دیداری مزەفەر نەواب لە سلێمانی بەڕێوەچوو

ڕاپۆرت 22/02/2020

ئەمڕۆ شەممە 22/2/2020 کاژێر (2)ى پاش نیوەڕۆ لە هۆڵى پرۆفیسۆر عیزەددین مستەفا رەسوڵ لە هۆڵی گراند ملینیۆم لە شارى سلێمانى، بە ئامادەبوانى ژمارەیەکى زۆر لە ئەدیب و نوسەران و مامۆستایانى زانکۆ و کەس و کار و هاوڕێیانى مزەفەر نەواب ، بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ دیدارێکى بۆ شاعیرى شۆڕشگێڕ (مزەفەر نەواب) لە ژێرناونیشانى (مزەفەر نەواب لە ویژدانماندا دەدرەوشێتەوە) ساز کرد.
لەسەرەتاى دیدارەکەدا هەمووان دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانى پاکى شەهیدان، داوتر وتارى بنکەى روناکبریى گەلاوێژ لەلایەن (د. ابتسام اسماعیل) خوێنداریەوە، لەسەرەتاى وتارەکەیدا وتى: "سوپاس بۆ ئامادەبونتان، سوپاس بۆ هەموو ئەو میوانانەى رێگەى دووریان بڕیوە بۆ هاتن بۆ ئێرە، چ لە شارەکانى ترى عێراق و چ لە دەرەوە. بەڕێز مام جەلال روحى شاد بێت کاتێک لە کۆشکى سەرۆکایەتى عێراق دەبێت پێشوازى لە شاعیرى گەورە (مزەفەر نەواب) دەکات و دەڵێت: "دەبێ شانازیت پێوە بکەین، میللەت دەبێ رێزت لێ بگرێت وەک هێمایەک بۆ داهێنان و خەبات، شیعرەکانت قوتابخانەن بەهاى شۆڕشگێڕانەى جوتیار و کرێکار و خوێندکار و سەرجەم توێژەکانى ترى گەل لەسەرى پەروەردە بوون".
دواتریش مەبەستى دیدارى نەواب بۆ ئامادەبوان رونکردەوە و ئاماژەى بۆ ئەوەى کرد، کە ئەمڕۆ جیاواز لە کۆڕ و دیدار و فێستیڤاڵەکانى ترى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ مێواندارى مێوانەکانى شاعیرى گەورەى عەرەب (مزەفەر نەواب) دەکەین، کە لەبیرەوەرى زۆرێک لە ئەدیبان و رۆشنبیران و سیاستەمەدارنى عەرەب و عێراق تەنانەت کوردیش وەک سمبولى شیعرى بەرگرى و شۆڕش... وەک داکۆکیکارێک لەمافە دیموکراسییەکان... ئەو وەک ئەستێرەیەکى پڕشنگدار دەردەکەوێ لە دنیاى شیعردا کەسایەتیەکە پێگەى خۆى چەسپاندووە لە دونیاى شیعرى میللى و شیعرى هەجو، زۆرێک لەهەواداران و شوێن کەوتووى هەیە، چ لە عێراق و چ لەدەرەوەى عێراق، تەنانەت برا پێشمەرگەکانیشمان لە شاخ رۆژانى خەبات شیعرەکانى ئەویان لەیاد نەکردووە و دەیانوتەوە.
هەروەک ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، کە پێشمەرگە و شەهید (دڵشاد مەریوانى) چەندین تێکستى ئەوى کردۆتە کوردى لەوانى شیعرى (پاکانە)، کە دواتر هونەرمەند و پێشمەرگەى کۆچکردوو (حەمە جەزا) بە مەقامێکى زۆر کاریگەر وتویەتى، هەروەها چەندین شاعیرى کوردى تریش وەرگێڕانیان بۆ شیعرەکانى کردووە.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا وتى: "ئەمڕۆ یادى ئەم شاعیرە دەکەینەوە، لەکاتێکدا خۆى نەیتوانى ئامادەبێت، بەداخەوە لەبەر خراپى رەوشى تەندروستى".
لە کۆتایشدا سوپاسى هەموو ئەوانەى کرد، کە هاوکار بوون لەسەرخستنى ئەم دیدارە... سوپاسى تایبەت بۆ بەڕێز کاک فارۆق مەلا مستەفا و کاک مەلا بەختیار کە زۆر خەمخۆرى ئەنجامدانى ئەم دیدارە بوون... سوپاسى زۆریشى بۆ میدیاکاران دەربڕى.
دواتر فارۆقى مەلا مستەفا وەک هاوڕێى مزەفەر نەواب وتەیەکى پێشکەش کرد و چەند یادەوەریەکى خۆى لەگەڵیدا گێڕایەوە، لەسەرەتاى وتارەکەیدا وتى: "دڵخۆشم کە بەوتارێکى کورت بەشدارم لە بۆنەى ڕێزگرتن لە شاعیرى نیشتمانى و گەورە و هاوڕێم مزەفەر نەواب. دیارە بەڕێزیان بەهۆى ڕەوشى تەندروستیەوە نەیتوانى لەم بۆنەیەدا بەشداربێ، قسە کردن لەسەر مزەفەر نەواب هەم زۆر هەڵدەگرێت هەمیش بەبەهاو چێژ بەخشە. ئەو شاعیر و ئەدیب و سیاسییەکى گەورەى مێژووى هاوچەرخى عێراقە.
شاعیرێکە لە لوتکەدایە و لەنێو عێراق و سوریا و لوبنان و میسر و لیبیا و چەندین وڵاتى تردا جەماوەرێکى زۆرى هەیە، لە گوێگرتن بۆ شیعرەکانى تێرنابین و چێژدەبینین نەک تەنها لە بەپێزى مانادا، کە سروشتێکى میللى هەیە و هەڵقوڵاوى دەربڕینى خەڵکن، هاوکات لە شیعرەکانیدا بیسەر هەستى شۆڕشگێڕى و هێزێکى سەیرى پێدەبەخشێت".
لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا ئاماژەى بۆ یادەوەرییەکانى لەگەڵ مزەفەر نەواب کرد و وتى: "لە سەردانێکمدا بۆ دیمەشق، وەختێ لەناوچەى گەڵاڵە مابوینەوە لەوێ بارەگا سەرەکییەکانى شۆڕشى ئەیلول  هەبوون، لەوێ چاوم کەوت بە تێکۆشەر مزەفەر نەواب، دواتر چەندین جار لە دیمەشق بۆ ئامانج و کارى حزبى یەکترمان بینى، ئەوکات ئێمە لە کۆتاییەکانى ساڵى 1973 دابووین، ئێمە هەردوکمان ئەندامى ناوچەى حزبى شیوعى عێراق بوین، چەندین جار لەگەڵ ئەودا لە دیمەشقەوە چووینە بەیروت و لەوێ چاومان بە ڕێکخراوە سیاسیەکانى فەڵەستین و لوبنانییەکان کەوت تاوەکو بتوانین زەمینەى پەیوەندى حزبى نێوانماندا درووست بکەین، بۆیە پەیوەندیمان بەهەموو رێکخراوە شۆڕشگێڕەکانى ئەو قۆناغەوە دەکرد".
لە کۆتایى وتارەکەشیدا ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، کاتێک کۆنگرەى دووەمى سەرکردایەتى ناوەندى بەسترا، مزەفەر نەواب چەند مانگێک لە کوردستان لەناو هاوڕێیانى مایەوە، لەوێ تێکەڵى کرێکار و جوتیار و کۆمەڵى کوردەوارى بوو، هەموو شەوانى ئەوێ بە شیعرى مزەفەر رازابویەوە. لەم کاتەدا رژێم رووبەروى تارنان و راوەدونانانى کردین، فۆڕمێکیان هێنابوو تا ئەستۆ پاکى بدەین، ئەو بەهەڵوێستى شۆڕشگێڕانەى خۆى ئەو فۆڕمەى دڕاندوو، ئێستاش ئەو شیعرە بەناوبانگەى بەناوى (پاکانە) ئاماژەیە بۆ ئەو هەڵوێستەى مزەفەر نەواب.
دوابەداوى وتارەکان فیلمێکى دۆکۆمێنتارى لەسەر ژیانى مزەفەر نەواب نمایشکرا، پاشان چەند تێکستێکى شیعرى شاعیر خوێندرایەوە، دواتر پانێڵی یەکەم پیًشکەشکرا، کە لەم پانێڵەدا (3) توێژینەوە پێشکەشکران بەم شێوەیە:
- پ. د. قاسم حسێن ساڵح: ریسواکاریی سێکسى لە شیعرە سیاسییەکانى مزەفەر نەوابدا
- د. عەمار عەبدولباقی سەفار ئەلمەرواتی: گێڕانەوە وەک پەناگەیەک.. نەوابیش دەبینێت
- غەزاى درع ئەلتائى: مزەفەر نەواب شاعیرى عیشق و رۆشنایى و ستران
دواتر ئاهەنگێکى موزیک و گۆرانى پێشکەش کرا، کە بەشێکى زۆرى شیعرەکانى نەواب کرابوون بە گۆرانى پێشکەشى ئامادەبوان کرا و دواتریش پانێلى دووەم و کۆتایى پێشکەش کرا کە تیایدا (3) پانێڵى دیکە پێشکەش کران.
- د. قەحتان جاسم جەواد: مزەفەر نەواب شاعیرى عیشق و شۆڕش و یاخیبوون
- د. سەعد حەسەنى: مزەفەر نەواب خاچى زمانى شیعرى
- کازم غەیلان: شۆڕش وەک کەلەپورو وەک هاوچەرخێتى لە شیعرى میللیى عەرەبیدا، مزەفەر نەواب بە نموونە
دواتر خەڵاتى رێزلێنان لەلایەن د. ابتسام اسماعیل پێشکەشى توێژەران کرا و کتێبێکیش بە دیارى بەسەر سەرجەم ئامادەبوان دابەشکرا، کە تایبەت بوو بە ژیان بەرهەمەکانى مزەفەر نەواب.
لە کۆتایدا بەڕێز مەلا بەختیار وتەیەکى کورتى پێشکەش کرد، ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، کە ئێستا شارەکانى عێراق بە قۆناغێکى مێژوویى شۆڕشگێڕانە تێدەپەڕێت، عێراق بە درێژایى مێژوو دیمەنێکى واى بەخۆوە نەبینیووە، شاعیرى گەورە مزەفەر نەواب لە بۆتەى ئەو روداوانە ژیاوە و تامەزۆرى ئەوە بوو لە عێراق ئەوە ببینێ، کە عێراق شۆڕش دەکات، رادەپەڕێت، بەداخەوە ئەمە لە کاتێکدایە کە نەواب نەخۆشە.