سەرجەم كافتریاكانی نێرگەلە دادەخرێن

کوردستان 26/02/2020

چاودێر:

بەمەبەستی رێگریكردن و خۆپارێزیی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەزوترینكات بڕیاری داخستنی ئەو شوێنانەی نێرگەلەی تێدا دەكێشرێت دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بەمەبەستی رێگریكردن و خۆپارێزیی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەلایەن ئەنجومەنی باڵای روبەڕوبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا ‌بڕیاریداوە شوێنی كێشانی نێرگەلە‌ و مەلەوانگه دابخرێت‌ لەگەڵ راگرتنی لایڤ موزیك لە شوێنە گشتییەكان و بۆنە كۆمەڵایەتییەكان كە قەرەباڵغی دروست دەكەن.

وتی: لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەزوترین كات رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر بۆ داخستنی سەرجەم ئەو شوێنانەی لەلایەن ئەنجومەنەكەوە دیاریكراوە.

وتیشی: ئەنجومەنی باڵای روبەڕوبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا ‌بڕیاریداوه، داخستن و راگرتنی كاری بەشێك لەو پیشانەی بۆ لیژنە هاوبەشەكان و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی دیكە بەجێهیشتوە كە مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەی لێدەكرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوشكرد: راگەیەنراوەكەی ئەنجومەنی باڵای روبەڕوبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی، دەسەڵاتی زیاتری داوه بە لیژنە هاوبەشەكان بۆ سزادانی ئەو كەسانەی قۆرخكاریی و گرانكردنی نرخی كاڵاوشمەكەكان لەسەر هاوڵاتیان دەكەن.

ئەمڕۆ، 2020/2/26 ئەنجومەنی باڵای روبەڕوبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگار و ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی و بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی پەیوەست بە ڕێگریكردن و خۆپارێزیی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە دیوانی پارێزگادا كۆبوونەوەی ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای سلێمانی دەستیپێكرد.