وردەكاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم

ڕاپۆرت 27/02/2020

چاودێر –  راپۆرت:

 

دابەش نەكردنی مووچەی مانگی 11ی ساڵی رابردووی زۆربەی وەزارەت و دەستە و خانەنشینانی هەرێم، لە(40) رۆژ نزیك دەبێتەوە و هێشتا مووچەخۆران لەدڵەراوێكی وەرگرتن و ناردن و نەناردنی مووچەكانیاندان، سەرباری چەندین لێدوانی بەرپرسانی باڵا و پارلەمانتارانی كورد لەبەغدا. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (چاودێر)، یەكێك لەهۆكارەكان، پەیوەندی بەنەگەیشتنە رێكەوتنی نێوان كورد‌و سەرۆكوەزیرانی نوێی راسپێردراوی عێراقەوە هەیە، سەبارەت بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

 
بەپێی نوێترین زانیاری، كە دەست (چاودێر) كەوتووە، هۆكاری سەرەكی نەناردنی مووچە لەبەغداوە بۆ هەرێم، ئەگەرچی دەوترێت پەیوەندی بەبەڕێوەبەرێكی گشتی لەوەزارەتی دارایی عێراقەوە هەیە، بەڵام بەشێكی پەیوەندی هەیە بۆ ئەو نووسراوەی كە لەرێكەوتی 15/1/2020 لیژنەی دەستپاكی لەپارلەمانی عێراق، ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كردووە، بۆ راگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، چونكە لەساڵی نوێدا هەرێم، پابەند نەبووە بە رادەستكردنی بڕی نەوتی دیاریكراو، كە 250 هەزار بەرمیلە.

 

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەئێستادا، هەوڵەكان لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق چڕكراوەتەوە بۆ ئەوەی   ئەو دەسەڵاتە لەو بەڕێوەبەرە گشتییە وەربگرێتەوە و خۆی پارەكە خەرج بكات، بەڵام هێشتا بێ ئاكامە.

 

هاوكات، لەزانیارییەكانی (چاودێر)دا، ئەوەش هاتووە، " بەو هۆیەی تائێستا لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، دانوستانەكانی نێوان كورد و محەمەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی نوێ نەگەیشتوونەتە رێكەوتن، هۆكارێكی گرنگی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە ". 

 

لایخۆشیەوە، عابد ساڵح، بەڕێوەبەری بانكی ناوەندیی عێراق، لەهەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی شوبات، رايگەیاند: تاوەكو ئێستا پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەگەیشتووەتە بانكەكەیان، هەركاتێك رەوانە بكرێت، ئەوا رایدەگەیەنن و هۆكارەكەی نازانین، بەڵام ئەمە سیستەمە هەركاتێك رەوانە بكرێت لەسیستەم دەردەكەوێت.

 

هاوكات،  د.ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پارلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەداوە، پەیوەندی بەوەزارتی دارایی عێراق كردووە، پێیان راگەیاندووە، بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكی ناردی ئەو پارەیە دواكەوتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە،  كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق هەیە و بە دواداچوونی بۆ دەكەن.

 

لەلایەكی ترەوە، شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەپارلەمانی كوردستان، باسیلەوەكردووە، ئەوەی لێی دڵنیاین ئەوەیە كە هۆكاری دواكەوتنی ناردنی مووچە لە بەغداوە بۆ هەرێم، پەیوەندی بە ململانێی سیاسییەوە نیە، بەڵكو كێشەیەكی ئیدارییە لەناو وەزارەتی دارایی عێراق.

 

ناوبراو، وتیشی "كێشەكەی ناو وەزارەتی دارایی عێراق چارەسەركراوە و پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەزووترین كات رەوانە بكرێت".

 

تا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی شوباتی 2020، مووچەی مانگی 11ی ساڵی رابردووی بەشێكی زۆر لەوەزارەت و فەرمانگەكانی هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە، هەروەها مووچەی 12 مانگ لەمەوبەریش نەدراوەتە خانەنشینان، بۆیە بە گەیشتنی پارەكەش ئەوا دابەش كردنەكەی دەكەوێتە مانگی داهاتوو، لەكاتێكدا پێویستە لەپێنجی هەموو مانگێكدا دابەشكردنی مووچە دەستپێبكاتەوە.

 

دواكەوتنی مووچە لەكاتێكدایە كە لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا، ئەحمەد عەبدولڕەحمان، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، لەئێستادا هەر 30 رۆژ جارێك، مووچەی مووچەخۆران دابەش دەكەین.

 

ئەوەشی خستەڕوو " ئێمە لە ماوەی تەمەنی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو مانگێك مووچەخۆران مووچەی خۆیان وەرگرتووە، بابەتی مووچە پاشەكەوتكراوەكانیش پەیوەستە بە چاكتربوونی دۆخی دارایی ".