووبەروبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ،حكومەتی هیند چەند رێكارێكی گرتوەتە بەر كە یەكەمین جارە لەمێژووی ئەو وڵاتەدا رێكاری لەو شێوەیە دەگیرێتە بەر
 یەكێك لەو رێكارانە بریاری قەدەغەی هاتوچۆو داخستنی سەرجەم فەرمانگەو دام ودەزگاو مۆڵ وماركێت وشوێنە گشتیەكان بە هێڵی شەمەندۆفێریشەوە كە بەدرێژایی 167 ساڵی رابردوو شەمەندۆفێرو هێڵی ئاسنی ئەو وڵاتە رانەگیراوە.
تۆڕی هەواڵەكانی " بی بی سی" ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە فەرمانگەی هێڵی ئاسنی هیند بریاری داوە 20 هەزار فارگۆنی شەمەندۆفێرەكان بكات بە نەخۆشخانەی تایبەت بە تووشبوانی كۆرۆنا ڤایرۆس و جیاكردنەوەی ئەو تووشبوانە.
هەروەك حكومەتی هیند بریاری داوە شەمەندۆفێرەكان بكرێت بە 125 نەخۆشخانەی مەیدانی لەسەرەتاسەری وڵاتدا بە شێوەیەك لەهەرشوێن و جێگەیەك پێویست بكات ئەو شەمەندۆفێرانە وەكو نەخۆشخانەیەكی گەرۆك بەكاردەهێنرێت ودەگاتە شوێنی مەبەست.
بەرپرسانی هیڵی ئاسنی هیند كەبریتیە لە 16 ناوچە داوای لە كارمەندانی فەرمانگەكە كردوە ئەو فارگۆنە باشانە دیاری بكەن كە سیستمی فێنكی وگەرمی باشی هەیە بەمەبەستی ئامادەكردنی وەكو نەخۆشخانە بۆ جیاكردنەوەی تووش بوانی كۆرۆنا لە كاتی پێویستدا.
بیوش گویال وەزیری هێڵی ئاسنینی هیند لە تویتێكیدا لە تۆری تویتەر بڵاویكردوەتەوە لە ئێستادا هێڵی ئاسنین ژینگەیەكی پاك و تەندرووست دەستەبەر دەكات بۆ توشبوانی كۆرۆنا بەمەبەستی چارەسەركردنی تووشبوان 
بەرپرسێكی دەسەڵاتی گواستنەوە لە هیند بڵاویكردوەتەوە لەماوەی 2 هەفتەی داهاتوودا 5 هەزار یەكەی تەندرووستی ئامادە دەكرێت وتیشی لەكاتی زۆر پێویستدا دەتوانرێت لەماوەی 48 كاتژمێری داهاتوودا هەزار یەكە ئامادە بكرێت.
هێلی ئاسنین و شەمەندۆفێری هیند لەسەر ئاستی جیهان بە پلەی چوارەم دێت و هەروەك گەورەترین ئامرازی گواستنەوەیە لەو وڵاتەدا كە ژمارەی دانیشتوانی لەسەرووی یەك ملیارو 360 ملیۆن كەسە.
بەگوێرەی سەرچاوە تەندرووستیەكانی ئەو وڵاتە تا سەر لەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە ژمارەی تووشبوان گەیشتوەتە زیاتر لە 4 هەزار كەس و لەو ژمارەیە 109 كەس گیانی لەدەستداوە
لە كاتی ئاساییەكاندا لە هیندستان رۆژانە زیاتر لە 20 هەزار شەمەندۆفێر كاری گواستنەوە دەكەن لەناوشارو شارۆچكەكانی ئەو وڵاتە كە بەسەر 7 هەزارو 349 وێستگەدا دابەشكراون لەسەرتاسەری ئەو وڵاتە 
سەرچاوە/ سكای نیوز