ڤایرۆسی كۆرۆنا،توركیا دەكات بە ئیتالیایەكی تر؟

ڕاپۆرت 28/03/2020


ئا/ رەمەزان شێخانی
تا 3 هەفتەی رابردوو توركیا سوور بو كە وڵاتەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا بڵاونەبوەتەوە ، بەڵام رەوشەكە بەشێوەیەك گۆراوە پسپۆران هۆشداریان داوە پێدەچێت توركیا رووبەروی هەمان چارەنوسی ئیتالیا ببێتەوە.
رۆژی 10ی ئەم مانگە ئەنقەرە یەكەمین حاڵەتی توشبونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوكردەوە گوایە كەسە تووشبوەكە لە ئەوروپا گەراوەتەوە.
فەخرەدین كۆجە وەزیری تەندروستی توركیا بڵاویكردەوە رێكارەكانمان زۆر لە كۆرۆنا بەهێزترە و تووشبونی كەسێكیش نابێتە هەرەشە بۆ سەر كۆمەڵگە.
بەڵام پاش تێپەربونی تەنها 2 رۆژ وەزیری تەندروستی داوای لەگەلی توركیا كرد ماوەی 2 مانگ خۆراگر بن ئەوەش نیشانەی پرسیاری لەلای هاوڵاتیان درووستكرد.
توركیا لە قۆناغی خۆهەڵخەڵەتاندنەوە گەیشتە قۆناغی باری نائاسایی .
رۆژی 27ی ئەم مانگە ژمارەی تووشبوان لە توركیا گەیشتە 5700تووشبو لەو ژمارەیەش 92 كەس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا.
سایتی مۆنیتۆر بڵاویكردوەتەوە ئەو ژمارەیە مەترسی لەلای پسپۆران درووستكردوە چونكە ئەو ژمارەیە زیاترە لەو ژمارە تووشبوەی كە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە لە ئیتالیا لەو قۆناغەدا گیانیان لەدەستداوە.
لەبەردەم تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەزیری تەندرووستی توركیا بڵاویكردەوە كۆرۆنا لەهەموو شوێنێكی توركیا بڵاوبوەتەوەو پێویستە رێكاری تووندتر بگرینە بەر بۆ روبەروبونەوەی ئەو ڤایرۆسە كوشندەیە.
دووڕویی ئەردۆغان
ڤایرۆسی كۆرۆنا تێكەڵەیەك لە هەڵەو خراپ بەرێوەبردنی حكومەتەكەی ئەردۆغانی ئاشكرا كرد چونكە ژمارەیەك لە پسپۆرانی لاینگری ئەردۆغان بڵاویانكردەوە توركەكان پارێزراون بەهۆی پێكهاتەی جیناتیانەوە كە دواتر راستیەكان ئاشكرابوون.
دەركەتنی ئەو ڤایرۆسە كاتێكی زۆری نەبرد و توركەكان بەهەمان شێوەی وڵاتانی دیكە تووشی نەخۆشیەكە هاتن
حكومەتی توركیا داوای لە هاوڵاتیانی خۆی كرد بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە ،بەڵام ئیش وكارەكان وەكو خۆی بەردەوام بوو ئەوەش رێگەی بۆ هاتنە ناوەی ڤایرۆسەكە خۆش كرد.
سەرباری ئەوەش ڤایرۆسەكە بو بەهۆی گیان لەدەستدانی 100كەس بەڵام گەشتە ئاسمانیەكانی توركیا تا شەوی هەینی رابردوو بەردەوام بوو.
ئاژانسی ئەنازۆڵ ی توركیا بڵاویكردەوە ئەردۆغان بریاری داوە لە كۆتایی هەفتە سەرجەم ناوچە كەناریەكان و باخچە وپاركەكان دابخرێن ورێگە بە درووستبونی قەرەباڵەغی نەدرێت بەڵام رێكارەكان درەنگ دەست پێكرا ئەوەش بو بەهۆی بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە.
ئیمراح ئەلتیندیس مامۆستا لە كۆلێژی بوستن نیگەرانی خۆی دەربڕی لەبەرزبونەوەی ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هۆشداریشی دا كە توركیا هەمان چارەنوسی ئیتالیا وئێران چاوەروانی دەكات.
راشیگەیاند توركیا زۆر دواكەوتوە لە پشكنین  كردن بۆ هاوڵاتیان چونكە وڵاتێكی وەكو كۆریای باشوور رۆژانەپشكنین بۆ 20 هەزار كەس دەكات بەڵام توركیا تا رۆژی 18ی ئەم مانگەپشكنینی بۆ 20 كەس كردوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ئەو دوركەوتنەوە كۆمەڵایەتیەی ئەردۆغان داوای كردوە كاریگەری كەمی دەبێت چونكە رۆژانە ملیۆنەها كەس دەچنە سەر كارەكانیان.
لەلایەكی دیكەوە هالوك كوكوكراس مامۆستای پسپۆری تایبەت بە پەتاكان لە زانكۆی ئەستەنبول داتایەكی كیشاوە سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا 
ئەو پسپۆرە رایگەیاندوە بەتێروانین بۆ تێكرای تووشبوان لە وڵاتان پێدەچێت توركیا لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا پێش ئیتالیا بكەوێت وبۆیە پێویستە قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ لە وڵاتدا رابگەێندرێت
وتیشی راستە دووچاری داروخانی ئابوری دەبین و كێشەی كۆمەڵایەتیمان دەبێت بەڵام هیچ بژاردیەكی دیكەمان نیە بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا.
رۆژی هەینی وەزیری تەندروستی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بڵاویكردەوە تەنها لەیەك رۆژدا 2هەزار حاڵەتی تووشبون و 17 گیان لەدەستدا تۆماركراوە.
 داواشی كرد رێكاری توند بگیرێتە بەر بەڵام باسی لە بریاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ نەكرد بەڵكو داوای كرد كاتژمێرەكانی كاركردن رێك بخرێتەوە.
سەرچاوە/ سكای نیوز