دووەم کۆبوونەوەی وەفدی دانوستانکاری هەرێم و عەللاوی بەڕێوە دەچێت
چاودێر
وا بڕیارە دووەم کۆبوونەوەی نێوان وەفدی دانوستانکاری هەرێم و محەمەد تۆفیق عەللاوی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەڕێوە بچێت.
دەرباز محەمەد، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی وەفدى لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە وەفدی هەرێم بۆ جاری دووەم لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی کۆ دەبێتەوە، لە کۆبوونەوەی یەکەمدا داواکاری و ڕاسپاردەی لایەنە کوردستانییەکان بە کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت گەیەندراوە و ئەم کۆبوونەوەیەش تەواوکاری کۆبوونەوەی یەکەمە.
ئاماژەى بەوە کرد، ئەجێندای کۆبونەوەکە پەیوەندیدارە بە میکانیزمەکان و چۆنێتیی بەرەوپێشبردنی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا و پشکی کورد و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستەی جوتیاران و ئەو پرسانەی پەیوەندیی بە خەڵکی کوردستانەوە هەیە.