ئـەی زەمـەنی ئاوانەبوو

ڕەخنەی چاودێر 23/02/2020

ئـەی زەمـەنی ئاوانەبوو


 تۆ جـوانتر لەوەی لەسەر شانی ئاسمان دانیشــی و
 مانگ لە خەرمانەی پرچتدا خۆی بشوات
 جوانتر لەو درەختەی
 ئەوەڵ ڕۆژەکانی پایز بە سەر بۆنی خاكدا دەوەرێت
جوانتر لەو خەندەقەی
 شاعیران لە گەلگامشەوە تا ئەدۆنیس بۆ جوانی لێ دەدەن
 پێم بڵێ بە نیشانەکانتەوە میھرەبانتر بووی یان ئێستا؟
 من سەنتەری گشت شارەکانی جیھانت بۆ دەگەڕێم
 لە نێو برینەکانی حەڵـەب
 نێو بەلەمە بەھەشتییەکانی ڤینیس
 جادە درەخشاوەکانی پاریس
کوچە بۆن خۆشەکانی ئەسینا
دەرمانخانەکانی سلێمانی و مەیدانە شلۆقەکانی تارانت بۆ وێڵم
 ئەی ژووانی من لەگەڵ ژینی ڕاستەقینە
ئەی زەمەنی ئاوا نەبوو...
 ئەی بەجێھڵراو لە چاڵەکانی عەشق
 لە ڕابردووی ئازاراوی خۆت
 لە شەوی بەدگومان
 لە ھەستانەوە لە ئازاری ئەبەدی پشت شیشەکانی دەروون
 لە زیندانی ئەزەلی بوون
 لە گریانی درەنگانی نێو نوێنە خاکیەکەت
کە ڕابردووت ھێندە خۆش دەویست بۆ ڕووە و ئایندە ڕۆشتی..؟ *


*دێڕە شیعرێکی ڕەزا بەراھەنیە

 مـــاجــد حـەسـەن
 پایزی دوو ھەزار و نۆزدە