دەقی پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر

ڕەخنەی چاودێر 23/03/2020

ڕەخنەی چاودێر

 

پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر (٢١ـی مانگی ٣ـی هەموو ساڵێک)، پەیامێکە هەر ساڵێک و لە لایەن شاعیرێکی جیهانەوە دەنووسرێت. شاعیرەکە لە لایەن (ناوەندی باڵندە)وە بۆ نووسینی پەیامەکە دەستنیشان دەکرێت. ئەم پەیامە بایەخ بە ڕۆڵ و گرنگیی شیعر لە جیهانی ئێستادا دەدات، جیهانێک کە تێیدا بەردەوام ئاشتی و پێکەوەژیان لە پاشەکشەدان و شەڕ و توندوتیژی و نادادپەروەری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنن. ئایا شیعر دەتوانێت لە جیهانێکی ئاوادا چی بکات؟ هەروەها بایەخی شیعر لە ژیانی شەخسیی شاعیردا و تێڕوانینی ئەو شاعیرە بۆ دنیای شیعر. پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر، دەیەوێت سەرنجەکان لەسەر شیعر چڕتر بکاتەوە و پێمان بڵێت شیعر چییە و چی پێ دەکرێت. ناوەندی باڵندە، بۆ ساڵی ٢٠٢٠، شاعیری سوێدی، بوو گوستاڤسۆنـی بۆ نووسینی ئەم پەیامە هەڵبژاردووە. ئەو لە ساڵی ١٩٤٦ لە دایک بووە. شاعیر و وەرگێڕ و لێکۆڵەرێکی ناوداری سویدە. سۆفیئاسا شیعر دەنووسێت و هەوڵ دەدات هەر لەو چوارچێوەیەشدا ڕوانینەکانی بخاتە ڕوو. (لێخۆشبوون، ١٩٩٣)، (لە سەردەمی فریشتەکاندا، ١٩٩٤)، (کڵاوکوڕەکە لە تەنیاییدا دەفڕێت، ٢٠١٤) ناوی هێندێک لە کتێبەکانی ئەون.

پەیامی باڵندە لە ساڵی ٢٠١٨ـدا لە لایەن پایک مالینۆڤسکی، شاعیری دانیمارکی و لە ساڵی ٢٠١٩ـدا لە لایەن بەختیار عەلی، شاعیری کوردەوە نووسراوە.

 

 

دەقی پەیامی باڵندە(٢٠٢٠)
ڕاستییەکەی دیکە
بوو گوستاڤسۆن
وەرگێڕانی لە سوێدییەوە: فەرهاد شاکەلی



من بۆ دەنووسم؟ ئەمە پرسیارێکە کە هەموو شاعیرێک دەبێ لە خۆی بکات، چ زوو چ درەنگ. لە کۆمەڵگەی ئاوەزکارانە و تەکنۆلۆگیای ئێمەدا داوا دەکرێت شیعر هۆی مافی هەبوونی خۆی دیاری بکات. شیعر بۆچی پێویستە؟ من بۆ دەنووسم؟ بە چ مەبەستێک؟

من بۆیە دەنووسم چونکە شتێکم ناتەواوە. پێویستیی شیعر لەناو ئەو ئەزموونەدا دادەمەزرێت کە لە جیهاندا شتێک ناتەواوە. گەنجینەی شاردراوە لە بیر چووەتەوە یانیش گەنجینەیەک هەر نییە. لەوەیە هەستێکی نۆیرۆتیک [neurotic] بێت، بەڵام من پێم وایە هەموو شاعیرێک ئەو هەستکردنەی لایە کە واقیع تەختانییە و یەک دووریی هەیە. شتێکی گەوهەری و گرنگ ناتەواوە. ئەمە هەستی پیاوی سۆفی و ئەهلی ڕازیشە.

یەک لا، یەک دووری هەیە کە لە واقیعدا نییە و ناتەواوە و مرۆڤ دەتوانێت ناوی بنێت ڕۆحانی یا مێتافیزیک. سۆفی (ڕازدار) بۆ ئەم ئامادەبوونە دەگەڕێت و شاعیریش هەر وا دەکات. تەسەووف (ڕازداری) و شیعر هەر یەک ئامانجیان هەیە، ئەگەرچی مێتۆدەکانیان لە یەکدی جیاوازن. تێکۆشان بۆ ئەوەی بە کۆمەکی زمان ئەوە دەرببڕدرێت کە ڕێگە نادات دەرببڕدرێت ئەو لایەنە هاوبەشەیە کە تەسەووف (ڕازداری) و شیعر لە پێش هەموو شتێکدا هەیانە.

من بۆیە دەنووسم تا بە شێوەیەک لە ڕاستییەکەی دیکە بکۆڵمەوە، لە ناوەڕاستی واقیعی ڕۆژانەماندا. لە کۆمەڵگەیەکی سێکولێر(عەلمانی)ـی وەک کۆمەڵگەی سوێدیدا ئەمە پرۆژەیەکە، گوێگرێکی یەکجار کەمی هەیە. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەواو ئاسایی و سروشتییە باسی لایەنی ڕۆحانیی هەبوون بکرێت. لەوێ ئامادەگی و پێشوازی بۆ شیعرێک بیەوێ سەرلەنوێ ڕاستییەکەی دیکە بدۆزێتەوە، فراوانە. ئەوە ڕاستییەکە دەبێ هەمیشە سەرلەنوێ بدۆزرێتەوە، چونکە بەردەوام دادەهێنرێت و دروست دەبێت.

تۆماس ترانستروێمەر [Tomas Tranströmer] لە سەرەتای ١٩٧٠کاندا لە نامەیەکدا بۆ ڕۆبێرت بڵای [Robert Bly] نووسیبووی کە لە سوێد باسکردنی دین و ژیانی ڕۆحانی تابووە. ئەمە ئەمڕۆکەیش هەر وەهایە، ئەگەرچی خەڵک دەستیان پێ کردووە باسی گەڕانەوەی دین و ئایین بکەن. لەوانەیە ئێمەی سوێدی هێندەیش سێکولێر نەبین وەک خۆمان وا دەزانین. هەموومان، بە پێچەوانەی جیهانبینیی ئاوەزکارانەمانەوە، تاسەی ئەوە دەکەین لەگەڵ ژیانی ڕۆحانیدا ئاشنا ببین. ترانستروێمەر هەموو شاعیری و نووسەریی خۆی بۆ ئەم تاسەیە تەرخان کردووە. ترانستروێمەر نووسەرێکە، بۆ ژیانی ئەدەبیی من، کارکرد و گرنگییەکی زۆری هەبوو.

سەرەتای شاعیرێتیم بڕێک درەنگ، ساڵی ١٩٩٣، کە ئەودەم تەمەنم گەیشتبووە ٤٧ ساڵ، دەستی پێ کرد. هۆیەکەیشی ئەوە بوو کە خوێندنی دۆکتۆرا لە بواری زانستی ئەدەبدا بەشی زۆری کات و وزەمی داگیر کردبوو. بەڵام ڕاستییەکەی هۆیەکیشی ئەوە بوو کە من وەک نووسەر درەنگێ پێگەیشتم.

ئێستاکە کار لە پرۆژەیەکی شیعریدا دەکەم، وای نەخشە بۆ کێشراوە بە پێنج بەرگ، پێنج کتێب، بڵاو بکرێتەوە و ناونیشانی هاوبەشیان دەبێتە (کارمینا ئێسۆتێریکا: گۆرانیی زوهد). مەبەست لەم کارە ئەوەیە لە نەریتەکانی غەیب و ڕازداری (تەسەووف) لە فەرهەنگە جیاوازەکاندا بکۆڵرێتەوە و ئەوە تاقی بکرێتەوە تا چ ڕادەیەک ڕەوا و دروستن بۆ مرۆڤی ئەمڕۆ. نیاز وایە بەرگی چوارەم لە بەهاری ٢٠٢٠دا بڵاو ببێتەوە بە ناونیشانی (هەرگیز ڕازێکی پیرۆز). لەوێدا بەهرە لە ئەفسانەی (ئۆیرودیکێ) [Eurydike] و هەروەهایش داستانی فینی (کالێڤالا) [Kalevala] وەردەگرم.

بنه‌مای شێوه‌کیی ”ئاواز (پرده‌کانی ماڵاوایی)” له‌ چه‌ند چوارینێک پێک هاتووه‌ که‌ له‌ شێوه‌ی باڵاددان. ده‌مویست شیعره‌ خه‌مبارانه‌که‌م شێوه‌یه‌کی نه‌ریتانه‌ی هه‌بێت، هاوکاتیش ئازادانه‌ له‌گه‌ڵ شێوه‌دا کارم کرد، بۆ نموونه‌ ڕێگه‌م داوه‌ وشه‌کانی ڕسته‌یه‌ک دابه‌ش ببن به‌سه‌ر بڕگه‌کاندا [پێم وایه‌ له‌ شیعری عه‌ره‌بیدا به‌مه‌ ده‌گوترێ: ته‌دویر. سه‌رنجی وه‌رگێڕ] یا به‌وه‌ی درێژیی بڕگه‌کان جۆراوجۆر بن. ئه‌م ته‌کنیکانه‌ تا ڕاده‌یه‌ک له‌ شیعری مۆدێرنی ئه‌ورۆپای ڕۆژاوادا ئاسایین. شیعری ئازاد له‌ ڕۆژاوا پێویستی به‌وه‌یه‌ بهێنرێته‌ یه‌ک (کرژ یا خه‌ست/پەیت بکرێته‌وه‌) و زیاتر مۆسیقادار بکرێت به‌وه‌ی به‌شێک له‌ شیعری کێشدار وه‌ربگیردرێت. داهاتووی شیعر وه‌ک شێوه‌یه‌کی هونه‌ر به‌و ئاقاره‌دا ده‌ڕوات. به‌کارهێنانی شێوه‌ی لێنانی خواردن له‌ شیعرێکدا هێنده‌یش نائاسایی نییه‌. له‌ دنیای شیعردا هه‌موو شتێک ئاسایییه‌! چه‌مکی مۆسیقای ”فایه‌رلیش میستێریۆسۆ” (ئاگراوی/ژیار و ڕازدار) ناوێکه‌ ئاوازدانه‌ری نه‌مساوی ئانتۆن بروکنه‌ر [Anton Bruckner] له‌ ڕسته‌یه‌کی ناوه‌ له‌ سیمفۆنیای نۆیه‌می خۆیدا. ئه‌و کاتانه‌ی خه‌ریکی نووسینی شیعری ”ئاواز (پرده‌کانی ماڵاوایی)” بووم زۆرجار گوێم لێ ده‌گرت.

ڕاستییەکەی ئەوەیە من گەلێ تارماییم هەن کە شان بە شانم ڕێ دەکەن. لە شیعرەکانمدا زۆر شت تارماییئاسا دەجووڵێنەوە. مردنی باوکودایکم لە ماوەی یەک مانگدا، ساڵانی سەختی منداڵیم، جارێک تەڵاقدان، نەخۆشیی بەردەوامی دڵتەنگیی هاوسەرەکەم، کەشی دژەڕووناکبیرانەی فەرهەنگی لە سوێد و نابەختەوەریی گشتی لە هەبووندا پاشخانی نووسینی منن. ژیانهەستێکی گنۆستی (زانستی ڕازدارانە) شیعری منی ڕەنگدار کردووە: کە واقیع بە شێوەیەکی تارماییئاسا ناڕاستە.

فەرهەنگی ڕۆژهەڵاتی هەر زوو هاتە نێو ژیانمەوە لە ڕێگەی خوێندنەوەی دیوانە سێبەرگییەکەی گوننار ئێکەلوێفەوە [Gunnar Ekelöf]، لە کۆتایی ١٩٦٠ەکاندا. لە سایەی ئەزموونی بەهێزی ئەو خوێندنەوەیەدا بوو کە دەستم کرد بە نووسینی شیعر. ساڵی ١٩٧٥ هەندێ لە شیعرەکانم لە ئانتۆڵۆگییەکی نۆبه‌ره‌دا بڵاو کرانه‌وه. دواتر شەیدای شیعری ڕوومی، حافز و حەللاج بووم. لە ١٩٩٠ـەکاندا، لە سەفەرێکدا بۆ تورکیا، چوارینەکانی عومەر خەییامم وەک کتێبی خوێندنەوە لەگەڵ خۆم بردبوو. گەشتەکەم بوو بە دوو گەشت، لەناو فەرهەنگی ئیسلامی و ئەنتیکدا، هەروەهایش لەناو گەردوونی جەبریی خەییامدا.

کاتێک دیوانی (قەسیدەیەک لەبارەی ئەو سێ دەروازیەوە)م دەنووسی، کە ساڵی ٢٠٠٦ بڵاو کرایەوە، بەهرەم لە شاعیرانی فارس و عەرەبی وەک ئیبن عەرەبی، نیففەری، ئیبن فاریز، ڕوومی، مەعەڕڕی و بێگومان هەروەهایش عومەر خەییام وەرگرت. وا هەست دەکەم شیعری ڕۆژهەڵاتی بەناو خوێنمدا هاتوچۆ دەکات. ئەو شیعرە ماڵی ڕۆحیی منە. بۆ پرۆژەشیعری کارمینا ئێسۆتێریکا بیرم لەوە کردووەتەوە سەر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدەم، بۆ باشتر ناسینی مێژووی ڕۆحی و فه‌رهه‌نگیی ناوچه‌که‌ له‌ زێد و له‌ جێگه‌ی خۆیدا. من بە تایبەت حەزم لە زەردەشتیزم و نەریتی شیعایەتییە، بەڵام هەروەهایش فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی. یەکەم جار کە پێوەندیم لەگەڵ شیعری کوردیدا پەیدا کرد، لە ڕێگەی دیوانی (فرمێسک و هونەر)ـەوە بوو، ساڵی ١٩٨٦، کە لارش بێکستروێم [Lars Bäckström]، فەرهاد شاکەلی و بەختیار ئەمین تەرجەمەی سوێدییان کردبوو. ئەوە ئەزموونێکی گەورەی خوێندنەوە بوو.

سیاسەت یەکێکە لەو سێ گەورە بابەتەی کە هەوڵ دەدەم لە نووسینەکانمدا باسیان بکەم. دووەکەی دیکە مێژوو و هەبوونی مرۆڤن. ئەوانە سێ دەزووی سووری ناو نووسەرایەتیی منن. سیاسەت هەبوونئامێزە و هەبوونیش هەم سیاسییە و هەم مێژوویی. ئەفسانەیش نەخشێکی گرنگی لە شیعری مندا هەیە. هەموو ئەمانە بەو ئامانجەی کە ناوی ڕاستییەکەی دیکە بهێنرێت و ئاشکرا بکرێت.

سیمای سیاسی و مێژوویی زیاتر لە سێیینەکەمدا لەبارەی سێ کەسی مێژووییەوە دەردەبڕدرێن: مامۆستای بەردنووس ئوێپیر [Öpir]، سەرکردەی کۆمونیستی ئیتالیایی گرامشی [Antonio Gramsci] و ژنە قارەمانی ڕۆژاوا کالامیتی جەین [Calamity Jane]. لە شیعری دیکەمدا لایەنی ڕۆحانی زاڵە. لە سەرەتاوە بە هۆی بیرکردنەوە و ڕامانەوە لە سروشت، دواتریش بە شێوەی شیعرێکی ئاشکرای هەبوونئامێز و ئێسۆتێریک.

شیعرەکانم زۆرجار ئیلهام لە سەفەرکردنەوە وەردەگرن. سەرچاوەی دیکەی ئیلهام سروشت، هونەر، کۆمەڵگە و مێژووە. ڕاستییەکەی هەر شتێک دەتوانێت ببێتە هۆی لەدایکبوونی شیعرێک. بابەت بە دەوری ئەو چارەنووسەدا دەسووڕێتەوە کە تۆ مرۆڤ بیت لەم سەردەمە پڕ لە شێواوی و ئاشووبەماندا. گەلێ هەوری ڕەش لە ئاسماندا کۆ دەبنەوە، کە بیر لە ناکۆکییەکانی ئەم جیهانە و قەیرانی ژینگە بکەینەوە. شیعر شایەت (شاهید، گەواهـ)ێکە لەسەر جیهانی ڕاستینی ئێمە، هاوکاتیش گەواهی لەسەر جیهانێکی دیکە دەدات کە دەکرێ هەبێت. ژیانی ڕاستین و ئەو ژیانەی دەکرێ هەبێت هەمیشە لە پێوەندییەکی دیالەکتیکیدا دادەنرێن. ئەوەیش بیری بنەڕەتیی هەموو بیرکردنەوەیەکی دینی، فەلسەفی و سیاسییە.

ئەو شیعرەی ئەمڕۆ دەینووسم بە دوای نەغمەیەکی ڕوون و سادەدا دەگەڕێت، بۆ نموونە لەو پارچەیەدا کە بۆ نەوە دووساڵانەکەمم نووسیوە. ئەوە لە کتێبێکی داهاتوودا بڵاو دەبێتەوە. بۆ ئەو منداڵە بچکۆلەیە ڕاستیی دووەم بە شێوەی فیزیکی و هەستەوەرانەیش ئامادەیە و هەیە، هەر وەک ڕاستیی یەکەم. نەوەکەم کۆمەکم دەکات لەمە ئاگادار بم. ببیتە منداڵی زمانێکی تازە و جیهانێکی تازە. ئێستا ئیتر لە هەستەکانی ناڕەزایی و تەنگەبەری لە هەبووندا، لەعنەتەکەی ژیانم، ڕزگار دەبم، ڕەنگە ئەمە ئەوە بگەیێنێت کە ئیتر واز لە نووسین بهێنم.

شیعر پرۆژەیەکی ئازادییە. ئازادی دەبێ هەمیشە سەرلەنوێ بگیردرێتەوە، داگیر بکرێتەوە. لەبەر ئەوەیە دەنووسم.