حكومەتی هەرێم بەم سیستمە نوێیە مووچە دابەشدەكات

ئابوری 19/03/2020

چاودێر
رۆژنامەنووسێك لەنووسینێكدا، ئاشكرایدەكات، لەماوەی داهاتوودا، حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەپێی سیتمێكی نوێ، مووچە دابەشدەكات و دەشڵێت " زۆربەی دەماڵەكان دەبڕدرێن ".

ئەمەش دەقی نووسینەكەی سەرتیپ وەیسی كەریمە :

حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بە نزیكەیی زیاتر لە (890) ملیار دینار وەكو موچە دەدات بە فەرمانبەران و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، لەو رێژەیەش لە (44%) بۆ موچەی بنەڕەتی فەرمانبەران دەچێت، رێژەی (16%) بۆ دەرماڵە جێگیرەكان دەچێت ( دەرماڵەی بڕوانامە، هاوسەرگیری، منداڵ)، رێژەی لە ( 40%) بۆ دەرماڵە نا جێگیرەكان دەچێت، حكومەتی هەرێم بەپێی مادەی پێنج لە ( یاسای چاكسازی له ‌خانەنشینی مووچە و دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەكانی تر) ‌ زۆرینە ئەو دەرماڵە ناجێگیرانە دەبڕدرێت، بەمەش (30% بۆ 40%)ی پارەی تەرخانكراو لە موچەی فەرمانبەران بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە.

سیستەمی نوێی موچە چۆن دەبێت ؟ حكومەت چ جۆرە دەرماڵەیەك دەبڕێت ؟ سیستەمی نوێی موچە بەم شێوەیە دەبێت :
1. موچەی بنەڕەتی فەرمانبەر وەك خۆی دەمێنێتەوە
2. دەرماڵە جێگیرەكان كە بریتین لە ( بڕوانامە، هاوسەرگیری، منداڵ ) وەكو خۆی دەمێنێتەوە.
كەواتە موچە بە سیستەمی نوێ بریتیی دەبێت لە ( موچە بنەڕەتی + دەرماڵەی بڕوانامە، هاوسەرگیری، منداڵ)
3. دەرماڵەی ناجێگیرەكان كە (40% ) موچەی فەرمانبەران پێكدەهێنێت، زۆرینەی زۆری دەبڕێت، تەنها ئەو فەرمانبەرانە نەبێت كە بە فعلی كارەكەیان ترسناكی تێدایە.
* دەرماڵە ناجێگیرەكان كە زۆربەیان دەبڕدرێن بریتین لە :
1. ئەو دەرماڵانەی كە نا جێگیرن و بەشێكی زۆری فەرمانبەران بۆیان بڕاوەتەوە بریتین لە :
* مەترسی ( بەشێكی زۆری فەرمانبەران ئەو جۆرە دەرماڵە وەردەگرن)
* تایبەت ( بەشێكی زۆری فەرمانبەران ئەو جۆرە دەرماڵە وەردەگرن بۆ نمونە دەرماڵەی 150 هەزاری مامۆستا و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە )
*راژەی زانكۆیی ( تایبەتە بە مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆ )
*پیەشەیی ( زۆرێك لە فەرمانبەران وەریدەگرن لە بڕی بڕوانامە، یاخود جۆری كارەكەیان)
* دەرماڵەی شوێنی جوگرافی ( تەواوی فەرمانبەران وەریدەگرن)
بەبڕوای ناوبراو، ئەو دەرماڵانەی كە نا جێگیرن و چەند توێژێكی دیاریكراوی فەرمانبەران بۆیان بڕاوەتەوە بریتین لە :
*خواردن
*مەترسی فڕۆكەوانی
* استپنائی
* چاودێری
* پایە ( ئەو فەرمانبەرانەی بەرپرسیاریەتی بەرپرسی هۆبە و بەسەرەوەیان لە ئەستۆیە)
* بڕاوە
*ئەندازەیی
*راژەی دەرەوە
*نازناوی زانستی ( تایبەتە بە هەڵگرانی نازناوی زانستی)
*حرفی
*بدل خگور امنیە
*عدم مزاولە المهنە
*میوانداری
*نیشتەجێبوون
*گواستنەوە
*رئاسە
لە رێكخستنەوەی جۆری دەرماڵەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان رەچاوی ئەوە ناكات، كە ئایە ئەو دەرماڵە بە یاسا و رێنمایە بەركارەكانی هەرێمی كوردستان ، یاخود عێراق خەرجدەكرێت.
* سەرجەم دەرماڵە جێگیرو نا جێگیرەكان لە رابردوودا بەپێی چەند یاسا و رێنمایەك دەرچوون لەوانە:
1. یاسایی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە ( 22) ساڵی 2008ی حكومی فیدراڵ كە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەركارە، بەشێكی زۆر لەو دەرماڵانە بەپێی ئەو یاسایە خەرجدەكرێت ( بەڵام هەر هەموویان هەڕەشەی بڕینیان لەسەرە)
2. یاسایی راژە و خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ ژمارە ( 18)ی ساڵی 2011ی حكومەتی عێراق كە لە هەرێمی كوردستانیش بەركارە ( تایبەتە بە هێزە ئەمنییەكان )
3. یاسایی دیوانی چاودێری دارایی ژمارە (3)ی ساڵی 2008ی حكومەتی هەرێم (تایبەتە بە توێژێكی دیاریكراوە)
4.یاسای كۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی ژمارە ( 4)ی ساڵی 2015
5.یاسایی دەستەی دەستپاكی ژمارە (3) ی ساڵی 2011 (تایبەتە بە توێژێكی دیاریكراوە )
6. یاسایی موچەی دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتیی ژمارە (27) ی ساڵی 2008 ( تایبەتە بە ئەنجومەنی دادوەری)
7.یاسایی راژەی زانكۆی حكومەتی عێراقی فیدرال ژمارە (23)ی ساڵی 2008ی بەركار لە هەرێم ( تایبەتە بە مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆ)
8.ژمارەیەك جۆری دەرماڵە بەپێی فەرمان و بڕیار و رێنمایی تایبەت لە رابردوو لە لایەن پەرلەمان و حكومەتی هەرێم دەرچوون.
تێبینی/ * بەشێك لە فەرمانبەران دوو جۆر دەرماڵە وەردەگرن، بۆ نموونە هەندێ كارمەندی تەندروستی دوو جۆر دەرماڵەی هەیە، یەكێكیان دەرماڵەی ترسناكییە، یەكێكیشان دەرماڵەی تایبەتە بە رێنمایی بۆی بڕاوەتەوه، ‌ بە هەردووكیان دەكاتە 100%، لە حاڵەتێك ئەگەر دەرماڵە بۆ كارمەندانی تەندروستی مایەوە، دەبێت یەكێكیان هەڵبژێرێت واتە دەرماڵەكەی دەبێتە 50%.
* ئەو دەرماڵانەی كە وەكو ترسناكی دەمێنێتەوە تەنها بۆ چەند توێژێكی دیاریكراو دەبێت، لەوانە ئەو كارمەند و پزیشكانەی كە لە نەخۆشخانەكان بە فعلی مەترسیان لەسەرە، یاخود كارمەندێكی بەشی چاككردنەوەی كارەبا كە مەترسی لەسەر كارەكەی هەیە.