راپۆرت

دواین ئامار لە سەر ڤایرۆسی كۆرۆنا

پێش 4 هەفتە


ئا/ رەمەزان شێخانی 
هەموو وڵاتانی جیهان رێوشۆێنی پێویست دەگرنە بەر بەمەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
بەگوێرەی دواین زانیاری تا ئێستا بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە زیاتر لە 3هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە،پاش ئەوەی ئەمرۆ چین گیان لەدەستدانی 42 كەسی دیكەی راگەیاند لە ویلایەتی هۆبی. 
لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی تەندروستی كوەیت بڵاویكردەوە لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 10 حاڵەتی توشبون بەو نەخۆشیە تۆماركراوە بەوەش ژمارەی توشبوان بەرزبوەتەوە بۆ 56 حاڵەت بۆ ئەوە مەبەستەش دیوانی پاشایەتی كوەیت وەكو هەوڵێك بۆ رووبەروبونەوەی ئەو پەتایە بریاری دا كاركردن بە سیستمی پەنجە مۆر رابگرێت.
 وەزارەتی تەندروستی ئەمریكا بڵاویكردوەتەوە لە ویلایەتی سیاتڵ لە ئەمریكا پیاوێكی تەمەن 40 ساڵ بەهۆی نەخۆشیەكەوە گیانی لەدەستداوە بەوەش ئەمە دووەهەمین حاڵەتی گیان لەدەستدانە كە لە ئەمریكا تۆماركراوە.
لە نیویۆركی پایتەختی ئەمریكاش تووشبونی ژنێكی تەمەن 30 ساڵە بەو نەخۆشیە راگەیەندرا كە لە ئێران گەڕابوەوە.
لای خۆشیەوە وەزارەتی تەندروستی میسر و رێكخراوی تەندروستی جیهان ئاشكراكردنی حاڵەتێكی دیكەی توشبونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند،
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی میسر بڵاویكردوەتەوە وەزارەت سەركەوتو بوە لە ئاشكراكردنی حاڵەتێكی توشبون كە كەسێكی بیانی سەردانی میسری كردوەوە ئەو كەسە لە ئێستادا لە نەخۆشخانە جیاكراوەتەوەو لە ژێر چاودێری تەندرووستیدایە
لە كۆریای باشوور تۆماركردنی 476 حاڵەتی نوێی توشبون ئاشكرا كراوە بەوەش ژمارەی تووشبوان لەو وڵاتە گەیشتوەتە 4 هەزار تووشبوو 
هاوكات دەسەڵاتدارانی كۆریای باشور گیان لەدەستدانی 4 كەسی دیكەیان راگەیاند بەوەش ژمارەی ئەو كەسانەی تا ئێستا بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتوەتە 22 كەس وزۆربەی حاڵەتەكانی تووشبون بە ڤایرۆسەكە لە شاری دایگۆ تۆماركراون.

كیانۆش جهیانپور وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران بڵاوكردوەتەوە تا ئێستا بەهۆی پەتای كۆرۆناوە 54 كەس گیانی لەدەستداوەو 978 كەسیش تووشی ئەو پەتایە هاتوون.
جیهانپور ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا لە ئێران 385 حاڵەت تۆمار كراوە و داواشی لە ئێرانیەكان كرد لە ماڵەكانیان نەچنە دەرەوە .
لە ئیسرائیل 3 حاڵەتی نوێ تۆماركراوەو بەوەش ژمارەی توشبوان لەو وڵاتە گەیشتوەتە 10 حاڵەت.
لە جەزائیریش هەواڵی ئاشكراكردنی 2 حاڵەتی تووشبون بە نەخۆشیەكە راگەێندرا كە بریتین لە ژنێكی تەمەن 53 ساڵ و كوڕە تەمەن 24 ساڵەكەی.
بەوەش ژمارەی تووشبوان بەو نەخۆشیە لە جەزائیر گەیشتوەتە 3 حاڵەت.
پێویستە ئاشكرا بكرێت تا ئێستا لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان 89 هەزارو 73 حاڵەتی تووشبون بەو نەخۆشیە تۆماركراوەو لەو ژمارەیە 3هەزارو 48 تووشبو گیانیان لەدەستداوەو 45 هەزارو 95 كەس لە نەخۆشیەكە چاكبوەتەوە.
سكای نیوز