د.سەباح هەورامی: هاوكاری حكومەت بۆ دابەشكردنی مووچە دەكەین

کوردستان 26/03/2020

چاودێر
 بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، رایگەیاند، پێشنیارمان بۆ حكومەت كردووە، تا رۆژی 15ی نیسان كەرەنتین و قەدەغەكردنی هاتوچۆ درێژ بكرێتەوە، دەشڵێت " ئەگەر حكومەت داوامان لێبكات، ئەوا هاوكاریان دەبین بۆ دابەشكردنی مووچە ".
د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، لەپەڕەی تایبەتی خۆی لەفەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، پێویستە درێژكردنەوەكە بەمشێوە چڕەی ئێستە بەردەوام بێت و رێی هاتوچۆ بگیرێت.
ناوبراو، ئاشكراشیكرد: بۆ دابەشكردنی مووچە، لەرووی هونەرییەوە ئەركێكی قورس نییە و ئەگەر حكومەت داوا لەئێمە بكات، رێوشوێنی تەندروستیان دەدەینێ، چۆن مووچە دابەش بكەن.
قەدەغەی هاتوچۆ، بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆ تا یەكی نیسان بەردەوامی دەبێت و چاوەڕوانی درێژكردنەوەش دەكرێت، تائێستاش لەهەرێمی كوردستان 103 كەس تووشی كۆرۆنا بوونە 27 كەس چاك بوونەتەوە و دوو كەسیش مردوون.