عێراق دەستی بەدابەشكردنی مووچە كرد، هەرێم چاوەڕوانە !

ڕاپۆرت 25/03/2020

چاودێر: راپۆرت :
ماوەی زیاتر لە 40 رۆژە، مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی كوردستان دابەشنەكراوە، بەپێی زانیارییەكانیش، ئەمڕۆ چوارشەممە، بانكەكانی بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراق، بۆ دابەشكردنی مووچە دەكرێنەوە، هاوكات بانكی رافیدەینیش، ئاشكرایكرد، بەردەوامن لەدابەشكردنی مووچە و حكومەتی هەرێمیش، هێشتا چاوەڕوانی ناردنی پارەكەی بەغدایە،
لەوبارەیەوە، بەپێی راگەیاندراوێكی بانكی‌ رافیدەینی عێراق، كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردۆتەوە، ئاماژە بەوەدراوە، بڕی‌ پێویست سیولەی‌ دارایی لەبەردەستە، بۆ دابەشكردنی‌ مووچەی‌ فەرمانبەران و شایستەی‌ دارایی نووسینگەكان.
بانكی ناوبراو، جەختیشیكردۆتەوە: پارەیەكی‌ زۆر بۆ لقەكانی‌ بانكەكە، لەبەغدا و شارەكانی‌ تری‌ عیراق دابین كراوە، تا مووچەی‌ فەرمانبەران، لەرێگەی‌ كارتی‌ ئەلیكترۆنی‌ و بەپێی‌ ئەو كاتانەی‌ لەلایەن فەرمانگەكانەوە دابەشدەكرێت، مووچە دابەشدەكەن.
نزیكەی هەفتەیەكى ماوە بۆ كۆتایهاتنی مانگی ئادار، تا ئێستا تەنیا وەزارەتەكانی (ناوخۆ، پێشمەرگە و یەكەكانی 70 و 80 و تەندروستی و دارایی و ئابووری )ى هەرێمی كوردستان، مووچەی مانگی 12ی ساڵی 2019یان وەرگرتووە،
هاوكات، شوان بەرزنجی، رۆژنامەنووسی ئابووری، رایگەیاند: پاش هەوڵدان و پەیوەندی كردن بە چەند سەرچاوەیەك لەبەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆم دەركەوت، رەزامەندی خەرج كردنی پارەكە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق دراوە، رەزامەندیەكە دەدرێتە بانكی ناوەندی، دواتر فەرمان بە لقی هەولێر دەكرێ پارەكە تەحویلی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بكرێ.
ناوبراو، ئەوەشی خستۆتەڕوو،" بڕیار وایە ئەمڕۆ چوارشەممە، بانكەكانی بەغدا و پاریزگاكانی تری عێراق بكرێنەوە بۆ دابەشكردنی مووچە و بەپێی زانیارییەكانم ئەگەر بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و نەبوونی دەوام، میكانزمێك بدۆزریتەوە ئەو هەفتە پارەكە نەدرێتە وەزارەتی دارایی، هەفتەی داهاتوو دەنێردرێ بۆ تەواوكردنی مووچەی مانگی 12".
شایەنی باسە، ماوەی زیاتر لە40 رۆژە، مووچەی فەرمانبەرانی زۆربەی وەزارەت و دەستەكان و مامۆستایان و خانەنشینان لەهەرێمی كوردستان دابەشنەكراوە، ئەوەش نیگەرانی لێكەوتۆتەوە و داواكارن هەرچی زووە بەپێی میكانیزمێكی تایبەت و گونجاو، لەماوەی قەدەغەكردنی هاتوچۆ و كەرەنتینەوە، حكومەتی هەرێم دەست بەپێدانی مووچە بكاتەوە.