کوردستان

وەزیری تەندروستی: گەشتیار هەستیارترین بابەتە‌و دەبێت چاودێری ورد بكرێن

25/02/2020


وەزیری تەندروستی هەرێم، ئاشكرایدەكات، تائێستا هیچ حاڵەتێكی نەخۆشی كۆرۆنا لە هەرێم تۆمار نەكراوە، ئەوانەیشی دەگەڕێنەوە لە خاڵە سنورییەكان پشكنینیان بۆ دەكرێت، گەشتیاریشی بە بابەتێكی هەستیار ناوبرد. 
وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوە كرد، پانێڵی سەرەكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بو بە پرسی كۆرۆنا، لە ئێستادا ئەم ڤایرۆسە لە عێراق تۆماركراوە، هەرێمی كوردستانیش هەمو رێكارێكی گرنگی گرتوەتە بەر، تا ئێستایش هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە هەرێم نییە‌و 7 حاڵەتی گومانلێكراویش هەبون كە پشكنینەكانیان بۆ كراوە، پاشان رەوانەی بەغدا كراون، تا ئێستایش وەڵامی شەشیان هاتۆتەوە‌و  خۆشبەختانە هیچیان تووشی ڤایرۆسەكە نەبوون.
د. سامان بەرزنجی، وتیشی "لەگەڵ ئێران رێككاری پێویستمان گرتوەتەبەر، سەبارەت بە هاتن‌و رۆشتنی كەلوپەلیش، لەمەودوا رۆژانە زانیاری نوێ دەدەینە دامودەزگاكانی راگەیاندن، چونكە دیارە ئەم دۆخە شڵەژانێكی دەرونی لای هاوڵاتیان دروستكردوە، هەمو هەوڵێكیش دەدەین كە ئەو دۆخە كاریگەریی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان‌و بازاڕ دروستنەكات".
ناوبراو وتیشی "نزیكەی 2000 هاووڵاتی لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە لەژێر چاودێری پزیشكیدان‌و هەركەس لە ئێران بگەڕێتەوە دەخرێتە بەر چاودێری پزیشكییەوە، بەڵام پێویست بەم شڵەژانە ناكات‌و دۆخەكە ئارامە، دەزانین مانەوەی ئەو كەسانەی گەڕاونەتەوە هەرێم لەو كەرەنتینانەدا كەمێك سەختە، بەڵام ئەوە دەبێتە هۆی خۆپارێزی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان، لەئێستادا ئێمە دەگەڕێین بەدوای گومانلێكراودا، بۆ ئەوەی ئەگەر كەسێك نەخۆش بێت تێكەڵی كۆمەڵگە نەكرێت‌و تەشەنە نەكات".
د. سامان بەرزنجی، جەختدەكاتەوە، گەشتیار هەستیارترین بابەتە‌و دەبێت چاودێری ورد بكرێن.