دواین ئاماری تووش بووانی كۆرۆنا لەهەرێم

کوردستان 26/03/2020

چاودێر
وەزارەتی تەندروستی هەرێم، ئاشكرایكرد، لەماوەی 48 سەعاتی رابردوو، 18 هاووڵاتی تووشی كۆرۆنا بوون، هاوكات وەزیری تەندروستی، رایگەیاند، ئێستا لەئاستی كۆنتڕۆڵكردن و چارەسەركردنداین و بەپێی ڕێوشوێنە تەندروستییە جیهانییەكان، هەنگاو دەنێین و ژمارەكان لەكەمبوونەوەدان.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەراگەیەنراوێكدا، بڵاویكردەوە، لەبارەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان، تیمەكانی تەندروستی بۆ دۆزینەوە و پشكنینی گومان لێكراوانی هەڵگری ئەم ڤایرۆسە، رۆژانە بەردەوامن.
ئاماژە بەوەشكراوە: پشكنینی گومان لێكراوانی هەڵگری ئەم ڤایرۆسە، رۆژانە بەردەوامن و ژمارەی هاووڵاتییان لەكەرەنتینەكان پێنج هەزار و 50 كەس بوون لە 34 شوێنی جیاواز، ئێستا تەنیا هەزار و 726 هاووڵاتی لەكەرەنتین ماونەتەوە، 789 لە هەولێر، 308 لەسلێمانی، 524 لە دهۆك، 35 لەهەڵەبجە، 12 لەگەرمیان، 38 لەراپەڕین، 20 لە كۆیە. سێ هەزار و 324 هاووڵاتی لە كەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خێزانەكانیان دوای تەواوبوونی ماوەی دوو هەفتە، لەگەڵ كەرەنتینكردنی ژمارەیەكی تری 48 سەعاتی كەرەنتینكراو كە كۆی گشتی بریتی بوو 379 هاووڵاتی.
باسلەوەشكراوە، لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوودا 929 پشكنین كراوە، 648 لە شاری هەولێر، 198 لە شاری سلێمانی، 83 لە شاری دهۆك.
لەبارەی دەرئەنجامەكان، وەزارەتی تەندروستی روونیكردۆتەوە، " دەرەنجام 18 تووشبووی نوێ تۆمار كران، لەپارێزگای هەولێر 11 نەخۆش پۆزەتیڤ هەبوو، چوار ژن و پێنج پیاو و دوو منداڵ. لەپارێزگای سلێمانی حەوت پۆزەتیڤ كە سێ‌ ژن و دوو پیاو و دوو منداڵن و كۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان 103 تووش بوون،  لە ناویاندا دوو مردن هەیە و 27 نەخۆش بەتەواوی چاك بوونەتەوە، ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێریی پزیشكیدان ".
لەلایەكی ترەوە، هەر ئەمڕۆ لەشاری هەڵەبجە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی رایگەیاند: كوردستان، وێڕای ئەوەی دووجار بودجەی تایبەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابین كراوە، هەرچییەكی ترمان پێ بكرێت پشتیوانیان دەكەین بۆ تێپەڕاندنی كۆرۆنا و ئەو كەسانەشی تووشبوون، ئێستا زۆرینەیان باری تەندروستییان جێگیرە.
جەختیشیكردەوە: كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لەرۆژێك بۆ رۆژێكی تر دەگۆڕێت، ئەگەر كەسێك تووش دەبێت، ئەوە بەتەنیا نییە، بەڵكو ئەوانەی كە سەردانیان كردووە و خێزانەكەی و ئەوانەی بەركەوتنی لەگەڵی هەبووە، ئەوانەش بە گومانلێكراو دادەنێین و كەرەنتینیان دەكەین، بۆیە دڵخۆشین بەوەی كە ژمارەكە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، بەتایبەتی ئەو شار و شارۆكانەی ئێستە لە كەرەنتینەدان.
باسی لەوەشكرد، لەدەستپێكردنی رێوشوێنەكان زیاتر سەرنج لەسەر گەشتیار بووە وەك هۆكاری سەرەكی بڵاوبوونەوە و فاكتەری هێنانی ڤایرۆسەكە، بەڵام ئێستە تەنیا گەشتیار نییە، بەڵكو ئەوانەشن كە گومانیان لێ دەكەین.
وتیشی " ئێمە ئێستە لە ئاستی كۆنتڕۆڵكردن و چارەسەركردنداین، راستە رێككارەكانی خۆپارێزی بەردەوامە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بڵاو نەبێتەوە و سەرچاوەكەی بدۆزرێتەوە، ئەو كەسانەشی تووشبوون، ئێستە زۆرینەیان باری تەندروستییان جێگیرە، بەگوێرەی پێڕەوێكی نێودەوڵەتی دەزانین كە بەتەواوی چاك بوونەتەوە یان نا ".