زانیاری نوێ لەبارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 12

ئابوری 05/03/2020

چاودێر : تایبەت

رۆژی شەممەی داهاتوو 7ی ئادار، كۆتایی بەدابەشكردنی مووچەی مانگی 11ی ساڵی رابردوو دێت و وەزارەتی دارایی و ئابووریش ئامادەكارییەكانی بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 12 دەستپێكردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمەو، تایبەت دراونەتە (چاودێر)، رۆژی شەممەی داهاتوو رێكەوتی 7ی ئادار،  بەدابەشكردنی مووچەی خانەشینانی سەربازی، كۆتایی بەدابەشكردنی مووچەی مانگی 11ی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێم دێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەئێستادا وەزارەتی دارایی هەرێم، داوای لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكان كردووە، كە بڕە پارەی پێویستیان بۆ دەست كردن بەدابەشكردنی مووچەی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و پەروەردە و تەندروستی و دارایی و ئابووری و سامانە سروشتیەكان بۆ بنرێت، بۆ ئەوەش ئەگەر هەیە رۆژی 10ی ئەم مانگە، مووچەی مانگی 12ی وەزارەتی پێشمەرگە و دیوانی وەزارەت و ليواكان و یەكەكانی 70 و 80 دابەش بكرێت، 

لەزانیاریەكاندا، ئەوەش هاتووە، بەپارەی ناوخۆ و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و پارەكەی ئەمریكا، مووچەی ئەو وەزارەتانە دەدرێت و ئەوانی تریش دەكەونە دوای پشووەكانی نەورۆز و تا ئەو كاتەش بەغدا ئەگەر وەك مانگی رابردوو گرفت دروست نەكات، مووچەی تەواوی وەزارەت و دەستە و خانەنشینان دەنرێت.

دابەشكردنی مووچەی مانگی 11ی ساڵی رابردوو، 40 رۆژی تێپەڕاند، لەكاتێكدا بەپێی زانیارییەكان، كۆی داهاتەكانی حكومەتی هەرێم مانگانە، لەئێستادا بریتیە لەداهاتی ناوخۆ 300ملیار دینار، داهاتی نەوت مانگانە (750 ملیۆن) دۆلار دەكاتە ( 900 ملیار) دینار و بەبێ پارەكەی بەغداد دەكاتە ( ترلیۆنێك و 200 ملیار ) دینار هاوشێوەی ساڵی 2012 و بگرە بودجەكە زیاتریشە، هەروەها بە پارەكەی بەغدادەوە مانگانە كۆی داهاتی هەرێم دەكاتە ( ترلیۆنێك و 650 ملیار) دینار كە زیاتر لە 750 ملیار دیناری لە كۆی موچەی موچەخۆران زیاترە.