چانسی عەدنان زورفی بۆ بوون بە سەرۆکوەزیرانی عێراق چەندە؟

عێراق 05/04/2020

چاودێر

 

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، چانسی بوون بە سەرۆکوەزیران بۆ عەدنان زورفی تەواو کەم بووەتەوە و دەشڵێت تا ئێستا زورفی ئامادەی نووسینی نامەی دەستلەکارکێشانەوە نییە.

 

عەباس زاملی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، عەدنان زورفی، ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو تا ئەم ساتە چانسی بۆ پێكهێنانی حكومەت زۆر ئەستەمە.


زاملی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە كردووە، زورفی ڕەتی كردووەتەوە داوای لێبووردن بكات لە ئەركەكەی و تا كۆتایی ڕێگەكە بەردەوام دەبێت، بەڵام ڕێككەوتنە سیاسییەكان زورفی دەوەستێنن لە ئەركەكەی.


وتیشی: "ئەو پەرلەمانتارە شیعانەی پشتگیریی زورفی دەكەن نوێنەرایەتیی زۆرینە ناكەن، هەروەها ناوبراو لە لایەن موقتەدا سەدرەوە پشتگیریی ناكرێت، بۆیە چانسی بۆ پێكهێنانی حكومەت لاواز و ئەستەمە."