ڤایرۆس – ئێمەی مەست *

ڕەخنەی چاودێر 21/03/2020

ڤایرۆس – ئێمەی مەست *
Vi Rus
مۆرتن سۆنەگۆرد
وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری


چرکەساتی تاریکییە
من لە ڕوناکی دۆڵێکی تریشقەداردا وەستاوم،
لە دارستانەکەش دوو شەمشەمەکوێرە پێکەوە دەفڕن
وەک دوو سەماکار بەدەوری یەکتریدا دەسوڕێنەوە 
دەڵێن شەمشەمەکوێرە لە بازاڕی ووهان فرۆشراوە
کە هەڵگر و هۆکارن لە بڵاوبوونەوەی Covid-19

شەمشەمەکوێرەکان گیاندارێکی کێوی و لە هەماکاتیشدا جوانن
هێمن و تا ئەو پەڕی مانا، لە ناو سروشت و کەلتوردا دەژین
باڵەکانیان بۆ پێشەوە و بە خێرایی لەیەکتری دەدەن
تا دەگەنە سنورە نادیارەکان

ددانی سروشت وا دەردەکەوێت
وا دراکۆلا دڵرەقانە تر ڕەفتار دەکات
هیچ باتمانێک نایەت جیهان ڕزگار بکات.

لە چین هەندێکیان بە خواردنی شەمشەمە کوێرە دەکۆکن
لە بازاری بۆرسەکانیشدا  Wall Street  دەخنکێ
سروشتیش پێدەکەنێت.
وا پێدەکەنێ ددانەکانی دەردەکەون
ئەو پێکەنینەش لە خوێنی مرۆڤدا وا دەکوڵێ
جوڵەکانیان هەڵدەمژێ
ماچەکانیان هەڵدەمژێ و
 ڕەوانەی دڵەڕاوکێ و هەژاری و مردنیان دەکات.

پەتایەک لە نێو مرۆڤەکاندا بڵاودەکاتەوە
بۆ ئەوەی مەتر و نیوێک لەیەکتر دوور بکەونەوە

ئەمە جیهانێکی ترە
جیهانێکی گۆڕاوە.

هەرگیز ئەمەی ئێستا تیاداین لە یاد ناکەین.
ئەم جیهانەی ئێستا نوێیە. 

ئێمە.
لە ناو وشەی ڤایرۆسدا ئێمە* هەین.
ئێمە.
زمانێکی نوێیە و لە چەندین وشەی نوێ پێکهاتووە:
نەخۆشی ژمارە سفر
تەشەنەی خێرا
هەڵگر.
کارەنتینە.
پەتا (Pandemi).

لە ڕاستیدا ئێمە پێیان دەزانین
هەر وەک ماسک و پاکژکەرەوەی دەست،
ئەوەتانێ لە ناو زمانماندا هەیە.

لە منداڵیمدا زۆر حەزم بە وشەی باری نائاسایی بوو
وێنەکانی منداڵی بۆ پەتاکان باش ڕۆشنە
هاتووچۆ بە ناو زۆنەکان قەدەغەیە
کەس ناتوانێ بیانبەزێنێت
 هەر وەک لە فیلمێکی لارس ڤۆن تیر بە ناوی
Epidemic لە ساڵی ١٩٨٧
باس لە پزیشکێکی تاعون دەکات
پەتاکەی ماڵ بە ماڵ گواستەوە.

تاعون وشەیەکە سەر بە سەدەی ناوەڕاستە.

ئێمە لەگەڵ جیهاندا پەیوەستین.
هەمیشە جیهانمان بۆ خۆمان بردۆتەوە.

ئێمە لە ناویداین.
ئێمە بوینەتە ئەو.

Vi. Rus. ئێمەی مەست. *
ئێمە.

گەیشتمە پیزا
خێرا ناوچەوانم کەوتە بەر  
دوو خانمی جلپۆشی ئەستێرەوانان.
ئەیانەوێ تاکەی لەشم بپشکنن
وا دیارە تاکەم ئاساییە
تا بتوانم لە وڵاتێکی داخراودا بمکەنە ژوورەوە.

لە چین هەندێکیان شەمشەمەکوێرەیان خواردووە
ئەم لەش و لارە بچوک و تووکنەش هەموو جیهانی گۆڕی.

ئەمە کۆتایی جیهان نییە،
بەڵام ڕەنگە ئێستا کاتی ئەوە هاتبێت
کە بۆ شەمشەمەکوێرەکانی بگەرێنینەوە.

دەگەڕێمەوە بۆ ناو باڕەکە بۆ ئەوەی کوپێک قاوە بخۆمەوە
عاردەکە وا نیشانە کراوە کە دەبێت مەتر و نیوێک لە نێوانماندا هەبێت.

لە دەرەوەی سوپەرمارکێتەکە
 خەڵک بە ماسک و دەستکێشەکانیانەوە بە لێشاو سەرەی گرتووە
زۆر بە بەتاڵیی تەماشای تەلەفۆنەکانیان دەکەن.
لە سوپەرمارکێتەکە
هەربیست و پێنج کەسێک دەکەنە ژوورەوە
و تەنها دە خولەکت هەیە.

لە ماوەی دەخولەکدا دوکانی یاری منداڵان بەتاڵ بکەرەوە
ئەمە دەفتەرە کاریکاتۆری Anders And ی منداڵیم بە بیر دەهێنێتەوە.
ئێستا ئەمە بۆتە بڕیارێکی تەواوەتی کۆمەڵگە.

کۆمەڵگە چییە؟

کۆمەڵگە شێوەی چەند زۆنێکی سوری لێهاتووە
لە ژمارەی مردووان
و لە چەند چالاکییەکی لاوەکی و
چەند هەنگاوێکی کەمی نێوان مرۆڤەکان.

متمانەت بە کێ هەیە؟
تۆ کێییت؟
لە کوێوە هاتوویت؟
بۆ کوێ دەچیت؟

ئێس ئێ مێس ێک لە وەزارەتی دەرەوە دەگات:
''ئەگەر لەو ناوچانە ماویتەتەوە ئەوا هەرچی زووە
بگەڕێرەوە ماڵەوە''

بەڵام ماڵەوە کوێیە؟

لەم تەشەنەبوونە نادیارەی تاریکییدا
خۆر بە ئاسمانەوە دەدرەوشێتەوە و
دیمەنی سروشتی جوان،
ئیستا ئەم دەقانە بێزارکەرن و زەمەنیان بەسەرچووە.

سوپەرمارکێتەکە چۆڵە.

عەرەبانەی شمەک کڕین دەبێتە
یەکەی پێوانە:
لە وادەی ئێستادا ئەبێ عەرەبانەی شمەک لەوانی تر بەدوور بگریت.
تا وادەی دووەم.

مرۆڤەکان لە ماڵەکانیان دەمێننەوە
لەگەڵ خواردنی قوتو و مەعکەرۆنی و پیتزا
کە بەشی چەندین ساڵیان دەکات.

وەک تاعونی Bergamo
وەک ماسکی سوری مردن
وەک تاعونی کامۆ
وەک Dekameron.

وەرە با دەقی تاعونەکانی جیهان بخوێنینەوە.

لە کاتە تاریکەکاندا
بە ڕێگا چەماوەکانی پەتاکە دەڕۆم و
دەبێ بۆ هەر پیاسەیەک مۆڵەتی چوونەدەرەوەم هەبێت.
ژنێک دێت و سڵاو دەکات،
سواری ئۆتۆمبیلەکەی دەبێت
ترساوە، بە دەنگییەوە دیارە
بە تەواوەتی ترساوە
ئەو لە زۆنێکی خەتەردایە، ٨١ ساڵە،
ڕێک ئەوە ڕێژەی مردنە بە  Covid-19  لە ئیتاڵیا.

پێم وت ئەمجارە زەنگم بۆ لێبدە
بۆ ئەوەی شمەکت بۆ بستێنم لە سوپەرمارکێت.

سوپەرمارکێت!
چیتر سوپەر نەماوە.

تێڕوانینی من بۆ بنەمای سەرمایەداری
کچێکی گەنجە،
بە خۆی و کیسەی کڕینەکانیدا لە بازاڕەکانی مارکەی پرادا
لە ناو شەقامی پیادەی میلانۆ هاتووچۆ دەکات.

ئێستا هەموو ئەو کیسانە بە خۆی دەبەستێتەوە
هەتا دووریی ئەو مەتر و نیوە لەگەڵ خەڵکانی تر دروستبکات
و لێی دووربکەونەوە.

ئێستا خۆر لە گۆشەیەکی قوڵدا چەقیوە
مانگیش لێرەوە دیارە. مانگ پڕە
ڕێک بە ئەندازەی خۆر گەورەیە.
کاتەکەی خۆر ئاوابوونە
مانگ هەڵدێت و دەردەکەوێت

سەیر نییە
هاوبەشییەک لەمەدا هەبێت:
بە ئەندازەیەکی زۆر یەکسان بن
بەڵام هەرگیز یەکسانیش نین.

هەموو شتێک لە ئارادا هەیە
خۆرهەتاو و مانگ
دەنگۆکان و نیوەی ڕاستیش.

لەگەڵ هەر کەسێک کۆ دەبمەوە
باسی ڤایرۆس دەکات.
سڵاوی دەست ناکەین،
زەردەخەنەیەک دەکەین و
 پاڵ بە پێڵاوەکانمان دەنێین و دەڕۆین.

ئێمە بەو جوڵە کەمانە ئاسودەین
ئاسودەین کە لە زیندووەکانین، هێشتا لە زیندووەکانین.
بە شێوەیەک، بوونەوەرێکین هێشتا هەناسە ئەدەین:
هەموو شتێک بە سییەکانمانەوە بەندە.

کاتێک بە ڕێگای باخی زیتوندا ڕێدەکەم
بیر لە ماچی ڕومەتی ئیتاڵی و فەڕەنسی ئەکەمەوە
دوو ماچ یان سێ و هەندێ جاریش چوار ماچ
بەڵام ئێستا ماچی سەر ڕومەت وا ئاسان نییە.

کارگەکانی ماچ لە تاقیگە تاریک و چۆڵەوانییەکاندا دانراوە
لە دوورەوەش تەنها دەنگی ئەمبۆلانس و زەنگی هۆشداری دەبیسترێ.

خۆر وەک ماڵئاوایی ماچێک
بەرەو دەریا ئاوا دەبێت
شەوانە بە هەواڵی جەرگبڕ تێدەپەڕێت و
تا دێت هەواڵی جەرگبڕانە تر لەگەڵ خۆی دەهێنێت

ڕێژەی تووشبوان و مردن لە هەموو جیهان
تا دێت زیاتر دەبێت.

وڵات بەسەرخۆی دادەخرێت.

ناتوانم بجوڵێم، چیتر ناتوانم سەفەر بکەم.
دەبێت ناچارانە لە شوێنەکەی خۆم بمێنمەوە.

لە دەرەوە و لە ناوەڕاستی ئەم هەموو شتانە
لە ناو ماڵەکاندا
مرۆڤەکان ماونەوتەوە، تەماشای هەوا دەکەن و
ناوێرن هەناسە بدەن.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Virus* ڤی لە زمانی دانیمارکی بە مانای ئێمە دێت. روس بەمانای مەستی دێت. هەردوو وشەکە پێکەوە دەبێتە ڤایرۆس.
*سەرچاوە: پاشکۆی کەلتووری ڕۆژنامەی ئینفۆرماشیۆنی دانیمارکی.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
مۆرتن سۆنەگۆرد Morten Søndergaard نووسەر و وەرگێڕ و ئیدیتۆری دانیمارکی لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٤. دەرچووی خوێندنگەی پێگەیاندنی نووسەرانە. خاوەنی بڕوانامەی ماجستێرە لە بواری ئەدەب لە زانکۆی کۆپنهاگن. بۆ چەندین ساڵ کاری ئیدیتۆرکردنی گۆڤاری ئەدەبی کردووە کە گرنگترینیان گۆڤاری گەنمی سپی  Hvedekorn کە بە کۆنترین و باشترین گۆڤاری ئەدەبی و شیعری ناوی دەرکردووە. پێشتر لەگەڵ خێزان و منداڵەکانی بۆ ماوی ٨ ساڵ نیشتەجێی ئیتاڵیا بوون و ئێستا لە کۆپنهاگن دەژین.