پسپۆڕێكی خۆراك: بۆئەوەی بەرگری لەشتان بەهێز بێت دژی كۆرۆنا، ئەم خواردنانە بخۆن

تەندروستی 26/02/2020


چاودێر: تابان رەزا
ئێستادا ترسێكی زۆر بڵاوبۆتەوە لە ناو هاوڵاتیان و شڵەژاویەكی زۆر دیارە بە كۆمەڵگەوە،خۆراكیش یەكێكە لەو هۆكارانەی كاریگەری  لەسەر ئەم جۆرە ڤایرۆسە هەیە، لەو بارەیەوە  پسپۆڕێكی  خۆراك، دەڵێت"  بۆئەوەی بەرگری لەش بەهێز بێت خواردنە خێرا و ئامادەكراوەكان    و لەقوتونراوەكان مەخۆن، تادەتوانن خواردنی ماڵەوە بخۆن"
كاریگەری خوارك لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا چیە؟
د. ئەسرا كەمال،پسپۆڕی زانستی خۆراك دەڵێت" لە ئێستادا هیچ تاكە خواردنێك نی یە بە تەنیا پارێزگاریمان بكات لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام دەكرێت كاتێك بەرگری لەشمان پتەوبێت خانەكانی لەشمان بتوانێت كە شەڕێكی باش لەگەڵ ڤایرۆسەكەدا بكات و لە ئەنجامدا بتوانێت زاڵ بێت بەسەر نەخۆشیەكەدا یاخود هەر لە سەرەتاوە بەرهەڵستی یەكی باش بكات و نەهێڵێت ئەو ڤایرۆسە هیچ نیشانەیەك دەربخات لەسەر جەستەمان"
* خواردنی تەندروست زۆر پێویستە. بەدخۆراكی و خواردنی خواردنە خێراو لە قوتووكراوەكان كە بەهای خۆراكیان تێدا نیە ئەگەرێكە بۆ دابەزینی بەرگری لەش بۆ رووبەڕوو بونەوەی ڤایرۆس.
* گرنگی دان بە پاكی و شتنەوەی خواردنەكان بە رێگەیەكی تەندروست، دووركەوتنەوە لە خواردنی خواردنە خێراو ئامادەكراوەكان و باشترە خواردنەكان لە ماڵەوەو بە تازەی ئامادە بكرێت.
* كێشی زیادەو قەڵەوی هۆكارێكە بۆ زیاد بوونی ئەگەری هەوكردن لە لەشدا و كەمبوونەوەی بەرگری لەش.
*خەوێكی باش و تەندروست كاریگەری زۆری هەیە لەسەر چالاككردنی بەرگری لەش و كەمكردنەوەی هەوكردن لە لەشدا. هەروەها كەمكردنەوەی سترێس و قەلەقی لە رێگەی وەرزش یان تەكنیكی هێوركردنەوە وەكو یۆگا یان میدیتەیشن یان وەرزشی هەناسەدانی قووڵ.
* خواردنە ترشێنراوەكان (تخمیر)، كە سەرچاوەیەكی زۆر باشن بۆ بەكتریا سوودبەخشەكان بۆ بەرگری دژی بەكتریا زیانبەخشەكان وەكو سەوزەواتی مخمر یان ترشیات یان كیفیر.
*بەرزی ڕێژەی شەكر یان كاتێك رێژەی شەكر لە كۆنترۆڵدا نەبێت ئەگەرێكی زۆی هەیە كە كاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر خانەكان كە ڕۆلیان هەیە لە بەرگری لەشدا.
* خواردنەوە كحولیەكان كاریگەری نەرێنیان هەیە لەسەر خانەی نیوترۆفیلەكان كە خانەیەكی بەرگریە كاریگەری هەیە لەسەر تێكشكاندنی بەكتریاو ڤایرۆسە زیانبەخشەكان.
سودی ڤیتامینەكان لەم حاڵەتەدا چین؟
 ئەو پسپۆڕە باس لەوە دەكات، ئەو ڤیتامین و كانزایانەی كە كاریگەری زۆریان هەیە لەسەر بەرگری لەش بریتین لە:
1. ڤیتامین C : بە رێژەیەكی زۆر و  بەرچاو كاریگەری هەیە لەسەر بەرگری و بە پێی هەندێك لە بڵاوكراوە زانستی یەكان كاریگەری زۆر باشی هەیە لەسەر خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و لە حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیەكەدا كاتێك بە بڕێكی زانستیانە بەكارهاتووە بۆ تووشبوانی كۆرۆنا كاریگەری هەبووە لەسەر ئاسانكردنی نەخۆشیەكە، ئەوخواردنانەی كە زۆر دەولەمەندن بە ڤیتامین Cوەكو سپیناخ و پرتەقاڵ و لیمۆ و كیوی و برۆكۆلی و بیبەر و پاپایا ....
2. ڤیتامین A و زینك كە كاریگەریان هەیە لەسەر رێكخستنی دابەشبوونی خانەكانی لەش. ئەوخواردنانەی دەولەمەندە بە ڤیتامین A وەكو سەوزە و میوە پرتەقاڵیەكان وەكو پەتاتەی شیرین و گێزەر و مانگۆ و قەیسی و قۆخ... ئەو خواردنانەی دەولەمەندە بە زینك وەكو چەرەساتەكان و دەنكی رووەكەكان و پاقلەمەنیەكان.
3. مادەی ئاسن : مادەی ئاسن كاتێك رێژەكەی كەمتر بێت لە رێژەی ئاسای و كاتێكیش زیاتر بێت لە رێژەی پێویست بە هەردوو شێوەكە ئەگەری هەوكردن لە لەشدا زیا دەكات.
4. ڤیتامین D : یەكێكە لە ڤیتامینەكان كە بۆ چالاككردنی بەرگری لەش زۆر پێویستە.
5. ڤیتامین (E) : خۆی یەكێكە لە دژە ئۆكسیدەكان.ئەمیش سەرچاوەی سەرەكی لە دەنكی گوڵەبەرۆژە و بندق و بادەم.
د. ئەسرا، ئاماژە بەو ئەو خواردنانە دەكات  كە بە پێی توێژینەوەكان دەركەوتووە كە كاریگەریان هەیە لەسەر بەرگری لەش:
* برۆكۆلی: دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی و ئەی و دژە ئۆكسیدی گلوتاپایۆن.
* قارچك: یەكێكە لە خواردنەكان كە بۆ زیاد كردنی بەرگری لەش لە زۆر توێژینەوەدا بەكارهاتووە.
* سیر : یەكێكە لە خواردنەكانی كە گرنگی زۆری هەیە لەسەر چالاككردنی Natural Killer Cell ە كان كە خانەی بەرگریكاری لەشن بۆیە پێویستە ئەم ماوەیە لە خواردنەكاندا زیاتر بەكاربێت.
* زەنجەبیل : یەكێكە لە خوارنەكان كە زۆر گرنگە بۆ زیادكردنی بەرگری لەش.
* شەربەتی هەنار: بۆ زیاد بوونی بەرگری دژی هەندێك بەكتریا و ڤایرۆۆس كاریگەری هەبووە لە توێژینەوەكانی پێشووتردا بۆیە رەنگە لە حالەتی كۆرۆناشدا كاریگەری هەبیت بە بەرز كردنەوەی بەرگری لەش.
* شووتی : بە هۆی دەوڵەمەندی بە دژە ئۆكسیدی گلوتاپایۆن بەرگری دەكات دژی هەوكردن، بەڵام باشترە بەشە سوورەكەی زیاتر بخورێت چونكە ئەو بەشەی دەولەمەندترە بەو مادەیە.
* شلیك و جۆرەكانی بێریەكانی تر كاریگەریان هەیە لەسەر زیادبوونی بەرگری لەش.
* چا: یەكێكە لە خواردنەوە زۆر دەوڵەمەندەكان بە دژە ئۆكسیدەكان (چای سەوز و چای رەش) بێگومان بێ شەكر بەكاربێت باشترە.