مەلا بەختیار: ئەنجومەنی باڵای سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی لە دیالۆگدان

ڕاپۆرت 01/03/2020


سەرنوسەری رۆژنامەی زەمان، چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سازكردوە‌و تیایدا وەڵامی چەندین پرسیاری داوەتەوە سەبارەت بە دۆخی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و هەرێم‌و عێراق.
مەلا بەختیار لە چاوپێكەوتنەكەدا دەڵێت: من كەسێكی چەپی دیموكراتخوازم، ئەوەش رەت دەكاتەوە كە لەناو یەكێتی رەوتێكی لاوان هەبێت لەناو یەكێتیدا‌و دەڵێت: من لە بانگەشەكارانی گۆرانكاریم لەناو یەكێتی‌و رەوتی چەپ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە واقعی دەبینم‌و پێم وایە چەپە دیموكراتخوازەكانی ناوچەكە زیاتر نزیكترن لە چەپە سۆشیالیستەكانی ئەوروپا، چونكە لە ئەوروپا دیموكراتیەت ئەركی زۆری بەدیهێناوە لەكاتێكدا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست زۆر لەو ئەركانە بەدی نەهاتون، ئەم دیموكراتیەتەش هیچ بەدی ناهێنێ ئەگەر نەبەسترابێتەوە بە بزوتنەوەیەكی چەپی گۆرانخواز لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، پێشموایە مەحاڵە لەم بوارەدا هیچ بەدی بێت ئەگەر رەوتی چەپ لەگەڵ دیموكراتیەتێكی راستەقینە پەیوەست نەبن.
ئاماژە بەوەش دەكات، چەپی دیموكراتخواز لە ئەوروپا وەك ئاراستەیەك سەری هەڵداوە بەتایبەت لە ئیتاڵیا، بەڵام لە كوردستان من تایبەتمەندی چەپی دیموكراتیم گەڵاڵە كردوە.
لەبارەی جیاوازی نێوان پرۆگرامی بزوتنەوەی گۆڕان‌و نەوەی نوێ لەو تێزانەی كە خۆی كاری لەسەر دەكات، مەلا بەختیار دەڵێت: پێموایە بزوتنەوەی گۆڕان دۆخێكی بابەتیانەی نەبوو، واتە لە واقعی كۆمەلایەتیدا زەمینەیەكی كۆمەلایەتی‌و سیاسی‌و فەلسەفی نەبوو، بەڵكو دۆخێك بوو لەو دۆخانەی لەناو كوردستان لەقۆناغێكدا سەری هەڵدا، قەیرانی ئابوری‌و كێشەی سیاسی‌و نیگەرانی‌و نارەزایی سایكۆلۆژی لەناو جەماوەر هەبوو كە بزوتنەوەی گۆڕأن بەكاری هێنا‌و كاك نەوشیروان وەك سەركردەیەك كاریگەری هەبوو لەسەر گۆرەپانی كوردستان، بەڵام من بزوتنەوەی چەپی دیموكراتی بەشێوەیەكی ستراتیژی تەواو دەبینم نەك وەك بابەتێكی سیاسی دابڕاو، وەك بزوتنەوەیەكی چەپی رۆشنگەر دەیبینم كە بزوتنەوەیەكی چەپە بۆ ئازاد كردنی عەقڵ‌و بەخشینی ئازادی بەرامبەر بە عەقڵی سەلەفی ، وەك ئازادی ژن‌و یەكسانی لەگەڵ پیاو دەیبینم، وەك دادپەروەری كۆمەلایەتی‌و بەگژاچونەوەی گەندەڵی دەیبینم، هەموو ئەوانەش پێكەوە وەك ستراتیژێكی چەپی دیموكراتی دەیبینم كە بانگەشەی بۆ دەكەم.
دەشڵێت: بزوتنەوەی سیاسی‌و ئایدۆلۆژیای سیاسی‌و گوتاری سیاسی لێك جیا ناكەمەوە، هیچ دابڕانێكیش لەنێوان رەوتی چەپ‌و بزوتنەوەی كۆمەلایەتی رۆشنگەر نیە، بەپێچەوانەوە یەكتر تەواو دەكەن، بەبۆچونی من هیچ چەپێكی راستەقینەو دیموكرتخوازێكی راستەقینە بونیان نیە ئەگەر رۆشنگەری راستەقینە نەبێ.
مەلا بەختیار رونیشی كردەوە: لە ئەوروپا چەپەكان شتێكن‌و دیموكراتەكانیش شتێكی تر، دیموكراتیەت‌و چەپ‌و دامەزراندنی دەوڵە‌تی نەتەوەیی پاش قۆناغەكانی بزوتنەوەی رێنسانس‌و بزوتنەوەی ئاینسازی‌و رۆشنگەری‌و شۆرشی پیشەسازی هات، پاشانیش سیستمی دیموكراسی، لای ئێمە هێشتا زەمینە‌و باكگراوندەكە لەبار نیە‌و بەیارە لەروی فكری‌و سیاسی‌و عەقلانیەتەوە، ئێستا ئێمە روخسارێكی دیموكراتیمان هەیە‌و جەوهەرمان لە سەدەكانی ناوەراستدا دەژی.
لەبارەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، دەڵێت: ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی فراوان بوە، كۆنگرەی یەكێتیش تایبەتمەندیەكی خۆی هەبوو، كێشە سیاسی‌و فكری‌و ئابوری‌و كەڵەكەبونی ئەو كێشانە، سەركردایەتیەكی دروست كرد بەناوی ئەنجومەنی باڵا‌و ئەنجومەنێكی دیكەش بەناوی ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئێستا سەرقاڵی دیالۆگێكی برایانە‌و رۆشنبیرانەین لەبارەی چۆنێتی دیاری كردنی دەسەڵاتی هەردوو ئەنجومەنەكە بۆ ئەوەی هەر یەكێكیان ئەركەكانی ئەوی دیكە تەواو بكات، لەم قۆناغەی گوزەری ناو مێژووی یەكێتی بۆ قۆناغی سازكردنی كۆنگرەی پێنجەم بەشێوەیەكی باشتر.
لەبارەی بنەماڵەیی‌و بۆماوەیی لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، مەلا بەختیار دەڵێت: لای خۆمەوە هەموو سەركردایەتیەكی بنەماڵەیی رەت دەكەمەوە‌و بروام پێی نیە لەناو یەكێتی‌و دەرەوەی یەكێتی، ئەوەی بەو شێوەیەش شرۆڤە بۆ سەركردایەتی یەكێتی دەكات با بیكات، بەڵام یەكێتی 124 ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و 9 ئەندامی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردوە، ئەوانەی لەوانە لە بنەماڵەی مام جەلالن لە شەش كەس تێناپەڕن.
لە وەلامی پرسیارێكی رۆژنامەی زەمان لەبارەی ئەگەری یەكخستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو یەك حزبدا، مەلا بەختیار وتی: پێموایە ئەوە لە بەرژەوەندی جوڵانەوەی دیموكراتی كوردستاندا نیە، نە لەروی پرانسیب‌و نە لە روی ستراتیژەوە، دوەمیش، سەردەمی یەك حزب‌و تاكە حزب بەسەرچوە لەمیژووی ئێمە‌و عەرەب‌و رۆژهەلاتی ناوەراستیشدا، بەپێچەوانەوە ئێستا لە زەمەنی جیهانگیری‌و سۆشیال میدیادا دەژین، واتە لە سەردەمی فرەیی فكری‌و ئایدۆلۆژی، ئەمە خۆكوژی یە پێمان وابێ حزبێك بتوانێ دۆخەكە كۆنترۆڵ بكات، بەڵكو ئەمە ململانێی دیموكراتیانەی حزب‌و ئاراستەكانی دیكەی ناو كۆمەڵ دەخنكێنێت.
دەشڵێت: راستە زۆرینەی حزبەكان خاڵی هاوبەشیان هەیە، زۆرینەی حزبە دیموكرایتەكان خاڵی هاوبەشیان هەیە، حزبە نەتەوەییەكانیش، ئیسلامیەكانیش یەك خوداو یەك پێغەمبەر‌و یەك قورئانیان هەیە بەڵام فرەن.
لەبارەی دۆخی عێراقیش، لە چاوپێكەوتنەكەی رۆژنامەی زەمان، مەلا بەختیار دەڵێت: بەر لە هەموو شتێك ئەوەی لە گۆرەپانی خۆپیشاندانەكان دەگوزەرێت، لە بەغدا‌و نەجەف‌و كەربەلا‌و زیقار‌و دیوانیە‌و بەسرە، راپەرینێكی شۆرشگێرانەی راستەقینەیە، سەرەرای ئەوەی ستراتیژی خۆپیشاندەران گەڵاڵە نەبوەو ئایدۆلۆژیایەكی رون‌و فەلسەفەیەكی شۆرشگێرانەی ئاشكرایان نیە، بەڵام وەك سەرەتایەكی راپەرین لە عێراق‌و ناوچەكەو جیهان وەك بزوتنەوەیەكی نوێ دەیبینم لە سەردەمی گلۆبالیزاسیۆن واتە دوای بیست ساڵ لە سەرهەڵدانی گڵۆباڵە، بەڵام پێویستمان بە كاتە لە ژانی ئەم جوڵانەوە شۆرشگێرانەیە بۆ گەلاڵە كردنی ستراتیژ‌و ئایدۆلۆژیا‌و فەلسەفەیەك كە لەگەڵ گۆرانكاریەكانی ناوچەكەو جیهان بگونجێت. پێویستمان بەكاتە بەڵام وەك سەرەتا زۆر گرنگ دەیبینم، هەموو جوڵانەوەیەكی گۆڕانكاری‌و راپەرینێك لە مێژوودا لەسەرەتا هەڵەی كوشندەی لەگەڵدابوە، بەڵام بەتێپەربونی كات ئەو كێشانە چارەسەر دەبێت‌و سەركردە‌و بیر‌و پێشبینی‌و ستراتیژی لێدەكەوێتەوە، چۆن ئالتەرناتیڤێكی دیموكراتی راستەقینە دێت، واتە پێویستمان بەكاتە بەڵام بەبێ ئەم جوڵانەوەیە ناكرێت ئالتەرناتیڤێكی دیموكراتی راستەقینە لە ئایندەدا بەدی بێت.
وتیشی: خۆپیشاندەران دەیانەوێ كۆتایی بە چینی گەندەڵ بهێنن، ئەمەش مافی خۆیانە، بەڵام كۆتایی هێنان بە حزبەكان ئەوە زۆر قورسە، بەڵام وەك چینی گەندەڵكار یان هەر گەندەڵێك لەناو حزب‌و دەسەڵات، ئیدی ئاشكرا بێت یان نهێنی، ئەوا پێویستە دادگایی بكرێت‌و ئەوە مافە.
لەبارەی بریاری دەركردنی هێزە ئەمریكیەكا‌و بۆچونی كورد لەوبارەیەوە، مەلا بەختیار وتی: ئێمە بریاری دەركردنی ئەمریكیەكانمان دەرنەكردوە، بەڵام حزبە شیعیەكان ئەو بریارەیان دەركردوە، ئەمەش پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە. راستە لە پارلەمانی عێراق ئەو بریارە دراوە، بەڵام ئێمە وەك كورد‌و هەندێك حزبی سوننە بەشداریمان نەكرد، پێشموایە ئەمە هەڵەیەكە پێویستە دوبارە نەبێتەوە وەك ئەوەی لەسەردەمی مالكی روی دا، كاتێك بریاری چونەدەرەوەی ئەمریكیەكان دراو بۆشاییەكی ئەمنی مەترسیدار دروست بوو، بوە هۆی سەرهەڵدانی داعش‌و پركردنەوەی ئەو بۆشاییە، پێموایە پێویستە بە قۆناغ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكیەكان بكەین، هەر قۆناغێك پێویستە بەپێی پێویستی بەشێك لە هێزەكان بكشێنەوە، هەركاتێكیش سوپای عێراق‌و هێزە ئەمنیەكان بەهێزبون، دۆخی ئابوری باشتر بوو، مەترسەیكان كەم بونەوە،‌و دڵنیابوین كە كشانەوەكە نابێتە هۆی گەرانەوەی داعش‌و هاوشێوەكانیان، ئەوكاتە دەتوانین بڵێین پێویستمان بە ئەمریكیەكان نیە لە ولاتەكەماندا.
لەبارەی حكومەتەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی، مەلا بەختیار وتی: ئەگەر لەسەرەتا رێكەوتن لەگەڵ عەلاوی نەكرێت ئەوا پێموایە بابەتەكان ئالۆزتر دەبن، هەندێ گرفت چارەسەر نەكراوە لەگەڵی، ئەو وەفدەی رۆیشت بۆ بەغدا بەبێ هیچ رێكەوتنێك گەرایەوە، بەپێی ئەزمون‌و خوێندنەوەی خۆم بۆ دۆخی سیاسی، هەر سەرۆك وەزیرانێك بێت ناتوانێ بەهەمان شێوەی حزبە عێراقیەكان مامەڵە لەگەڵ دۆزی كورد بكات.
كوردستان تایبەتمەندی هەیە، بۆچی دەستور دان بە فیدراڵیەتی كوردستاندا دەنێت؟ ئایا سەرۆك وەزیر خۆی لەسەروو دەستورەوە دەبینێت؟ ئێمە لەدەستوردا دانمان پێدا نراوە‌و تایبەتمەندی خۆمان هەیە‌و دەسەڵاتی یاساییمان هەیە بۆیە پێویستە سەرۆك وەزیری نوێ ئەوە لەبەرچاو بگرێت.
گوێشم لەوە نەبوە كە گۆرەپانی عێراق داواكارەیكانیان كوردستان بگرێتەوە. بەڵكو زیاتر مەبەستیان بەغدا‌و باشوری عێراقە. ئێمە بەرپرس نین لە گەندەڵی عێراق‌و بەغدا، ئێمە بەرپرسین لەوەی لە كوردستان گەندەڵی هەیە، گەندەڵبی بەغداش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی راپەرین. با دادگایەكیش دروست بێت بۆ گەندەڵی، بەر لە عەرەب، با وەزیرە كوردەكان دادگایی بكەن ئەگەر گەندەڵ بون.