کوردستان

ڕێكخراوێك لە سلێمانی پرۆژەیەكی خێرخوازی بەرفراوان ڕادەگەیەنێت

پێش 1 هەفتە


ڕێكخراوێك لە سلێمانی پرۆژەیەكی فراوانی خێرخوازی ڕادەگەیەنێت بۆ پێدانی خۆراك و پێداویستی ڕۆژانە بە هاوڵاتیان، وەك خۆشیان ئاماژەی پێدەكەن پێشتریش 100 ملیۆن دیناریان داوەتە یەكە ئیداریەكانی سلێمانی و ڕاپەڕین و هەڵەبجە تا لەم دۆخەدا هاوكاری خەڵكی پێبكەن.
هونەر عومەر سورچی سەرۆكی ڕێكخراوی هونەر عومەر سورچی بۆ هاوكاری مرۆیی لە لێدوانێكدا بە چاودێری ڕاگەیاند:ئێمە وەك ڕێكخراوی هونەر عومەر سورچی ئەمڕۆ دەستمان كرد بە پێدانی 45 هەزار دۆلار بەوانەی كرێچین تا خاوەن موڵكەكان لە كرێكانیان خۆش بن، بەشێكیان بەشە ناوخۆییەكانن، بەشێكیشیان لە شوقەدان و بەشێكیشیان خانوون، بەنیسبەت دوكاندارەكانیش ئەم مانگە لە هەموویان خۆش بووین.
وتیشی بەرنامەی نوێمان ئەوەیە، دەست دەكەین بە دابەشكردنی خۆراك و پێداویستی ماڵ(ئازووقە) بەنیازم لە قەراخ و شارەزوور و سەیدسادق و پێنجوێن و خورماڵ و دوكان و قەڵادزێ و قەڵاچوالان و تەكیەوە دەستپێبكەم تا دەگاتە سلێمانی، هەروەها هاوكاری دەگەیەنینە ئاوارەكانی سوریا كە نزیكەی هەزار ماڵ دەبێت بە هەمووی ئازوقەیان بۆ دابین دەكەین.
سەرۆكی ڕێكخراوی هونەر عومەر سورچی ئاماژەی بەوەكرد، بەمەبەستی ئاسانكاری دابەشكردنی خۆراك و هاوكاریەكان لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ئازووقە ڕێككەوتووین بۆمان دابەش بكەن، ئەمە جگە لەوەی ئازووقە دەدەینە هەزار ماڵی سورچیش، پێمخۆشە ئەوەی توانای هەبێت بتوانێت هاوكاری خەڵك بكات، ئەمڕۆ ڕۆژی ئەوانە كە بزانین چییان پێدەكرێت تا تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.
ڕێكخراوی هونەر عومەر سورچی لەسەرەتای دەستپێكردنی ڕێوشوێنەكانی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، 100 ملیۆن دیناری داوەتە یەكە ئیداریەكان كە 30 ملیۆن دیناری بۆ سلێمانی بووە، جگە لەوەی هاوكاری مانگانەی بۆ ڕێكخراوەكانی خاوەنپێداویستی تایبەت بریوەتەوە و مانگانەش ئەو كەسانەی بێ دایك و باوكن هاوكارییان بۆ دەنێرێت لە سنوری پارێزگای سلێمانی.
پێشتریش ئەو ڕێكخراوە چەندین خولی بێبەرامبەری بۆ مامۆستایان و كارمەندانی بواری پەروەردە و تەندروستی و ڕووپێوكاری و بەرگری شارستانی كردووەتەوە .