نوسینگەی سەرۆك وەزیران: سۆران عومەر دەدەینە دادگا

کوردستان 01/04/2020


چاودێر: نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی دەكاتەوە، لەبەرامبەر قسەكانیدا سۆران عومەر ئەندام پەرلەمانی كۆمەڵی ئیسلامی دەدەنە دادگا.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی  حكومەتی هەرێمی كوردستان لەروونكردنەوەیەكیدا، رایگەیاندوە:" دوابەدوای ئەوەی لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، رێکارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا بووە جێگەی دەستخۆشی ، کەسانێک ویستیان بۆ شێواندنی ئەم دەسکەوتە خەڵک چەواشە بکەن و بە ھەواڵی ساختە پێگەی سەرۆکی حکومەت بکەنە ئامانج".

رونیشكراوەتەوە:" هەندێ لێدوانی ناڕاست و چەواشەکارانەی داوە کە گوایە، داهاتی حکومەت لە خەرجییەکانی زیاترە و هەروەها باسی لەوە کردووە کە سەرۆکی حکومەت گوایە خاوەنداریی بانکێک و کۆمپانیایەکی گەورە دەکات".

ئاماژە بەوە دراوە:" تۆمەتانە" نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: "لەم کات و ساتەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو تواناکانی خۆی بۆ پاراستنی تەندروستی و گیانی هاونیشتمانیان تەرخان کردووە، چاوەڕوانی ئەوە بووین دوور لە ململانێ سیاسییەکان هەموو لایەک بەشدار و هاوکاربن لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بەڵام بەداخەوە کەسانێک سەلماندوویانە کە هیچ کاتێک ناتوانن بە ئاراستەی بەرژەوەندیی گشتیدا هەنگاو بنێن".

جەختیشكراوەتەوە:" وێڕای رەتکردنەوەی ئەم تۆمەتانە، لە پێناو ئاشکراکردنی راستییەکان بۆ ھاووڵاتییانی خۆشەویستمان رێکاری ياسايی دەگرینەبەر. ئەم کەسە پێویستە بەڵگەکانی رادەستی لایەنە یاساییەکان بکات، ئەگەرنا دەبێت بەرپرسیاریەتی یاسایی ئەو چەواشەکاری و ناڕاستییانە لە ئەستۆ بگرێت".