دەرماڵەیەك بۆ فەرمانبەران خەرج دەكرێت

ئابوری 10/03/2020


بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ئاماژە بە رێنماییەک دەکات کە بەهۆیەوە کێشەی هەزاران فەرمانبەر چارەسەرکراوە.
ئەردەلان محەمەد، بەرێوەبەری گەنجینەی سلێمانی کە سەر بە وەزارەتی دارایی بەرۆژنامەی (باس)ی راگەیاند، بەرێنماییەکی دارایی کێشەی خەرجکردنی دەرماڵەی هاتووچۆ وجوگرافی بەشێکی زۆری فەرمانبەران چارەسەرکرا، گوتی:" فەرمانبەرێکی زۆرمان هەیە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان یان لەسەر ئەرکی خۆیان هاتوچۆیان دەکرد، دەرماڵەکەی هاتووچۆیان پێ نەدەدرا، بەڵام ئەو کێشەیە لەبەرژەوەندی فەرمانبەران چارەسەرکرا مانگانە بۆیان خەرج دەکرێت".

روونی کردەوە ئەوانەی لە ساڵانی رابردوو ئەو دەرماڵەیان بۆ خەرج نەدەکرا قەرەبۆ ناکرێنەوە،بەڵکو لە1ی 1ی 2020وە بۆیان خەرج دەکرێت، گوتیشی:" پێشووتر رێنماییەک هەبوو دەرماڵەکە بۆ بەشێکی زۆری فەرمانبەران خەرج نەدەکرا لە کاتێکدا ئەو فەرمانبەرانە لەسەر ئەرکی خۆشیان هاتووچۆیان دەکرد، بەڵام لەمەودوا بۆیان خەرج دەکرێت".