مەلا بەختیار لەیادی راپەڕیندا: گەندەڵی‌و تاڵانی گەیشتۆتە ئاستێكی ترسناك، كە تەنانەت گوێ نادرێتە پەڕینەوەی نەخۆشی كۆرۆناش

ڕاپۆرت 05/03/2020

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی، بە بۆنەی یادی راپەڕینەوە، چەند راستەیەک ئاشکرا دەکات و پێشیوایە ئەرکەکانی راپەڕینی بەردەوام هێشتا جێبەجێ نەکراون بە تایبەتی گەندەڵی.

مەلا بەختیار لەو وتارەدا کە بەبۆنەی یادی راپڕین نوسیویەتی، دەڵێت: لایەنە سیاسیەكان، نەك لە خەمی ئەو ئامانجانە نین، بەڵكو ناكۆكی سیاسی‌و حوكمڕانی نێوانیان، لەساڵانی رابردوو قوڵترە. گەندەڵی‌و تاڵانیش گەیشتۆتە ئاستێكی ترسناك، كە تەنانەت گوێ نادرێتە پەڕینەوەی نەخۆشی كۆرۆناش.. بەهۆی كاروانی قاچاخی نەپشكێندراوی گومرگ نەكراو.

 

دەقی وتارەکە:

 

یادی راپەڕین‌و
راستیەكان چۆن بون؟
مەلا بەختیار

یادی (29) ساڵەی راپەڕین، لە دەروازەی راپەڕین‌و راپەڕینی شارەكانی تریش، لە رۆژانی تردا، لەهەموو گەلی كوردستان پیرۆز بێ‌.
ئەم یادە، نەك لەبەرئەوەی یادێكی سیاسی-جەماوەریە، گرنگە، بەڵكو یادێكی مێژووییە، چونكە، رۆژی وەرچەرخانی ستراتیژی گەلی كوردستانە، ستراتیژی راپەڕین لە شارەكانەوەو كۆتاییهاتن بە ستراتیژی شۆڕشی چەكداری لەشاخەكاندا.
هیچ نەتەوەیەك بەئەندازەی كورد، لەسەرەتای سەدەی هەژدەهەمەوە، لەسەر خەباتی بێهودەی چەكداری لە شاخەكانەوە سور نەبووە. بەڵام دوو سەدە، هەتا ئەنفالەكانی سەردەمی شۆڕشی نوێ‌-گوڵان، خەباتی چەكداری، شكستی دەخوارد؛ كەچی، بەبێ‌ئەوەی باری بابەتی لەناوچەكە، یان لەجیهاندا، لەبەرژەوەندی شۆڕشی چەكداری بگۆڕدرێ‌، كورد، لەهەموو بەشەكانی كوردستان، لە خەباتی چەكداری بەردەوام بووە. زۆربەی خەباتە چەكدارییەكەش، بەهەمان رێباز‌و ستراتیژ، لەبەرامبەر هەمان داگیركەری بەشەكانی كوردستاندا، بە سەردارێتی سەرۆك هۆزەكان، یان شێخەكان، بەردەوام بووە.
لە دوو سەدەماندا، تەنها راپەڕینی بەردەركی سەرای (1930)‌و دامەزراندنی كۆماری كوردستان (پایتەختی مەهاباد) دوو ئەزمونی جیاواز بوون لەو نەریتە چەكدارییە دورودرێژە. ئەنجامەكانیشیان لەهەموو بارێكەوە، وەكو ئەزمونی سیاسی، باشتر بوون، بەڵام دیسان هیچیان نەكرانە ستراتیژی كوردایەتی بۆ خەباتی شارو شارستانی.
-شۆڕشی ئەیلول (1961-1975) چەكداری بوو.
-شۆڕشی نوێ‌-گوڵان (1976-1991) چەكداری بوو.
-شۆڕشی چەكداری رۆژهەڵات (1980-1982) دوای راپەڕینی گەلانی ئێران، چەكداری بوو.
-شۆڕشی باكوری گەریلا (1984-2020) چەكدارییە.
تاقە ئەزمون، كە خەباتی جەماوەری-چەكداری، بەحوكمی هەلومەرجەكە ئاوێتە كران، ئەزمونی ئێستای رۆژئاواو پەیەدەیە. تائێستاش لەناو دۆخی گشتی سوریادا، بەردەوامە.
راپەڕینی بەهاری (1991) وەرچەرخانی ستراتیژی سیاسییە. لە شاخەوە بۆ شار. ئەمەیان خاڵی گەوهەری راپەڕینە لای من. منیش لە كتێبی (شۆڕشی كوردستان‌و گۆڕانكاریەكانی سەردەم-1989) جەختم لەسەر گۆڕینی ستراتیژی چەكداری بۆ راپەڕینی بەردەوام كردۆتەوە. لە (7) ژمارەی (ئاڵای شۆڕش)دا، (لەساڵانی 1990-1991) سەروتارو لێكۆڵینەوەو تەنانەت ئارمی سەر ئۆرگانەكەش، لەسەر راپەڕینی بەردەوامە.
پێش كتێب‌و ئۆرگانی ناوبراو، لەساڵی (1989)وە هەتا داگیركردنی كوێیت (1990) دوورونزیك، یەك لایەنی كوردستانی، بە چەپ‌و راستەوە، باسیان لە ستراتیژی راپەڕین‌و كۆتایی ستراتیژی چەكداری نەكردووە. بەڵكو هەتا كوێیتیش داگیركرا، جگە لە (مام جەلال) "بەرەی كوردستانی" دوودڵ بوون لە لێدانی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە لە كوێیت. تەنانەت كە كوێیت داگیركرا، جیهان كاردانەوەی هەبوو، بەرەی كوردستانی ماوەیەك بێهەڵوێست بوو!! تەنانەت، لایەنیش هەبوون، خواخوای مفاوەزاتی سەدام بوون. بەڵام كە زانرا، ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی سوپای عێراق لە كوێیت تێكدەشكێنێ‌‌و شیعەكانیش لەژێر كاریگەری ئێران خۆیان بۆ روخاندنی سەدام ساز دەكرد، هەنگینێ‌، بەرەی كوردستانی كەوتنە خۆیان‌و بەرنامەی راپەڕینییان، گەڵاڵە كرد. هەڵوێستی مام جەلال‌و پەسەندی مەسعود بارزانی، دوای دڵنیابوون لە لێدانی عێراق، بوونە مایەی ئەوەی بەرەی كوردستانی بەرنامە داڕێژێ‌. لەناو بەرەی كوردستانیشدا، یەكێتی بەسەركردایەتی شادڕەوان نەوشیروان مستەفا، بەرنامەو نەخشە خۆیان سازدابوو. یەكەمین هێزیش بوون لە سۆران نشیندا راپەڕین، پارتیش لە بادینان نشیندا، راپەڕینی بەرپا كرد. بەبێ‌ ئەوەی هیچ لایەكیان هیچ ناوچەیەك بەرامبەر یەكتر، پاوان بكەن.
لەكاتی داگیركردنی كوێیتەوە هەتا لێَدانی عێراق لە كوێیت، كاتێكی زۆر بۆ ئامادەكاری باشتر، بەفیڕۆ درا. بۆیە، كە راپەڕین بەرپا بوو، ئەو نەخشەیەی دەبوو ئامادە بكرێ‌ بۆ ئیدارەی شارەكان، زۆر لاواز بوو، ئاكام تاڵانییەكی زۆر دەستیپێكرد. هێزە كوردستانیەكان وا دەهاتنە بەرچاو، خۆیان بە كاتیی بزانن. بۆیە، نە لەناو كەركوكدا، توانییان پاشماوەی هێزە شكاوەكەی بەعس دەرپەڕێنن.. نە كە سوپای عێراقیش پەلاماری كوردستانی دایەوە، توانییان شارە گەورەكان‌و زۆربەی قەزاكان بپارێزن. سەرەنجام تراژیدیای كۆچ رویدا. دوای كۆچیش مفاوەزاتێكی نەزۆك، لەگەڵ رژێم.. كرا. ئەگەر دوای كۆچ؛ فشاری نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هێڵی (36)‌و بڕیاری ئەنجومەنی ئاساییش (688) نەبوایە، بەدڵنیاییەوە، هێزەكانی بەرەی كوردستانی، هەرچی چۆنێ‌ بووە، مفاوەزاتیان لەگەڵ فاشیەكان دەگەیاندە رێكەوتن:
-لەلایەكەوە راپەڕین وەرچەرخانی سیاسی بوو.
-لەلایەكی ترەوە، كۆچ تراژیدیایەك بوو، جیهانی پێ هەژا.
-ئاكامیش سیاسەتی نێودەڵەتی بەرامبەر كوردستان، بۆ یەكەمین جار بوو، بگۆڕێ‌..
سەرەنجامی هەر سێ‌ ئەو راستییانە، بەرەی كوردستانی ئیدارەی كوردستانی دوای كشانەوەی ئیدارەو سوپای عێراق، كەوتە دەست. بەڵام بە هاتنەوەی (بەرەی كوردستانی) بۆ حوكمڕانی، هەموو لایەنەكانی دەستیان كرد بە تاڵانكردنی فەرمانگەكانی حكومەت‌و تەواوی ئامێرەكانیان راماڵی بۆ ئێران، پارەی گومرگەكانیان دەخواردو پارەی ئامێرەكانیش دەكرانە پارووی چەوری حیزبەكان‌و بەرپرسەكان (بە چەپ‌و راستەوە!).
هەڵبژاردن، لەژێر فشاری كێشە سیاسیەكان‌و داخوازی دۆستانی كورد، كرا. كارێكی گەورە بوو. بەڵام هەر ساڵێكی خایاند.. ناكۆكیەكان گەیەندرانە بنبەست‌و شەڕی ناوخۆ.. چوار ساڵیشی خایاند؛ لەدوای رێكەوتنی واشینتۆن (1998) دۆخەكە، بە قۆناغ باشتر بووە. بەڵام هێشتا، ئەركەكانی راپەڕینی بەردەوام، چاوەڕێی جێبەجێكردنن. وەكو:
یەكەم: گەندەڵی بەردەوامە. دەبێ‌ ریشەكێش بكرێ‌.
دووەم: دەستوری هەمیشەیی كوردستان نەنوسراوە. پێویستە بنوسرێ‌.
سێهەم: یەكپارچەیی هەرێمی كوردستان، تەواونەكراوە. ئەركە تەواو بكرێ‌.
چوارەم: كەسوكاری شەهیدان.. هێشتا چاوەڕێی خەونی شەهیدەكانیانن. ئۆباڵە بەدی بێت.
پێنجەم: دادپەروەری.. لایەنی كەم نییە. پێویستە بەدی بێت.
شەشەم: كێشەكانی هەرێم‌و بەغداد.. چارەسەر نەكراوون. پرۆژەی دانوستانی نوێی گەرەكە.
حەوتەم: توندوتیژی بەرامبەر ژن.. بەردەوامە. تاوانە بنەبڕ نەكرێ‌.
هەشتەم: فەلسەفەی پەروەردەو نشونما، لاوازە...تاد. ستراتیژی هاوچەرخی دەوێ‌.
لە یادی راپەڕیندا.. كە پێموایە هێشتا بەدیهێنانی پەیامەكانی راپەڕین بەردەوامە.. لایەنە سیاسیەكان، نەك لە خەمی ئەو ئامانجانە نین، بەڵكو ناكۆكی سیاسی‌و حوكمڕانی نێوانیان، لەساڵانی رابردوو قوڵترە. گەندەڵی‌و تاڵانیش گەیشتۆتە ئاستێكی ترسناك، كە تەنانەت گوێ نادرێتە پەڕینەوەی نەخۆشی كۆرۆناش.. بەهۆی كاروانی قاچاخی نەپشكێندراوی گومرگ نەكراو.
بەدڵنیاییەوە، راپەڕین، لەهەموو بارێكەوە بەردەوام دەبێ‌.. رای گشتی وشیار دەبێت‌و بەرپەرچی دیاردە دزێوەكان، پەرە دەسەنێ‌.
گەلی كوردستان.. لە دوا ئەنجامدا، هەتا بەدیهێنانی دوا ئامانجەكانی، لە خەبات كۆڵنادات. نەوەی سەردەمەكەش، نەوەی زووتر هاتنەدەست‌و خەباتی مەدەنییە.. نەوەیەك نییە، تەنها بە دروشم‌و بەڵێنی زەردو سور، دەستەوەستان بوەستێ‌. دەوروبەرمان شایەتن!