رۆژنامەیەكی كوەیتی: ئەمریكا پلانی دارشتوە بۆ ئەنجامدانی كودەتایەكی سەربازی لەعیراق

ڕاپۆرت 22/03/2020

 

ئا/ رەمەزان شێخانی
ئەمرۆ یەكشەممە 22-3-2020 رۆژنامەیەكی كوەیتی بڵاویكردوەتەوە بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات لە عیراق ، ئەمریكا پلانی جێبەجێكردنی كودەتایی سەربازی هەیە لە عیراق
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی " الجریدە الكویتیە" كە لە زاری سەرچاوەیەكی سوپای قودسی ئێرانیەوە بڵاویكردوەتەوە ،سوپای پاسداران و میلیشیا چەكداریەكانی لە عیراق لە سەروی هەموشیانەوە دەستەی حەشدی شەعبی لەو پەری ئامادەباشیدان و باری نائاساییان راگەیاندوە بەمەبەستی رووبەروبونەوەی ئەو كودەتا سەربازیەی كە ئەمریكا نەخشەی بۆ دارشتوە بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتی حكومەتی بەغدا.
رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردوە دەزگا ئەمنیەكانی ئێران زانیاری هەواڵگری دەستكەوتوە ،ئەمریكیەكان بە هاوپەیمانەكانی خۆیان لە بەغدا راگەیاندوە پشت بەستن بە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی سوودی نیە و سەركەوتوو نابێت بە بێ جوڵاندانی هێزە چەكداریەكانی سەر بە واشنتۆن لە دژی تاران و میلیشیا چەكداریەكانی لە عیراق.
رۆژنامەی بڵاویكردوەتەوە:پێكهاتەی سیاسی ئێستای عیراق رێگە خۆشكەر نیە بۆ گەیشتنی سەرۆك وەزیرانێكی سەر بە ئەمریكا بۆ سەر دەسەڵات بەبێ ئەنجامدانی كودەتایەكی سەربازی بۆ كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات.
سەرچاوەكە باسی لەوەشكردوە ئێرانیەكان چەندین كەناڵی چڕی پەیوەندییان درووستكردوە لەگەڵ لایەنە سیاسیە كوردی و سونیەكانی عیراقدا بە ئامانجی رووبەروبونەوەی پلانە نوێیەكەی ئەمریكا، بەتایبەت كە واشنتۆن دەیەوێت سەرقاڵی تاران بە كێشەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە بقۆزێتەوە بە ئامانجی تێپەراندنی سەرۆك وەزیرانێكی سەر بە واشنتۆن بۆ سەر دەسەڵات لە عیراق.
روونیشیكردوەتەوە:ئێرانیەكان لە هەوڵدان سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی عیراق قایل بكەن كە بەرژەوەندی هەموان لەوەدایە كە سەرۆك وەزیرانێكی مەدەنی بگاتە لوتكەی دەسەڵاتی عیراق چونكە گەر كۆدەتای سەربازی ئەنجامبدرێت،بەهیچ شێوەیەك لە شیوەكان  سوودی نابێت و زیان بە دەستكەوتەكانی سەرجەم لایەنەكان دەگەێنێت و پێشدەچێت دۆخەكە بگەرێتەوە بۆ هەمان دۆخی سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێن.
بەگوێرەی رۆژنامەكە كوشتنی قاسم سولێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بە سەرەتای جموجۆڵەكانی ئەمریكا دادەنرێت بۆ كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات لە عیراق چونكە ئەمریكیەكان دڵنیا بوون كە قاسمی سولێمانی پەیوەندی بەهێزی هەبوە لەگەڵ سەركردە سیاسیەكانی عیراق و توانای هەبوو لەهەر ساتێكدا مێزەكە بەسەر ئەمریكیەكاندا بشكێنێتەوە.
دانی بەوەدا ناوە كە تاران بە كوشتنی قاسمی سولێمانی گورزیەكی كوشندەی بەركەوتوەو تا ئێستاش نەیتوانیوە بۆشایی لەدەستدانی سولێمانی پربكاتەوە چونكە قاسمی سولێمانی خاوەنی كارێزمایەكی بەهێز بوە لەناوچەكەداو كاریگەری لەسەر سەرجەم هاوپەیمانەكان هەبوە لە ناوچەكەدا.
سەرچاوە/ ئاژانسەكان.