متمانەدان بە کابینەکەی عەللاوی دوا دەخرێت

ئابوری 23/02/2020

چاودێر

 

پەرلەمانی عێراق وادەی دەنگدان بە کابینە نوێکەی محەمەد تۆفیق عەللاوی دوا خست، ئەوە لە کاتێکدا وا بڕیار بوو سبەی دووشەممە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە کابینەکە بدات.

دانا جەزا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە: نەناردنی ناوی وەزیرەکانی کابینەکە پێش ٤٨ کاتژمێر بەر لە دانیشتنەکە و ناکۆکیی نێوان لایەنەکان و ڕێکنەکەوتنی پێکهاتەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی دواخستنی دانیشتنەکەی پەرلەمانن.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ تەنها سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەتوانن داوای کۆبونەوەی نائاسایی پەرلەمان بکەن و ئەوەندەی ئەوان ئاگادارن هیچ کام لەوانە داوایەکی لەو شێوەیەیان پێشکەش نەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا عادل عەبدولمەهدی بە هۆی ئەوەی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکارە ناتوانێت داوای کۆبونەوەی نائاسایی بکات.