غەریبەکان

ڕەخنەی چاودێر 30/03/2020

غەریبەکان
نووسینی: ئیسماعیل سابیر

وەک ئەو دەستگێڕە ماندووانەی لە پێناو ژەمێک نان بێ ئاراستە دەگەڕێن و بە هاوارەکانیان کۆڵان بێزار دەکەن
دەڕۆیشتین و نوتفەی خۆشەویستی تۆمان له کۆڵانەکانی لۆژیک دەپرژاند و پڕ بە زام شەومان بە فەتارەت دەدا
ئەو سواڵکەرانەی خەویان نییە، لەپێش دەرگاکان دەپاڕێنەوە، هیچ ژەمێک نەبوو لەپێش باخەکانی تۆ وەک مناڵ بۆ سەبەتەیەک سێوی ڕزیو نەپاڕێنەوه‌.

ئەو مرۆڤانە وەک کۆڵبەری دڵشکاو لە شاخە عاسێیەکانی کوردستان ئەڤینی ماوەبەسەرچوویان بە قاچاغ گوازتەوە ناو هەرێمەکانی دابڕان
لەگەل ئاراستەی هەرهەنگاوێک یادەوەریی سەگێكی هار بوو قەپاڵی لە سەرفرازییان دەدا.

ئێمە ڕۆژگارێک وەک سواڵکەری پێش دەرگاکان هێندە نووزاینەوە و دەستمان بۆ ئەستێرەی بەخت خوار کردەوە
مانگ سکی بە حاڵی شۆفێره‌كانی شه‌و هات
ژنە میهرەبانەکان تەریق بوونەوە هێندەی لە ترسی پیاوە چڵێسەکانیان دەرگای باخەکانی سینەیان بەڕووماندا کڵۆم بدەن.

خۆشەویستەکانمان ئەوانەی لەژێر باراندا دەستەکانیان بە ئاراستەی دڵ و تیر نمایش دەکرد، شەوان وەک چۆلەکەی لەرزیو بە دزی باوکیان لەژێر سەرین بۆ وەفای عەشقی ئێمە دەگریان،
ڕۆژێک هات دەست و گیرفانی پیاوە تەنگەستوورەکانیان لەجیات گیرۆده‌یی ئێمە گوشی
به‌ڵام وەک سەربازە دۆڕاوەکانی دوای جەنگ، ئێمەی عیناد تا دوا وادە وازمان لە خەنجەری ژەهراوی ئەم شەڕە خوێناوییانە نەهێنا 
لەگەل سەرخۆش و مەستەکان بۆ هەمیشە یادمان کردنەوە

شەو شاهێدبوو؛ لەسەر ڕۆخی شەقام و شوێنە تاریکەکان چەندجار بۆیان گریاین.
لەناو ماشێنە کۆنەکان چەندجار بەدەم گۆرانییەکانەوە ناومان هێنا.


ئەو هەنگاوە نادیارانەی لەسەرمدا بێ شوومار درێژ دەبوونەوە، پاسدارەکان وەک دز ڕاویان دەنا
کە گوللە وەک ڕەوە ئەسپ بەرەو سنگی قەسیدەمان دەهات
سەرینی پڕ پیاسەمان وەک گاشەبەردی نێو شەوەکان تاکە پەناگە بوو بۆ شاردنەوەی سوبێکتی لەرزیومان
ئەو دەستبەسەرانەی پێش وادەی مەرگ دڵنیابوون لە چارەنووسی خوێنینیان، دەترسان لە دوا قومی جگەرەی جەللادەکان
هەربۆیەش نامەی درێژیان سەبارەت بە ماڵئاویی وەک وەفایەک بۆ خۆشەویستەکانیان نارد.
درەنگ زانیمان؛ لەپەنای کێل و مەرقەدی گۆڕەکانمان
چەند ڕۆژ خۆشیان ویستین و چەند شەو بۆ گۆڕینی ئاراستەی شمشێرەکان خەریکی نزا و گریان بوون بۆمان.

دڵمان بە هەڵکۆڵینی سەردیوار و بچووکترین نووسینی سەر کەنارەکان خۆشبوو
دڵمان خۆشبوو؛ کەفی شەپۆلەکان لە چوار دەوری ناوەکەی ئەودا وەک ئەسپی ماندوو ڕاکشابوون.

وەک چۆن سەردەمانێک سەرەڕای بێ پارەیی دڵمان بەم جیهانە خۆشبوو،
 ژیانیش به‌وشێوه‌یه‌ بووبا سەرەڕای خەمگینی، بەم عەشقە خوێناوییەی تۆوە خۆش ده‌بوو.

بە لای مەزاری (ئیمام کازم) تێپەڕین و لەبەر نزای ژن و پیاوە داماوەکان خۆمان لەبیر کرد
بەڵام لەژێر پردەکان چەند شەو کێکی بە کونجیمان لەگەڵ هاوڕێ دڵشکاوەکانمان خوارد
له ئۆتۆبان و ڕێگا درێژەکاندا هێندە تەنیا بووین، هێندە دڵتەنگی ناو جانتای پارەکانمان بووین،
دانیشتین لە تاریکیدا خەوتین.

لە چرکەساتێکدا:
(وەک کچە فێڵبازەکانی شار شەرمنانە لەجیات پەنجە، کوچە و لاتەریکەکانت بە من ناساند بازاڕی ئاڵ و واڵاییت کردە ڕێڕەوی پیاسەکان/ قەیسەریی و بازاڕە کۆنەکانت کردە نمایش و گەڕانم بەدوای هاوشێوەکانی ترتدا/ هیچ شەقامێک نەبوو ئەم خەمگینییەم بگوازێتەوە/ هیچ کۆگا و فرۆشگایەک نەبوو هەڵم خەڵەتێنێ، هیچ ڕەنگێک نەبوو ئاسەواری پەنجەی بۆیەکراوت بەسەر پاڵتۆی ڕەنگاوڕەنگمەوە بشێوێنێ؟/ وەک شەپۆڵی ڕۆخ دەریاکان ئەڤینت لەم دەریای فریوەدا یاری بە مەلەوانە ساویلکەکان کرد/ ئێسقانەکانم وەک زیادەیەک بەخشییە ڕاوچیی بەندەرەکان/ بەدبەختی کوڕانەم وەک بارێکی قورس لەپشتی کەشتییە ماندووەکان بارکرد/ دواجار هەر ئەم دەریایانە بوون تەمەنیان بێ ڕادە لە سنوورەکان بە فەتارەت دا.)

کاتێ پەڕاوەکانی عەهد و وەفا فەرامۆش کرا
غەریبەکان بێ چارە لەسەر ئەم زەوییە وێرانە مانه‌وە.

پیاوه‌كان هێنده‌یان ئازار وه‌ك تووره‌گه‌ كرده‌ سه‌رشان                                           له‌م ماڵه‌ كۆڵ به‌ كۆڵه‌دا هێندە ئەشکەنجەیان عه‌مبار كرد
لە گەشت و سەیراندا هه‌میشه‌ بە دوای ژنی جوان و خراپدا گەڕان
بەڵام لەجیات لەززەتی ناو پێخەف
شەو شاهێد بوو،
له‌سه‌ر ته‌خته‌ی خه‌و تا به‌یانی وه‌ك منداڵ  ژیر نەبوونەوە و گریان.