سەرزەمینى گوناهەکان

ڕەخنەی چاودێر 31/03/2020

سەرزەمینى گوناهەکان
ئەحمەد حاجى سامى

   شوێنێکى دوورە دەستە. وەک ددانێکى کلۆر، کە زیان بە پووکەکان دەگەیەنێت، فەرامۆشکراوە. شوێنەکە ئەوەندە گەرمە، ئەو کاروانچییانەى کە بەوێ تێدەپەڕن، ناویانناوە: دۆزەخى سەرزەمین. هیچ ڕووبارێکى تێدا نییە. باڵندەکان هەمیشە لە سەفەردان. دۆڵەکان بوونەتە پەناگەیەک بۆ پەزمەندەکردنى لاشەى بەجێماوەى درەختە ڕزیوەکان. گرد و چیاکانیش؛ بوونەتە پەرژینێک، بۆ داپۆشینى هەموو ئەو ڕقەى، لە ناخى دانیشتوانە ڕەسەنەکەی ئەوێ دەڕژێن و ناوە ناوە بە ڕێبوارەکان دەتەقنەوە. لێرە کەس جاڕى شەڕ و ئاشتى نادات، ڕق و کینە نەبێت. ئێرە تەنها زامە، کە ڕۆژێک دێت، شنەبایەکى بوێر، بۆ هەرێز و گیاکان و گوڵەکانى دەگێڕێتەوە. لێبووردەییش تەنها وشەیەکى نەفەسبڕە و هیچى دیکە. ئێرە مەملەکەتێکە لەلایەن دەشتەکییەکان، بۆ کۆچکردن و دۆزینەوەى ژیانێکى باشتر فرۆشراوە. چەند ساتێکى خەمناکە، کە فریشتە زیندانیکراوەکان، چیدى تواناى ئەوەیان نییە، ببنە پێژنگ و بەرى ئەو تیربارانە نەفرەتییە بگرن. ئەو هەموو یاسا قۆڕە، ئەو هەموو حیکایەتە تاڵە، وەک میوەیەکى پیس، لە بازاڕى خۆنمایشکردندا، تورەگەیەکیان لە شان کردوە و ژەهر کۆدەکەنەوە. نائومێدى، وەک شاڵاوى بۆقەکان، کە دەچنە گۆمەکانەوە و قەوزەکان هەراسان دەکەن، وەها هێرشمان بۆ دێنێ. ئێمەش هێندە بێزاربووینە، کە ناتوانین چیدى بەرگە بگرین. ئێرە شوێنى هەموو شتێکە، ژیان نەبێت، کە خاڵییە لە خۆشەویستى... پێنج هەنگاو دەنێم بۆ دەربازبوون لەو شوێنە چۆڵکراوەى؛ کە هەموو خەونەکانى ئێمەى هەڕاجکرد. ئێوەش کە بە قسەى ئادەمە یەکچاوەکان نەزۆکن، وەرن با ئومێدێک بۆ قەدەرى ڕەشمان هەڵبکەین. لەو شوێنە تاریکە، مۆمێک بۆ ڕۆشنکردنەوەى ئاسمانى ڕەشمان دابگیرسێنین. هیوایەک بۆ ئەو زەمەنە کوژراوەى سەر لاشەمان بهێلینەوە.

هەنگاوى یەکەم: گومانەکانى پیاوێک
   سەوزاییەک هەیە کەس ناتوانێت بچێتە ناوى، تەنانەت کەس ناتوانێت بە تەنیشت گوڵەکانیشەوە بچێت، قەدیان بگرێت و بۆنیان بکات. سەرابێک لەگەڵ قرچەى گەرما؛ درۆ لەگەڵ ئالوودەبووەکانى دەکات، هیچ کەسێک دەبەیەک ئاوى نییە، تا بچێت بەسەر تەلبەندی دڕکاویی سەوزاییەکان بازبدات و تینوێتى گوڵ و ڕێحانەکان بشکێنێت. ئەوان بە ئەستەم ڕێ دەکەن. کە بڵندگۆ کۆنەکە هاوار دەکات و بانگى نوێژیان بۆ دەدات، ئاخێک هەڵدەکێشن، تفێک دەخە ناو دەستە لۆچەکانیان و بە نێوچەوانى خۆیاندا دەدەن. ڕێگەکە دەکوتنەوە. دواجار دەگەنە مزگەوت، مەلا قەمبوورەکە بانگى بەتەمنترینى ناویان دەکات. بزەیەکى بۆ دەکات و لێی دەپرسێت: ئەمشەو خودات لە خەوندا بینى؟ پیرەپیاوەکە، سەر دەلەقێنێت و دەڵێت: من ئەمشەو نەنووستم و هەر دووعام کردوە. نەبادا بنووم و ئیدى هەڵنەستمەوە. دەست بە نوێژ دەکەن. تەواو دەبن. هەموو سەیرى یەک دەکەن، بەڵام کەس قسە لەگەڵ کەس ناکات، سەیرى کاتژمێرى بانگبێژەکە دەکەن و ئاخێک هەڵدەکێشن. نەعلەکان لە باغەڵیان دەردەهێن و دەگەڕێنەوە.

هەنگاوى دووەم: فیتنەى شەوێک
   شەوێکى هاوینە، هیچ فانۆسێک بەرگەى ئەو تاریکییە ناگرێت و دەکوژێنەوە. گلۆپەکان هەڵدەکەن، ئەوان دەستى ئەو تاریکییە ناگرن، لە ترسان دەتەقن و بڕیاردەدەن چیدى دانەگیرسێنەوە. لە سەربانى خانوێکى قوڕى کۆن - کە وەک هەنارێکى پیر، شەق شەق بووە - کیژۆلەیەکى خرپن، بە دەستە چکۆلەکانى - کە شەو ڕۆژى لێ تێکچوە - جلە تەڕەکانى برا ونبووەکەى لەسەر ڕستە ژەنگگرتووەکەیان ڕیزدەکات. بەو ئومێدەی شەوێک هەر دەگەڕێتەوە و جلە دڕاوەکانى خۆى دادەکەنێت و داواى دەستێ جلى تازە دەکات. خانەوادەیەکى بەختەوەر، هەموو شەوێک کۆدەبنەوە. نوکتە بۆ دار و باغ و ئاو دەگێڕنەوە و بە پێکەنینیان دەهێنن. شەوێکى گەرم، زۆر گەرم، باوەش بە ئەستێرەیەک دەکەن و لەتێک ڕووناکى لێ قەرز دەکەن. خانەوادەیەک بژێوى ژیانیان لەسەر بێستانێکى چەن مەترییە. ئەوەندە هەژارن، هەموو شتێک دەچێنن، وەفا، ڕێز، عیشق، خۆشەویستى، هەموو شتێک کە پێوەندى بە مرۆڤ و ئاکارەکانییەوە هەبێت. شەوێک فێڵ لە  کوڕێکى گرگن دەکات، بە دزى باوکییەوە؛ تفەنگەکەى ماڵەوەیان دەدزێت، تا تەقە لە مانگ بکات. ئەوەندە حەز دەکات ببێتە ڕاوچى. بە نینۆکبڕێک پەنجەى خۆى دەگەزێت و پەیمانى برایەتى لەگەڵ فیشەک دەبەستێت. لە هیچ ناترسێت، ئاوڕ لە پشتەوە ناداتەوە و دەچێتە ناخى دارستانەکانەوە. لە دواى خۆى، باولێک نامە  بۆ دایکە شەلەکەى جێدەهڵێت. نامەیەک بەوە دەستپێدەکات: ئەوانەى ڕۆیشتن و برینێکى قووڵیان لە دواى خۆیان جێهێشت، ئەگەر بشگەڕێنەوە، هیچ جوانییەک لە هەگبەیان نەماوە، جگە لە شکانێکى تر و ئازارێکى تر.

هەنگاوى سێیەم: هەڵگەڕانەوەى ڕۆحێک 
   لە کەلێنى دارەکانەوە بەردی دەگرتە ئەو جووتیارەى کە کاى پەشیمانى بە با دەکرد. جووتیارەکە ئارەقەى دەموچاوى دەسڕیی و دەستى بەرزدەکردەوە: خودایە زۆرم نەماوە. لەسەر پێستە وشککراوەکە بە گەورەیى نووسی: مرۆڤ لە پێناو بژێوى خۆى، بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەیە. ڕۆحێک هیچ ئیرادەیەکى گۆڕانکارى نییە. ئەو هەرگیز لەگەڵ هەلومەرجەکان خۆى ناگونجێنێت. ئەو نەخوێندەوارێکى ڕەشبینە و بە هیچ دەقێک باوەڕ ناکات. بڕواى بە پەرتووکە ئاسمانییەکان نییە و بە چەند دێرێکى کەم بایەخ؛ کە ژیانى قوورستر کردەوە ناویان دەبات. ئەو لەگەڵ هەموو گیانلەبەرەکانى دەورووبەرى دەکەوێتە شەڕ. جەستەیەکى ماندوو، خۆى لێ بێبەرى کرد. لاشەیەکى بریندار، بەرەنگارى بوویەوە و شکستى هێنا. تەرمێکى بۆگەن، بڕواى پێکرد و دواى کەوت. ئەو ڕۆحە ڕۆحێکە، درۆ بە درۆ دەخاتەوە. ئازادى بە خۆى دەفرۆشێتەوە. فیشەک بە خۆیەوە دەنێت، چونکە دەمێک، کە گوێى لە گۆرانییەکانى ڕۆحێکى تر گرتبوو، کەوتە ناو دنیای خەیاڵەوە و هەموو شتێکى لە یاد کرد. کۆتایی بە شۆڕشەکەى خۆى هێنا و لە لاپەڕەیەکى سپى تازە لەدایکبوو، ناوى خۆى نووسییەوە... زەمەن باکى بەو ڕۆحانە نییە، کە هەرگیز بەرگەى دژوارى ڕێگەیان نەگرت و کوشتنیان هەڵبژارد. ئێمە بە ڕێگەکە دادەچین و ناکەوین، چونکە بەر لەوەى خۆمان بە ڕۆحمانەوە سەرقاڵ بکەین، گوێ لە ترپەى دڵمان دەگرین و شایەدومان دەهێنین، کە ئێمەش دیلى ڕۆژگارین، بەڵام هەرگیز کۆڵنادەین. 

هەنگاوى چوارەم: قەڵەمێکى شکاو
   لەگەڵ ڕەشەباکاندا دەفڕى. سوارچاکێکى پاڵەوان و زمانزانێکى لێزانبوو. حەزى بە دەرکەوتن لە چوارچێوەی شاشەیەکى ڕەنگاوڕەنگ دەکرد. دەیویست ئەو چیڕۆکە تراژیدیاى خۆى بۆ هەمووان بگێرێتەوە، کە بووەتە ئەزموونێکى تاڵ لە ژیانیدا. ئەو دەیگوت: پێشبینم هەیە بۆ داهاتوو. بەڵام، فاڵچى نیم! دەزانم ئایندە چۆن خۆى دەنوێنێت، بەڵام، جادووگەر نیم! لەهەر شوێنێکبا، قسەى خۆى دەکرد. هەمیشە دەیگوت: بۆ مرۆڤى ڕۆژگارە دێرینەکان، خوێندنەوە و موناجات، شەو و نووسین، گوزارشت بووە؛ لە تێرامان و بیرکردنەوە لە هەموو دروستکراوێک. بەڵام، مرۆڤى سەردەمى مۆدێرین، قوربانى دەستى چەند چەمکێکى بێناوەڕۆک و هەندێک کات بەسەربەرى کوشندەیە. ئەوەندە گەشبین بوو لەوەى ڕۆژانێک دادێت هەموو شتەکان وەک خۆیان لێدێنەوە. ئەوەى خراپبووە چاکدەبێتەوە. ئەوەشى باشە و نەگۆڕاوە، باشتر دەبێت. چەند کەسێکى لە دەورى خۆى کۆدەکردەوە، وانەى هۆشیاریی و ڕێگەکانى سەرکەوتنى پێدەگوتنەوە. لە هیچ شتێک نەدەترسا، ئەوە نەبێت، وەک هەتیوێکى سەر شەقامەکان فڕێبدرێت. دەترسا لەوەى کەس گوێی بۆ نەگرێت و پەراوێز بخرێت. ڕۆژگار بەزەیی نییە! نەخۆشییەک - کە ماوەیەکى زۆربوو پەلەقاژەى دەکرد - خۆى دەرخست و هەموو شتەکانى وردوخاش کرد. پێشبینییەکان نەمان. ئایندەى لە بیر کرد. خۆى لە دەستدا و بووە مرۆڤێکى مۆدێرنى گیرۆدە. باشییەکان خراپبوون و خراپییەکانیش خراپتر. ئیدى کەس گوێى بۆ قسەکانى نەدەگرت. کەس کاتى خۆى بە فیڕۆ نەدەدا و لە دەورى کۆنەدەبۆوە. هەموو شتەکان پێچەوانەبوونەوە. سپێدەیەک کە هیچ ئیلهامێکى بۆ نەدەهات و بێزاریی تەنگى پێهەڵچنیبوو؛ بۆ پارچە کاغەزێک دەگەڕا و بۆى نەدۆزراوە. قەلەمەکەى دەرهێنا و لەسەر دەستى چەپەى نووسی: هەموومان بۆ جارێکیش بێت، لە شوێنێکدا شکاوین. هەردەم وێلى ئەو کەسەین کە لەدواى خۆمان، پارچەکانمان هەڵدەگرێتەوە. مادەومان با بە خاڵى بمرین! من کە هێشتا زۆرم ماوە بیلێم و زۆریشم ماوە بینووسم، جارێ زووە... 

هەنگاوى پێنجەم: قومارچییەکى زۆڕەو
   دەیزانى یاریەکە لە تەواوبوونە و خەریکە دەدۆڕێنێت، دەستى بۆ باغەڵى برد و پارەى زێترى خستە سەر مێزەکە. بانگى مەیگێڕەکەى کرد و داواى پەڕداخێک مەى کرد. کە بۆیى هات، خێرا نۆشى کرد و هەستاوە سەر پێ. بەرلەوەى تۆز و گەردى نیشتووى دامێنى کراسەکەى بتەکێنێت، تفێکى لە پولەکانى بەردەمى کرد و نەڕاندى: خراپە وەک سۆزانییەکى چلێس لە بەردەممان سەما دەکات. ئەگەر پاسەوانێکى بوێر بین، دەتوانین حیکمەت بە خۆمان بدەین و چێژ لە جەستەى تاریکى ئەوان وەرنەگرین. چونکە تەنها خۆتى کە چێژ بە خۆت دەدەیت. تەنها ڕۆحى بزێوى خۆتە؛ کە لە بێئاگایی خۆت، ئاسودەییت پێدەبەخشێت. 
   پیاوێک کە لە پشتى دەرگەوە گوێى بۆ ئەو وڕێنانە شلکردبوو، هاتە ژوورەوە و لێى نزیکبۆوە: تەنها دۆِراوەکانن وەها بە ڕاستگۆیانە قسە دەکەن. مرۆڤ کە درکى بەوە کرد، دۆڕاوە و هیچى نەماوە لە دەستى بدات، سەیرى دەورووبەرى دەکات و تەنها ڕاستییەکان دەبینێت. قسە لەگەڵ خۆى دەکات و خۆى لە هەڵەکان پاکدەکاتەوە. دەست دەخاتە سەر برینەکانى و بڕیار دەدات بەرگە بگرێت. ئەو کاتە مرۆڤ لە باڵاترین پلەى خۆیەتى. بیرکردنەوە لەو کاتانە بەرەو ڕێگەیەکى ترمان دەبات و ڕێنوێنیمان دەکات بۆ دووبارە هەستانەوە، چونکە دۆڕان بەشێکە لە بردنەوە، بەڵام بە دڵتەنگى.
   پەرداخەکەى دەستى ڕاوەشاند، کۆنتڕۆلى خۆى لە دەستدا و هاوارى کرد: سەیرکە پیاوى غەریبە، دەزانى تۆ زۆر نەزانیت! من ئەو قسانەم بۆ خەمى لە دەستدانى ئەو هەموو پارەیە کرد. ئەگەر بمزانیبا دەبەمەوە، سەرى خۆم کز دەکرد و بیرم لە ڕۆژى داهاتوو دەکردەوە، کە چۆن و بە چ شێوەیەک بێمەوە و پارەى زێتر ببەمەوە. بەڵام ئێمە ئافرێنراوێکى بەدبەختى ناو ئەو یارییەین. سەیرکە باڵمان نییە و دەمانەوێ بفڕین. پڕین لە شەهوەت و ناتوانین هەستەکانمان بشارینەوە. عەوداڵى خۆشبەختین و کەچى بەدواى نەمرى دەگەڕێین. ئێمە چین؟ مەگەر تەنها کۆمەڵێک مرۆڤ بین کە بە خۆمانەوە بێگانەین و هەمیشە تەنهاین.
   پیاوەکە لەسەر تەختە دارینەکەى تەنیشت پەنجەرەکە دانیشت، قاچى خستە سەر یەک و دەستەکانى لەسەر ئەژنۆى دانا. چەند هەناسەیەکى قووڵى هەڵمژى و گوتى: نا وانییە. جارى وا هەیە مرۆڤ هەمیشە دوورە. هەمیشە لەوسەرى ڕێگەکانەوە دەبینرێت، بەڵام هەرگیز نزیک نابێتەوە. هەمیشە هەست بە بوونی دەکەیت، بەڵام نایبینیت. ئەگەر توانیت وەک مانگ، هەمیشە لە درەوشانەوە بەردەوام بیت، ئەوا هەرگیز هەست بەو هەموو تەنهاییەى خۆت ناکەیت. چونکە بۆ مانەوەى کەسێک لە لات، دەبێ بۆ هەمیشە بدرەوشێیتەوە و بە بیرى بهێنیتەوە؛ کە تۆش هەیت و لە لاى ئەو بوونت هەیە. زۆربوون ئەوانەى هاتن و ڕۆیشتن. هەندێک جوانییان جێهێشت، هەندێکیش تەنها ناشرینى.
   بۆ ماوەیەک بێدەنگبوو. هەستى کرد هەموو ئامادەبووانى ئەوێ سەرنج دەخەنە سەر ئەو، وەک پیشەى هەمیشەیی خۆى، چاویلکەکەى خستە سەر لوتى و دەستى بە گۆرانى گوتن کرد. بە شێوەیەک هەمووانى خستە پێکەنین، کەس بیرى لەلاى یاریەکە و ئەو گفتوگۆیەی نێوانیان نەما. بۆ ماوەیەکى زۆر بەردەوامبوو... کە بینى هەمووان مەستن، ئیدى کاتى خۆیەتى! وەک پشیلەیەکى بێوەفا، خۆى دزیەوە و هەموو پارەکانیشى لەگەڵ خۆى برد. کێلونى دەرگەکەى کردەوە. بەرلەوەى هەنگاو بەرەو دەرەوە بهاوێژێت، سەیرى پیاوەکەى کرد و گوتى: ئێمەى دۆڕاو، بۆ شاردنەوەى شکستى خۆمان، دەبێ هەمیشە وەک گاڵتەچییەکى بێئاگا دەربکەوین. بەهۆى تۆوە ئەوجارەشیان لێیدەرچووم. خۆ بەیانیش دێیتەوە؟


ئۆگەستى 2019