ژوری بازرگانی سلێمانی: لە دەروازە سنورییەكانەوە تانكەری سوتەمەنی‌و بارهەڵگری خۆراكی دێنە هەرێم

کوردستان 25/02/2020

بەهۆی دەنگۆی داخستنی خاڵە سنوریەكانەوە، ئەزمەی سوتەمەنی‌و بەنزین‌و خۆراك سەری هەڵدا، بەڵام دواتر لایەنە پەیوەندیدارەكان‌و ژورە بازرگانییەكان ئەو هەواڵانەیان بە ناڕاست زانی‌و تەئكیدیان كردەوە كە لە خاڵە سنوریەكانەوە تانكەری سوتەمەنیەكان‌و بارهەڵگری  كاڵا خۆراكیەكان هاتوچۆ دەكەن.
سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی باس لەوە دەكات، سەرجەم  تانكەری سوتەمەنیەكان‌و بارهەڵگرە  كاڵا خۆراكیەكان لە دەروازە سنورییەكانەوە  دێنە ناو هەرێمی كوردستانەوە.
سیروان محەمەد، وتیشی "بڕیارەكە بەجۆرێك جێبەجێدەكرێت كە پشكنینی تەواو بۆ شۆفێرەكان دەكرێت‌و پاش دڵنیابونەوەیان ئەو كات بارەكە رەوانە دەكرێت بۆ ناو سلێمانی‌و تابارەكان بەتاڵبكرێن‌و پاشان دەگەڕێنەوە بۆ مەرز".
ناوبراو جەختدەكاتەوە، ئەو بڕیارە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە هەزار ‌و  ١٦٠  بارهەڵگر چاوەڕێی هاتنە ناوەوەن  هیچ گرفتێك لە هاوردەكردندا نیە، بڕیارەكەیش تا ٢/٢٨ بەردەوام دەبێت‌و لەدواتردا بڕیاری پێویست دەدرێت.