لە ئێران ٢٤٠ کەس بە خواردنەوەی ئەلکحولی پاککەرەوە گیانیان لە دەست داوە

جیهان 21/03/2020

چاودێر

 

زیاتر لە ٢٤٠ کەس لە ئێران بە هۆی خواردنەوەی ئەلکحولی پاککردنەوەوە گیانیان لە دەست داوە، ئەوەش دوای ئەوەی هەندێک لێکۆڵینەوەی نافەرمی باسیان لەوە دەکرد، کە ماددەی کحول بۆ پاککردنەوە و نەهێشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا باشە، هەندێک کەس بە هەڵە، بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەو ڤایرۆسە ببنەوە ئەو کحولەیان دەخواردەوە کە بۆ پاککردنەوە و لە کاری پزیشکی بە کار دێت. 

 

بە پێی ئامارەکانی دەزگا تەندروستییەکانی ئێران، لە ئەنجامی بەکارهێنانی کحول بە پێی ئەو باوەڕە هەڵەیە، تا ئێستا لە ئێران زیاتر لە ٢٤٠ کەس گیانیان لە دەست داوە و سەدان کەسی دیکەش ژەهراوی بوون یان بینایی چاویان لە دەست داوە. 


هەر بە پێی وتەی کاربەدەستانی تەندروستیی پارێزگاکانی فارس و خوزستان (ئەهواز)، نیوەی قوربانیانی بەکارهێنانی کحول لەو دوو پارێزگایە تۆمار کراون، بە شێوەیەک کە تا دوێنێ لە پارێزگای فارس ٦٦ کەس بە هۆی بەکارهێنانی کحول گیانیان لە دەست داوە و ٤٣٩ کەسیش ژەهراوی بوون، لە پارێزگای خوزستانیش ٦٢ کەس بە هۆی بەکارهێنانی کحول گیانیان لە دەست داوە.